دواین هەواڵ

مەسرور بارزانی چۆن سیحری رۆژنامەنوسانی بەتاڵکردەوە؟

‌دییە عەلی

22/06/2022

دیداری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنوسان لە رۆژی 20-6-2022  مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێ ڕەنگە یەکەمجار بێت بەرپرسێکی وەها گەورە لەو بەرپرسیارێتییەدا کۆبونەوەیەکی ئاوا فراوان و ماوە درێژ بۆ رۆژنامەنوسان ڕێکبخات و خۆشی پێش هەموویان بڵێن، ئازادبن و بەڕاشکاوی رەخنە و سەرنجەکان پێشکەشمان بکەن، نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە وڵاتانی ناوچەکەش ئەگەر نەڵێم نەبووە، ئەوە کەم وێنەبووە.

مەسرور بارزانی زۆر زیرەکانە، یان زۆر باشتر لە رۆژنامەنوسان خۆی بۆ دیدارەکە ئامادەکردبوو، لەوەڵامدانەوەکاندا نەک خۆی نەدەدزییەوە و دیبلۆماسیانە وەڵامی نەدەدایەوە، بەڵکو بەروون و ڕاشکاوی وەڵامی یەکە بەیەکەیان دایەوە و بگرە زیاتر لە پرسیارەکانیش وەڵامی دەدایەوە.

بەر لە هەرشتێ دەبێت بونی دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوان حکومەت و رۆژنامەنوسان بەهەنگاوێکی ئیجابی لێکبدرێتەوە، چونکە رۆژنامەنوسان لەمکاتەدا هیچ نێوەندگیرییەکیان ناوێ بۆ ئەوەی پەیامەکەیان بەباڵاترین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بگات، بەڵکو خۆیان رەخنە و سەرەنجەکانیان راستەوخۆ ئاراستەی سەرۆک وەزیران دەکەن.

مەسرور بارزانی لەم دیدارەدا زۆر زیرەکان سیحری ئەو رۆژنامەنوسانەی بەتاڵکردەوە، کەپێش دەستبەکاربوونی هەزار و یەک فاڵیان بۆ گرتەوەم بەتایبەتی ئەو فاڵانەی کەدەیانوت کابینەی نۆیەم کابینیەکی هەواڵگری و ئەمنی توند دەبێت نەفەسی ئازادی ناهێڵێت، بەپێچەوانەوە لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانی دەرگای بەروویاندا کردەوە و فەرمووی کرد، کەچی لە هەمانەکەیاندایە هەڵیڕێژن، بەڵام دەرکەوت هەمانەکەی زۆربەی ئەو رۆژنامەنوسانە بەتاڵبوو، چونکە ناکرێت دەرفەتێکی ئاوا گرنگ بێتە پێشەوە و ئەوەندە بێباک و خەمساردانە بەشداری بکەیت، بەم کارەش هەم مەسرور بارزانی ڕێگای ئەوەی لێگرتن کە باسی سەرکوتی ئازادی بکەن و هەمیش باگراوندی مەعریفی ئەم رۆژنامەنوسانە بەیانکرد بۆ خەڵک، کە ئەمانە زۆربەیان زۆر هەژارن لەرووی زانیاری و داتاوە، هەربۆیە کاتێک سەرۆک وەزیران داوای داتا و ئاماری دەکرد، تەنانەت نەیاندەتوانی بچوکترین ئامار بخەنەڕوو.

ئەوەی لە سەرەنج و ڕەخنە و پرسیارەکانی رۆژنامەنوساندا بەدیدەکرا، هەموو شتی دووبارە و سواو بوون، ئەمەش دەرخەری ئەوەبوو، رۆژنامەنوسەکان وەک هەر شتێکی ئاسایی رۆشیبوون، لەکاتێکدا دەبوو بەباشی خۆیان بۆ ئەم دیدارە ئامادە بکردایە.

بەهۆی خۆ ئامادەنەکردنەوە، هەندێکیان پرسیارگەلێکیان دەکرد، کەپێشتر هەر خودی مەسرور بارزانی وەڵامی ئەو پرسیارەی لە پرێس کۆنفرانسەکاندا داوەتەوە، کاتێ تۆ دێی ئەم پرسیارە دووبارە دەکەیتەوەم ئەمە بێئاگای تۆ دەردەخات لەوەی کەتانەت ئاگاداری دەوروبەرەکەت نیت چی تێدا دەگوزەرێت.

بەشێکی تر لە میدیاکاران وەک هەمیشە دەیانویست خۆیان بکەن بەقارەکان جا لەڕێگەی باسکردنی خۆیان و هێرشکردنەسەر میدیاکانی تر، هەتا مەسرور بارزانی پێی وتن، من هیچ کەسێکی سەربەخۆ لێرە نابینم، بۆیە دەبێت چیرۆکی درۆینەی میدیای سەربەخۆ و بێلایەن لە کوردستاندا کۆتایی بێت، چونکە روون و ئاشکرایە هیچ میدیایەک نییە لە کوردستاندا بتوانێت بە ریکلام ئیدارەی خۆی بدات، ئیتر بۆچی خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک، ئەسڵەن ئەو میدیایانەی کە حزبین سەرچاوەی داهاتیان ڕوونە، کەفڵانە حزب و لایەنە، بەڵام ئەوانەی کە ئیدیعای بێلایەنی و سەربەخۆی دەکەن، ئەوانە سەرچاوەی داراییان نادیارە و مەترسیدارترن، چونکە ئەمانە پارە لەزیاتر لەسەرچاوەیەکەوە پارە وەردەگرن، بۆ ئەجندای تایبەت و هەندێجار دژی نیشتیمانیش بەکار دێن، لەماوەی پێشووشدا بە روونی دیار بوو، کاتێ دەوڵەتێکی وەک ئێران فیلمێکی لەسەر هێرشی داعش و نزیکبونەوە لە هەولێر دەرکرد، بەچ شێوەیەک هەوڵی سوکایەتیکردنیان بەبارزانیدا، هەندێ میدیاش کەبەشێکیان خۆیان بەسەربەخۆ و بێلایەن ناوزەد دەکەن، بەبێ هیچ فلتەر و ڕتوشێک فیلمەکەیان بڵاوکردەوە، بەمەش بەئاگابێت یان بێئاگا بونە ئەجندای سیاسەت و دوژمنکارییەکانی ئێران دژ بەسەرکردەیەکی دیاری هەرێمی کوردستان، کەلەم ڕێگەیەوە دەیانویست هەیبەتی هەموو کورد بشکێنن، بۆیە ئەم جۆرە لەمیدیایە مەترسیدارترە و ئاسانتر دەکەوێتە داوی دوژمن و ئەجنداکەیەوە.

بەکوردی و بەکورتی، مەسرور بارزانی لەم دیدارەدا زۆر بەژیرانە سیحری ئەو میدیانەی بەتاڵکردەوە کەبەردەوام هێرش دەکەنەسەر کابینەکەی، بەوەش سەلماندی ئەو سەرکەوتووترە لەکارەکەی وەک میدیاکارەکان.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP