دواین هەواڵ

کابینەی نۆیەم لە نێوان شکست و سەرکەوتندا

‌ئەژی کاروان

26/06/2022

هەندێجار گوێمان لە فیگەرەکانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکانی ناڕازی دەبێت، بەدڵگەرمییەوە بۆ بزواندنی هەستی خەڵک باس لەوە دەکەن کەکابینەی نۆیەم شکستیهێناوە، هەندێکی تریان زیاتر لەوەش دەڕۆن، بەبێ دیراسەیەکی ورد و تەنیا بەهەندێ گرفتی رۆژانە تەرویج بەم بابەتە دەدەن، بێ ئاگا لەوەی حوکمدان لەم بابەتە کاری ورد و دیراسەی قوڵی دەوێت، نەک ویست و ئارەزووی کەسەکە و بەرژەوەندییەکانی.

خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بەدیراسە و لێوردبونەوەی زۆر هەیە، بۆیە ئێمە لێرەدا وەک سەرە قەڵەمێکی چەند سەرەنجێک لەو بارەیەوە تۆمار دەکەین، چونکە کارێکی ئاسان نییە.

هەرچەندە کابینەی نۆیەم میراتگری 30 ساڵ حوکمڕانی کوردییە، بۆیە کاتێ دەمانەوێت هەڵسەنگاندن بکەین دەبێت ڕەچاوی ئەو خاڵە بکەین، بەشێکیش لەقەیران و کێشەکان هی کابینەکانی پێشترە.
وێڕای ئەوەی کابینەی نۆیەم بەکابینەیەکی چاکسازیی ناسرا، بەڵام کابینەیەکی خزمەتگوزاریش بوو، بەجۆرێک سەرەڕای هەموو قەیرانەکان، یان ئەم ناوچەیە کە ناوچەیەکی پڕقەیرانە، بەڵام پرۆژەکان هەر بەردەوامبوون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کەکابینەکە نایەوێت خۆی رادەستی قەیران بکات و تەسلیم بێت، بەڵکو لەهەموو حاڵەتەکان ئەگەر هەڵسەنگاندێکی ورد بکەین، بەرەچاوکردنی قەیرانە جیهانییەکان وەک کۆرۆنا و فشارە دەرەکییەکان بەحکومەتی عێراقیشەوە، دەگەینە ئەو قەناعەتەی حکومەتی هەرێم نەک شکستی نەخواردووە، بەڵکو سەرکەوتوو بووە و هەنگاوی گەورەی ناوە، ئەوەش بەر لەهەرکەسێ بۆ شەخسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کەخاوەن کەسایەتیەکی بەهێز و ئەزمونێکی وردی دەوڵەتدارییە.

پێش هەموو شت دەبێ دان بەوەدابنێین، کەکابینەی نۆیەم لەرووی شەفافیەتەوە تاڕادەیەکی زۆر شەفاف بووە بەڕادەیەک چ خودی سەرۆک وەزیران و چ گوتەبێژی حکومەت و چ وەزیرەکان زۆرترین ئامادەییان هەبووە لە میدیادا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسان و خەڵکیشیان داوەتەوە.

لەلایەکی تریشەوە زۆرترین هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەڵ پەرلەماندا هەبووە، چونەتە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران، ئەمە جگە لەوەڵامی پرسیارەکان بەنوسراو و یان بەشدارییان لەکۆبونەوەی لیژنەکاندا، کە ئەمانە هەموو خاڵی گرنگن لە شەفافییەت.

بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری
کابینەی نۆیەم وەک لەکارنامەکەیدا هاتووە، کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی ئابوری بەهێز دەکات، بەڵام وەک سەرۆک وەزیران لەکۆبونەوەی لەگەڵ رۆژنامەنوساندا گوتی،  ژێرخانی ئابوری کاتی دەوێت و تەلارێک نییە دیاربێت بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بەکاتە، چونکە گرنگترین شت بۆ بەهێزبونی وڵات، ژێرخانی ئابوری بەهێزە، کەئێستا هەندێ لە ئاماژەکانی دەرکەوتووە، وەک کارکردن و پرۆژەگەلێکی زۆر لەبواری کشتوکاڵدا، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا تەنیا پشت بەنەوت و سامانی سروشتی نەبەستێت.

لەم رووەشەوە دروستکردنی سایلۆکان و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەنرخی هاوتای بەغدا و دروستکردنی چەندین کۆگا و کارگەی نیشتیمانی وبەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنا، بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆراک پارێزراوبێت، کە بەشێکی گرنگە لەژێرخانی ئابوری بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا، کەپێشتر فشارەکان دەوروبەر و داخستنی سنور مەترسییان لەسەر دروست دەکردین، بەڵام ئێستا لە هەموو وەرزەکاندا بازاڕەکان پڕدەبن لەبەرهەمی ناوخۆ.

لەلایەکی ترەوە ئەمنیەت و سەلامەتی هاوڵاتیان بنەمایەکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەییە، هەرێمی کوردستان نەک هەر ئاسایش بەرقەرارە، بەڵکو بووەتە پەناگەیەک بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاکانی تری عێراق و سوریاش لەشەڕی داعشیشدا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە ڕووی لەهەرێمی کوردستان کردبوو، ئێستاش زۆرینەی ئەو ئاوارانە هەر ماونەتەوە لەهەرێم.

زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی
یەکێک لە مەرجەکانی حکومەتی سەرکەوتوو، یان خاوەن ئابوری بەهێز ئەو حکومەتەیە کە داهاتی زیاتر بێت لەخەرجییەکانی، چونکە ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت، ئەوە ئەو حکومەتە یان ئەو دەوڵەتە دەکەوێتەژێر باری قەرزەوە، قەرزیش لێکەوتەی خراپی لەسەر وڵات دەبێت هەتا ئاستی ژێردەستەی، لەو دۆخە سەختەی ئابوری کەکوردستان و جیهانی پێدا تێپەردەبێت، حکومەتی هەرێم هاوشێوەی کابینەکانی پێشوو پەنای بۆ قەرز نەبرد.

یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهات لە کوردستاندا نەوتە، لەپرسی چاکسازیدا لە کەرتی نەوتدا، داهاتی نەوت لەسەدا 25ەوە بۆ لەسەدا 41 زیادیکردووە، ئەوەش دوای کۆبونەوەی بەرپرسانی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و پێداچوونەوە بەهەندێ لە گرێبەستەکاندابووە.

لەداهاتەکانی تری کوردستان ئەو مینحەیەی بەغدا بوو کەبەپێی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبوو، مانگانە 200 ملیار دیناری بناردایە، بەڵام لەماوەی 29 مانگی کابینەی نۆدا، تەنیا 13 مانگ ئەو مینحەیە هاتووە، جارێکیان مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە وتی "خۆ ئێمە سواڵکەرنین هەموو مانگێک بچینە بەردەرگای بەغدا بۆ 200 ملیار دینار".

خۆشبەختانە ئێستا بەبێ مینحەکەی بەغدا، مانگانە لەکاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕین موچە دابەش دەکرێت، ئەوەش دەرخەری بەرنامە و پلانی حکومەتی هەرێمە، کە داهاتی نەوت و نانەوتی بەڕادەیەک زیادکردووە، ئەوە جگە لە بەردەوامی پرۆژەکان.

بەکۆی گشتی داهاتی حکومەتی هەرێم، لەوانەش داهاتە نانەوتییەکان لەدەروازە سنورییەکان سێ بەرامبەر زیادییان کردووە، لەساڵی 2016دا داهات 563 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لەساڵی 2021 دا گەیشتووەتە ملیارێک و 690 ملیۆن دینار.
ئەوە لەکاتێکدایە خەرجی حکومەت لە 200 ملیۆن دۆلار کەم کراوەتەوە بۆ 70 ملیۆن دۆلار.
بێگومان زیادکەدنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی وردەکاری زۆری هەیە، بەڵام لەم گوتارەدا ئەوەندەبەسە، با ئەویتری بمێنێ بۆ بابەتەکانی داهاتوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP