دواین هەواڵ

دەركەوتنی ڕوواڵەتی گۆڕانكارییەكان لە ڕەوشی نێودەوڵەتیدا

‌كاوە محمود

22/06/2022

هیچ شتێك لەم جیهاندا لە حاڵەتی نەگۆڕ و چەقبەستوودا نامێنێت، و جوڵە و گۆڕان ڕەهایە و متبوون و سستی و ڕاوەستان ڕێژەییە، و لە هیچ كاتێكدا لە هەمان ڕووبار ناپەڕینەوە، چونكە ئاوی ڕووبارەكە لە جوڵەدایە.

ئەم ئاراستەیە كە تا ئێستا بەشێكە لە دیدێكی دیالكتیكیانە بۆ مێژوو و بۆ ئێستا و ئایندە، بواری ڕەوشی جیهان و ئاستی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە كە لە هەلومەرجی ئێستادا ڕوواڵەتی گۆڕانكارییەكان لە بازنەیەكی چلۆنایەتی سەرەتاتكێ دەكات.

بە مەبەستی ئاماژەكردن بۆ ئەم ئاراستەیە، بە پێویستی دەزانم كە سەرنجی خوێنەر بۆ چالاكییەكی سیاسی ـ ئابووری جیهانی، ڕابكێشم كە بیستوپێنجەمین كۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سانت پۆترسبرگە كە لە 15 تا 18ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەسترا.

تەمەنی ئەم كۆڕبەندە ئابوورییە بۆ ساڵی 1997 دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 2005وە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆكی ڕوسیا ڕێكدەخرێت، و ڕووداوێكی بەرچاو لە بواری جیهانی ئابووری و وەبەرهێنان بووە پاش كۆڕبەندی داڤۆس.

هەرچەندە سیاسەت و ئابووری بەردەوام لە یەكتر جیا ناكرێتەوە، بەڵام ئاراستە و پەیامە سیاسییەكان لە دووایین كۆڕبەندا بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕەوشی نوێی جیهانەوە هەیە، زۆر بە ڕوونی دەركەوتن.

ئەم ئاراستە سیاسییە بەرچاوە و زەقە لە دوو چالاكی كۆڕبەندەكەدا دەركەوت. یەكەمیان: گوتاری سەرۆك پوتین كە بەرنامەیەكی ئابووری ـ سیاسی نوێی بە وردەكارییەوە سەبارەت بە ڕەوشی ڕووسیای خستە ڕوو. بەرنامەیەك نەك تەنیا پسپۆڕان و كەسانی تایبەتمەند لەم بوارەدا ئامادەیان كردبێت و ئەركی سەرۆك پوتین تەنیا خوێندنەوەی بووبێت، بەڵكو خودی خۆی لە وردەكاری دانانی ئەو بەرنامەیە بەشدار بووە.

دووەمیان: ئەو چاوپێكەوتنەیە كە بەڕێوەبەری كەناڵی RT لەگەڵ سەرۆكی ڕووسیا و سەرۆكی تاجیكستان ئەنجامی دا.

لە سەرجەم بەرنامە ئابوورییەكەی سەرۆك پوتین و ئاخافتنەكانی لە دیدارەكەدا كۆمەڵێك بۆچوون خرانە ڕوو كە بێگومان ناكرێ بە دابڕان لە شەڕ لە ئۆكرانیا تەماشا بكرێت.
خاڵە سەرەكییەكانی بۆچوونەكان لەم پوختەی خوارەوەدا دەردەكەوێت:

ـ جیهان لەم هەلومەرجەدا وەكو جاران نەماوە، و بەشێك لە هۆكارەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمریكا لە شەڕی سارددا سەركەوتنی خۆی ڕاگەیاند و پێی وابوو بەرژەوەندییەكانی لە جیهاندا پیرۆزن، و سەرتاپای جیهان لە لایەن ئەوەوە كۆلۆنیالكراوە، و ئێستاش گەمەكە بە ئاراستەیەكی دیكەدا دەڕوات، و لەم هەلومەرجەدا جیهان سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت.

ـ ئەو باوەڕەی كە بە دراوە جیهانییەكانی پێشتر هەبوو كە مەبەستی دۆلارە بەسەرچووە، و سەرەڕای هەموو سزا ئابوورییەكان رۆبل نەڕووخا، و رێژەی سوود بۆ 7% لە بانكەكاندا كەم دەكەینەوە.

ـ پشتبەستن بە ئابووری ناوخۆ و وەبەرهێنانی هەلە نوێیەكان كە ئابووری ناوخۆیی پتەو دەكات و پشتی پێدەبەستێت.

ـ یەكێتی ئەوروپا سەروەری خۆی لە دەستداوە و بۆتە پاشكۆیەكی سیاسەتەكانی ئەمریكا.

ـ سزا ئابوورییەكان بە سەر ڕووسیا نێگەتیڤانە بە سەر ئابووری جیهان و خودی ئابووری یەكێتی ئەوروپا كارتێكردنی خۆی جێ دەهێڵێت، و زیانەكانی ئەو سزا ئابوورییە بە سەر ئابووری یەكێتی ئەوروپا گەیشتووەتە 400 ملیار دۆلار، بەڵام بە سیاسەتی ئابووری نوێ ڕووسیا لە سزاكان دەرباز دەبێت، بودجە لە 2022دا 51 ملیار دۆلار لەوەی كە هەیە زیاتر دەبێت، و ڕووسا خۆی لە جیهان دانابڕێت و بەشێكی زۆری جیهان بەو سزایانە قایل نییە.

ـ هەڵئاوسانی ئابووری لە ناوچەی یۆرۆ گەیشتۆتە 20%.

ـ شاردنەوەی پەین لە لایەن ئەمریكاوە بۆتە هۆی درووستبوونی قەیرانی خۆراك لە جیهاندا.

سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆی هەردوو سەرۆكی ڕووسیا و تاجیكستان لە كۆمەڵێك خاڵ هاوڕای یەكتر بوون، و بەڵام لە هەندێ خاڵی دیكە بۆچوونی سیاسی جیاوازیان هەبوو، لەوانە كاتێك بەڕێوەبەری كەناڵی RT پرسیاری سەبارەت بە سەربەخۆیی دونباس كردـ سەرۆك پوتین باسی ئەوەی كرد كە ئەو سەربەخۆییە ڕەزامەندی حكوومەتی ناوەند واتە ئۆكرانیای ناوێ و پێشتر لە كۆسۆڤۆ بە هەمان شێوە سەربەخۆیی ئەنجام درا، لە كاتێكدا سەرۆكی تاجیكستان لەگەڵ سەربەخۆیی ئەو وڵاتانە نییە و ئامادە نییە دانی پێدا بنێت.
لە تێكڕای ئەو دوو بابەتەی كە ئاماژەمان بە هەندێ خاڵە سەرەكییەكانی كرد ئەم دەرئەنجامە دەخەمە ڕوو:

1ـ ململانێیەكان لە سەر ئاستی جیهاندا تەنیا لە چوارچێوەی باكوری دەوڵەمەند و باشوری هەژاردا نەماوە، و بەڵكە باشور و ڕۆژهەڵات خۆیان لە جۆرێك هاوپەیمانی نوێ دەبیننەوە.

2ـ سەرەتاكانی نەمانی تاكە جەمسەری بەدەركەوتووە و درێژەپێدانی شەڕ لە ئۆكرانیا كارێكە بۆ ئەوەی كۆتایی تاكە جەمسەری ڕانەگەیەنرێت، بەڵام فرەجەمسەری ئایندە دیسانەوە بە بازنەی سەرمایەداریدایە و قۆناغێكی نوێی ململانێی سەرمایەدارییە لە ئاستی جیهانیدا.

3ـ سەرۆك پوتین سیاسەتێكی ئابووری نوێی خستە ڕوو كە تا ڕادەیەك دەستێوەردانی دەوڵەت لە چالاكی ئابووریدا تیایدا بەرجەستە دەبێت، بەڵام ئەو سیاسەتە لە چوارچێوەی بژاردەی سەرمایەدارییە كە بە شێوازێكی دیكە بەردەوامبوونی نەهامەتەكانی مرۆڤایەتی و قەیرانەكانی جیهانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP