دواین هەواڵ

سۆسیال میدیا و پێشکەوتن

‌سەرۆ قادر

13/07/2022

من دەمەوێ جارێکی دیکە باسێکى سۆسیال میدیا بکەمەوە . زۆر لە کەسە بێزارەکان پێیانوایە کە سۆسیال میدیا بەڵایەکى گەورەیە بۆ وڵاتى ئێمە هاتووە. پێویستە بزانین ئێمە میللەتێکین لەو میللەتانەی کە کەوتووینە ناو شاڕێی پێشکەوتن، سۆسیال میدیا  و میدیای گشتی(وەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆ) وەک کەرەستەکانى دیکەی پەیوەندى ئینسانین(وەک مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئایپاد و هتد) و هەر میدیا نییە ، هەر ڕاگەیاندن نییە بەڵکو کەرەسەێکى بەهێزى پەیوەندیشە بۆ ئەو میللەتانەى کە داخیلى قۆناغى نوێ بوون. قۆناغى نوێ قۆناغى مۆدێرنە کە بنەماکەى لەسەر ئەساسى زانستە.
یانى زانکۆکانى ئەم وڵاتە لە هەموو بووارەکانی ژیان پسپۆڕ پێدەگەێنن، خوێندەوارەکانن، میللەتێکى خوێندەوار وردە وردە دروست دەبێ و سەرەنجام حکومەتێکى باش دروست دەکەن و قانوونەکان زۆر ئینسانىتر دەبن . سۆسیال میدیا بەرهەمى ئەو کۆمەڵگایانەیە کە ئێستا هەموو دونیاى گرتۆتەوە . لە وڵاتى ئێمەشدا هەموو بووارەکانى میدیایى لە بوارى ئەنتەرنێتدا لە خزمەتى ئینساندان.

ئەدى لە کوێ بێزارى هەیە؟ لەو شوێنە کە بەشێکى زۆر لە میللەتى ئێمە تەماى وایە کە لە تێگەیشتنی گوندی بمێنێتەوە، مەبەستم ئەوەیە کە لە فەرهەنگ و ژیانى گوندى و خێڵەکى بمێنیتەوە، ئەوەى کە پێی دەوترێت کۆمەڵگاى تەقلیدى و کۆمەڵگاى ترادیشناڵ، کۆمەڵگاىەک کە لەسەر بنەمای چیرۆک و خوڕافە و بابم واى گوت و عەشیرەتى من واى گوت و فڵان پیاوە گەورەمان واى وت، بەڵام قەت بیر لەوە ناکاتەوە فڵان زانا، فڵان زانکۆ چى گوتووە و لێکۆڵینەوەکانی زانستی چییە !

لە کۆمەڵگاى تەقلیدا کاتێک کە سیستەمى عەشایرى و سیستەمى عایلەیى توندى دەستو پێگر زاڵ بێت، سیستەمى هەر ناوچە  بەرژەوەندى و فەرهەنگى خۆى هەبێ! رێگە بە پێشکەوتنى ئینسان نادات بە تایبەتى رێگە بە کرانەوەى کۆمەڵایەتی نادات لە ناو کرانەوەى کۆمەڵایەتیدا رێگە بەوە نادات ژن دەورى خۆیان ببینن.
پێکهاتەکانى دیکە بێنە پێشەوە پێکهاتەکانى میلى دیکەش بێنە پێشەوە یانى ئەوانەى کە پەراوێز خراون بە سۆسیال میدیا دەنگیان بەرز دەبێتەوە. ئەو دەنگ بەرزبوونەوە کە ئینسان دەنگ بەرز دەکاتەوە، هەموو جارێ من مۆدیلیک یان تەسەوورێکى بچووک دێنمەوە لە شارەکانى خۆمان یان گەڕەکەکانى پێش سى ساڵ بە جۆرێکی سوننەتی هەبوو.
لە هەموو گەڕەکێکدا خەڵکى خوێندەوار و نەخوێندەوار هەبوون سۆسیال میدیا نەبوو خەلک دەبوایە هەموو رۆژێ یەکتر ببینێ و لە گەرەک کۆدەبوونەوە و لە بەردەگا لە یەکتریان دەپرسى، شەو دەبوایە بچێتە چایخانە، بچێتە دیوەخانان، ئیش زۆر نەبوو، رۆژ ئەگەر وەختێک کەمێک ئیش هەبووبێ بەشەکەى دیکە خەڵک بێ ئیش بوون، چاوەڕوانی ژیان زۆر زۆر کەم بوو، ئاستی ژیان و شێوازەکەى وەکو ئێستا پڕ بەرنامە نەبوو ، وە سەرچاوەکانى زانیارى زۆر کەم بوون . ئینسان دەبێ بۆ ماوەێک بچێتە شوێنیک کە بزانێ دونیا چ باسە ئێستا هەموو ئەوانە بە لاوە و تۆ لە مۆبایلەکەى خۆت، ئاگات نەک هەر لە شارەکەى خۆت لە وڵاتەکەت و لە هەموو دونیاش.
کوێی دونیات بتهەوێت ئەتوانى بیزانى چ باسە.

لە گەڕەکدا خەڵک کە زەمى یەکتریان دەکرد یان هاوکارى یەکتریان دەکرد یان سەردانى یەکتریان دەکرد یانى ئەوەى پێدەوترێت بەشدارى گەڕەک بەیەکەوە  هەبوو، دەنگى جیاجیات گوێ لێ دەبوو.
دەنگى خەشنت گوێ لێ دەبوو دەنگى بوختانت گوێ لێ دەبوو دەنگى شەڕت گوێ لێ دەبوو، بە تاکید هەموو ئەوانە لە سۆسیال میدیادا هەنە. ئەگەر بە ئەخلاق و فەرهەنگێکی تەقلیدى بمێنیەوە ڕاگەیاندنى ئێستا هەمووى بەڵایە هەر بۆیەش دەبینى لە پڕێکرا لە ناو عایلەکان دەست لە خوێنى یەکتر دەنێن، باب و برا و کەسەکان  ژنەکان دەکوژن لە سەر ئەوەى لە سۆسیال میدیا وێنەیەکى بڵاو کردۆتەوە یان قسەیەکى کردووە یان تەعبیر لە رایەکى خۆى کردووە.
کۆمەڵگاى ئێمەش وەکو هەموو دونیا بە جوڵە کەوتووە . کەسێک کە ئەو سەرچاوە باشانەى هەبێت ئەو هەموو زانیاریەی پێبگات حەتمەن قسەێک هەر دەکات تەبیعەتى ئینسان وایە کاتێ کە زانیارى زۆر دەبێ، راى زۆر دەبێ . بۆیە دەبێ هەڵوەستەیەکی عاقڵانە بکەن و خۆتان لەگەڵ دونیای نوێ بگونجێنن کە زۆر لە دونیای کۆن خۆشتر و مرۆڤانەترە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP