دواین هەواڵ

دۆخی سیاسی عیراق بەرەو كوێ‌؟

‌بورهان شێخ رەوف

23/06/2022

عیراق بۆ ماوەی 19 ساڵە دوای «پرۆسەی ئازادکردنی عیراق» یان ئەوەی لە باشوور پێی دەڵێن «داگیرکردنی عیراق»ەوە لەجیاتی ئەوەی هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت لەسەر هەموو ئاستە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاوەدانییەكان رۆژ لە دوای رۆژ پاشەكشەدەكات، هەمووشی بەهۆی ئەوەی لەلایەك ململانێی‌ نێوان حزبەکان و سەركردە سیاسییەكان بە رەوا و ناڕەواوە و دواتریش ململانێ‌ ئایینی و مەزهەبییەكان نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانەوە و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی دەستوەردانە دەرەكییە بەردەوامەكانی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیشەوە هێندەی تر دۆخی سیاسیی عیراق بە ناجێگیریی و ناڕۆشنی ماوەتەوە و دوای 19 ساڵ هێشتا لە بازنەیەكی بۆشدا دەسووڕێتەوە و تروسكاییەك نییە بۆ قوتاربوون لەو چەقبەستووییە.

دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە هەڵبژاردن

دوای زیاتر لە 8 مانگ لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی 2021، هێشتا نەتوانراوە ئۆرگانە سەرەكییەكانی حوكمڕانی هەڵببژێردرێن و عیراق ببێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێز و دەستبەكار، بۆ ئەوەی لەو چەقبەستووییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییە رزگار ببێت. 

هەموو ئەم ململانێیانەش كورتكراونەتەوە لە ململانێ‌ كەسییە((كۆن و نوێ))كانی نێوان دوو بەرەی تێکەڵ بە پێکهاتەی جیاجیا، كە هیچ كامیان بە دەسەڵات و نفوزی ئەوی دیکە رازی نییە و تەنانەت نەک نەیانتوانیوە نێو ماڵی شیعە رێکبخەن، بەڵکو كەرت و پەرتیان كردووە و تەواوی عیراقیشیان گیرۆدەی دۆخێكی سیاسیی ناڕۆشن کردووە.
سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی هەشت مانگی رابردوو، تائێستا نەتوانراوە ئەو چەقبەستووییە سیاسییە تێكبشكێنرێت، هەرچەندە لە هەردوولاوە پەنایان بردە بەر دەستشكاندنەوە و مل بادانی یەكتری، بە پێكەوەنانی  بەرە و چوارچێوەی دژبەیەك بۆ ئەوەی بتوانن جێپێی خۆیان قایم بکەن بە ناوی دروستكردنی زۆرینەی پەرلەمانییەوە، بەڵام دوای ئەو هەموو ئەو ململانێیە هیچیان نەیانتوانی.

دوای بێ هیوا بوونی کوتلەی سەدر لە دەرچوون و سەركەوتن و گەیشتن بە بەرنامە و خواستەكانی لە پێكەوەنانی «حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانیی» گوایە  سەربەخۆی نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاوایی، بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی 73 ئەندام پەرلەمانەكەیدا و كشانەوەی لە تەواوی جومگە و پلە و پۆستە حكومیەكانیش راگەیاند.

لەلایەك ئەم هەڵوێستەی موقتەدا سەدر بۆتە هۆی شڵەژانی زیاتری دۆخی سیاسی و سەرهەڵدانی گریمانەی نوێ‌ بۆ ئایندە، لەوانە گریمانەی كودەتای سەربازی و شەڕی میلیشیایی ناوخۆیی و ئاژاوە و بێسەروبەری و هەڵبژاردنێكی نوێی پەرلەمانی و دواتریش نەمانی ئەوەی پێی دەوترێت نەزم و یاسا و دەستوور و دەوڵەت، كە هەموو ئەمانەش لە بەرژەوەندیی عیراق و عیراقییەكان نییە، ئەگەرچی ئەوە ئەگەرێکی دوورە کە وڵاتانی ناوچەكە و کۆمەڵی نێودەوڵەتیش لێگەڕێن كە عیراق بەو ئاراستەیەدا هەنگاو بنێت.

لێکەوتەکانی کشانەوەکە 

لەلایەكی دیکەشەوە کشانەوەکە بووە هۆی هەڵوەشانەوەی بەرەی رزگاری نیشتیمانی 3 قۆڵی و هەردوو هاوپەیمانەكەی خستە دۆخێكی ئیحراجییەوە كە لە نیوەی رێگادا بەجێیهێشتن. 

لەلایەكی تریشەوە وەك دەڵێن دەستی چوارچێوەی هەماهەنگی كردەوە و دەروازە گەلێكی فراوانی  خستە بەردەمیان بۆئەوەی بتوانن حكومەتی نوێ‌ پێكبێنن، بە مەرجێك شوێنگرەوەكانی پەرلەمانتارەکانی کوتلەی سەدر لە خەڵكانی سەربەخۆ و چوارچێوەی هەماهەنگی بن، بۆ ئەوەی بتوانن زۆررینەی ناو پەرلەمان پێكبێنن، ئەگەرنا ئەوا كارەكە هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی كەوتوونەتە خۆ بۆ دانوستاندن لەگەڵ هەموان، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە نادیار و لێڵ و نوێیە و رایانگەیاندووە لەدوای جەژنی قوربانەوە هەوڵەكانیان گەرموگوڕتر دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە.

حکومەتی بێ سەدرییەکان سەرکەوتوو دەبێت؟

 ئایا ئەو حكومەتەی بەبێ‌ سەدرییەكان پێكبێت دەتوانێت لەبەردەم گوشارە جەماوەرییەكانی ئەواندا تاسەر خۆڕابگرێت؟ ئایا لەگەڵ ئەو هەموو دەستكەوت و داهاتە زۆروزەوەندەی نەوتی ئەم چەند مانگەدا كە حكومەتی عیراق دەستیكەوتووە، دەتوانێت خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ هاووڵاتیان دابینبكات، كە مەرجی هێوربوونەوەی جەماوەری تووڕە و سەركەوتنی حكومەتەكەشە؟

بۆیە گرنگە هێز و سەركردە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر بە وردی و وریاییەوە لە هەنگاوە چاوەڕواننەكراوەكانی سەدر بڕوانن و بەكەمی نەزانن، رەنگە تەپكەیەكی سیاسی بێت بۆ تێكەوتنی ئەو حكومەتەی ئایندە، چونكە سەدرییەكان بەئاسانی توانای جووڵاندنی شەقامی تووڕەی عیراقیان هەیە، لەكاتێكدا بۆخۆی كەشوهەوا سیاسییەكە پاڵنەر و یارمەتیدەرە بۆ لێكهەڵوەشان و قڵپبوونەوەی دۆخەکە، بەتایبەتیش ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی بیر لەوە بكەنەوە جارێكی تر نوری مالكی بكەنەوە بە سەرۆك وەزیران، چونكە هێندەی تر بەنزین بەسەر ئاگری تووڕە و قینی كۆن و نوێی سەدر و شوێنکەوتوەکانیدا دەكات و چی لەدەست بێت بۆ شكستپێهێنانی حکومەتێکی لەو جۆرە  درێغی ناکات.

دانشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران

هەرچەندە ئەوان هەردووكیان تاقیكراونەتەوە لە هەڵوێست و گوتار و كرداریاندا لە كاتی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشیاندا و ئامادە نەبوون مل بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە بودجە و کەیسی هێزی پێشمەرگە و مادەی 140ی دەستوور و هەمواركردنەوەی دەستوور و پشتگیركردن لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و...هتد. 

نێو ماڵی کورد

بۆیە سەرەتا وەكو كورد دەبێت نێوماڵی خۆی رێكبخاتەوە و یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بێت و نەچێتە ناو هاوپەیمانی و بەرەی نە شیعەكان و نە سوننەكانەوە و تەنها و تەنها پێكەوە و بە یەكگرتوویی نێوماڵی خۆیان پتەو بكەنەوە و پێدابگرن لەسەر ماف و ئیستیحقاقە دەستوورییەكانی كورد و لێگەڕێن بۆ ئەوان كێشە و ململانێكانی نێو خۆیان دوور لە كورد چارەسەر بكەن.

بە پێچەوانەوە هێندەی تر نێو ماڵی كورد پەرتەوازە و لەیەکتریی دوور دەكەوێتەوە. هەر بەمەش دەتوانرێت عیراق لەم دۆخە قەتیس و ناجێگیر و ناڕوونە سیاسییەی ئێستا  دەربازبكرێت، كوردیش ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، ئەگەر نا ئایندەی عیراق  دەکەوێتە بەر مەترسیی لێكهەڵوەشان و نەمانەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP