دواین هەواڵ

پەیامەکانی پشت کاتیۆشابارانی داناغاز

‌رێبوار محمد ئەمین

25/06/2022

ململانێی سەلماندنی ماف لەدوای پەسەندکردنی دەستوری هەمیشە عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ وە لەنێوان کوردو بەغداد دەستی پێکرد.

لەلایەک بەغداد بەهەمان عەقڵێت و باگراوندی ڕژێمی بەعسی فاشی مامەڵەی لەگەڵ کورد کردوە دەیوست دەستور جێبەجێ نەکات و مافی کورد لەهاوبەشی ڕاستەقینە، هاوسەنگی و وەکویەکی نەسەلمێنێت و بەکرداریش ئەوەی کرد کەویستی لە دۆسێی مادەی ١٤٠، نەوت وگاز، ئەنجومەنی فیدراڵی، دەستە سەربەخۆکان، سوپای عێراق، ئاڵای عێراق ...هتد.

لەلایەکی ترەوە کورد لەهەوڵی جێبەجێکردنی دەستور بوو، بەڵام ئەنجامی نەبوو، لەدیباجەی دەستورشدا هاتووە کە جێبەجێکردنی دەستور دەستەبەری یەک پارچەی خاکی عێراقە، لێرەدا بەغداد دەستوری جێبەجێ نەکرد و بەرپرسی یەکەمی ئەم دۆخەیە .

کورد بەناچاری یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ ی دەرکرد دوای نائومێدبوونی کەبەغداد نایەوێت مافی کورد لەوزە بسەلمێنێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی کورد بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەستور لەبواری وزە وەک مافی ڕەوای نەتەوەی کورد، ڕاستەوخۆ حکومەتی بەغداد کەوتە دژایەتی و ململانێ و هەرجارەی بەشێوەیەک .

بەڵام کورد توانی لەیاسای بوودجەی ساڵەکانی ٢٠١٩٫٢٠٢٠٫٢٠٢١ بەبەغدادی بسەلمێنێت کە پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستوری و یاسایی یە و بەغداد لەیاسای بودجەدا پەسەندی کرد.

لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕێکەوتی ١٥/٢/٢٠٢٢ دۆخێکی نوێ هاتە ئاراوە و ململانێکە چووە دۆخێکی توندەوە، بەڵام بەهۆی نادەستوری بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەت و وەزارەتی نەوتی عێراق نەیانتوانی پەنا بۆدەستور ببەن و بەدەستور چارەسەری کێشەکە بکەن چونکە لەبەرژەوەندی کورد دەشکایەوە ئەنجامەکەی بەجێبەجێکردنی دەستور و سەلماندنی مافی هاوبەشی ڕاستەقینەی کورد دەشکایەوە هەر بۆیە پەنایان بۆ دەستور نەبرد کەوتنە پیلانگێڕی بە ئاوازی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و بەم هەنگاوانە دەستیان پێکرد:-

یەکەم ـ سەرەتا بەنوسراو دەستیان پێکرد و داوای خۆڕادەستکردنیان لەکورد کرد بەڵام ئەنجامی نەبوو.

دووەم ـ پەنایان بۆ وڵاتانی دەرەوەبرد ئەنجامی نەبوو.

سێ یەم ـ سکاڵایان تۆمارکرد لەبەغداد ئەنجامی نەبوو.

چوارەم ـ کەوتنە هەڕەشە لەکۆمپانیاکان بەوەی دەیان خەنە لیستی ڕەشەوە ئەوەئەنجامەی نەبوو بەدڵی خۆیان.

پێنجەم ـ دواهەنگاویان کە لەهەموو هەنگاوەکانی پێشوویان شکستیان خواردوە ئێستا بە کاتیۆشاباران وهەڕەشەی سەربازی دەیانەوێت کورد دۆسێی نەوتیان ڕادەست بکات دڵنیام لەمەش شکست دێنن چونکە تەنها چارەسەر دەستورە.

دۆخی عێراق لەلێواری مەترسی گەورەدایە و نازانرێت هەنگاوی دوای کشانەوەی سەدریەکان چی دەبێت و پێشبینی کراوە ئەگەر سەدر بێتەوە مەیدان جارێکی تر دۆخی سیاسی عێراق تێک دەچێت بەهۆی خۆپیشاندان و هەوڵی ڕووخانی حکومەتی داهاتوو.

حکومەتی نوێی عێراق بەبێ بەشداری کورد دانامەزرێت و پێویستی بەپشتیوانی کوردە ئەگەر کاتیۆشاکان بەردەوام بن ئەوا ئاماژەکان ئەوەدەگەیەنن کوردیش پاشەکشەبکات چونکە ناکرێت لەلایەک جەنگ ولەلایەک پێکەوەحکوم ڕانی.

ئەنجام

دەبێت کورد خۆڕاگربێت لەگەڵ ئەم دۆخەنوێ یەدا و ئەمەش نیشانەی شکستی بەغدایە کەباوەڕی بە مافی دەستوری نەتەوەی کورد نی یەودەیەوێت بە هێز ئەوەیشی لای کوردە وەریگرێتەوە بەڵام دۆخەکە ئەوەقبۆڵ ناکات جارێکی تر حکومەتێکی مەرکەزی دیکتاتۆری لەبەغداد هەبێت چونکە لەبەرژەوەیندی هیچ لایەک نی یەو پێویستە کورد لەناوخۆ یەکڕیزبێت و لەبەغداد داوای چارەسەری دەستوری بکات ،لەدەرەوەش هەوڵی پشتیوانی بدات .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP