دواین هەواڵ

مەسرور بارزانی چۆن وەڵامی رۆژنامەنوسانی دایەوە؟

‌ئەژی کاروان

21/06/2022

رۆژی دووشەممە 20_6_2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەپێناو شەفافیەت و زیاتر لێکنزیکبونەوە و هاوکاری و هەماهەنگی دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسانی زۆرینەی دەزگا رۆژنامەوانیەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدا  و تیایدا بەڕاشکاوی رەخنە و پێشنیازی رۆژنامەنوسان بەیانکراو سەرۆکی حکومەتیش بەڕاشکاوی وەڵامی دانەوە.

ئازادی ڕادەربڕین
بەرلەهەموو شتێ مەسرور بارزانی لەسەرەتای گفتوگۆکەدا پەیامێکی بەرۆژنامەنوساندا، بەوەی کەبەتەواوی ئازادی و ڕاشکاوانەوە چییان هەیە بیڵێن، تەنانەت ئەوەندەش کاتی پێدابوون، هەندێ لەرۆژنامەنوسان بابەتگەلێک هەبوو لەماوەی قسەکردنیدا دووبارەی دەکردنەوە، ئەمەش بۆ کێشەی رۆژنامەنوسەکە و بۆکۆنترۆڵنەکردنی خۆشی دەگەڕایەوە، چونکە ناکرێت دەیان کەسی تر لەدوای تۆوە قسە بکەن و تۆ کاتەکە بەجۆرێ ئیستغلال بکەیت، کە پرسیار و سەرەنجەکانی بەروونی کردووە، دواتر دێیتەوە سەر هەمان بابەت و دووبارەی دەکەیتەوە، ئەمە سەرەڕای مەلەل بۆ بینەر و ئامادەبوان کاتێکی زیاتریش دەبەیت بەبێ ئەوەی حساب بۆ هاوڕێکانت بکەیت، بەجۆرێ گەیشتە ئەوەی سەرۆکی حکومەت بڵێ من کێشەم نیە و گوێ لەهەمووتان دەگرم، بەڵام ئێوە گوێ لەوەڵامەکان بگرن. 
لەم دیمەنەدا بۆمان روون دەبێتەوە ئەو وێنەی کەهەندێ رۆژنامەنوس بۆ مەسرور بارزانی و کابینەکەیان دروستکردبوو، هەموو سیحرەکەیان بەتاڵبووەوە، چونکە مەسرور بارزانی بەتەواوی مانا ئازادیکردن. 

کێشەیەکی تری رۆژنامەنوسان ئەوەیە کەدەیانەوێت هەرچۆنیان پێ خۆشە و هەرچییان دەوێت بیکەن و بیڵێن، کەسیش بۆی نەبێت پێیان بڵێ، کاکە ئەوە تۆمەت و ناوزڕاندنە دەبێت بەرپرسیارێتی یاسای هەڵبگرن، هەربۆیە بەشێک لەو رۆژنامەنوسانە دژی دادگاشن، بەبێ ئەوەی بپرسن باشە، ئەگەر تۆ ناوی کەسێ بزڕێنی و تۆمەتی بۆ دروست بکەیت، ئەی کەسە چی بکات؟ لەوە مەدەنیتر بچێتە لەڕێگای یاساوە کێشەکە یەکلای بکاتەوە، بۆیە دەبێت رۆژنامەنوسان ئەو بۆچونەیان بگۆڕن و خۆیان لەگەڵ دنیای سەردەم بگونجێنن. 

رۆژنامەنوسی بێ زانیاری
ئەوەی لەهەموو شتێ زیاتر جێگای سەرەنج بوو لە دیدارەکەدا، زۆرینەی رۆژنامەنوسانی ئامادەبوو، زانیاری و داتای ئەوتۆیان پێنەبوو، کاتێ یەکێکیا پرسیاری کرد کەخەڵک هەیە لەسەر کۆمێنت دەستگیرکراوە، سەرۆکی حکومەت پێی بڕی وتی، ئەو کەسە کێیە؟ رۆژنامەنوس دەمی بوو بەتەڵەی تەقیوو، نەیتوانی تەنیا ناوێکیش بڵێت، کێشەی ئەم تایپە لەرۆژنامەنوس کەخۆیان بەرەخنەگر لەدەسەڵات دەزانن، دەرکەوت یەجگار هەژارن لەرووی زانیارییەوە و رەنگە تەنانەت ئاگاداری ئەوەش نەبن کە لەمیدیاکانی خۆیان بڵاو دەبێتەوە، چونکە ئەوەندەی بەندە موتابەعە دەکات، رۆژانە وەزارەتەکان بەدەیان داتا و زانیاری بڵاودەکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریش بەردەوام داتا و ئاماری وردی پرۆژە و زۆربەی سێکتەرەکان بڵاودەکاتەوە، لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا مەسرور بارزانی نزیکەی 15 خولەک بەداتای ورد بەشێک لەپرۆژە و ئینجازەکانی بەگوێی رۆژنامەنوساندا چپاند، بەڵام ئەمە وادەکات رۆژنامەنوسان پڕچەکبن و بەجدی بەدوای زانیارییەکانی سەرۆکی حکومەتدا بچن؟ بێگومان نەخێر، چونکە بەشێک لە رۆژنامەنوسان ئەوەندە ئامانجیان خۆنواندنە ئەوەندە بەدوای داتا و ئاماردا یان بەدوای راستیدا وێڵ نین. 

پۆپۆلیستی و خواستی کەسی
ئەوەی لەهەموو زیاتر جێگای سەرەنج بوو، قسەی بەشێک لەو رۆژنامەنوسانەبوو، کەزیاتر بەنەفەسێکی پۆپۆلیستی قسەیان دەکرد، بۆ زیاتر خۆ دەرخستن بوو، بە باگراوندی کۆن و سواوە هاتبوونە ئەو کۆبونەوە گرنگە، کەڕەنگە تاچەند ساڵێکی تریش ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسێت، بۆیە دەبوو بەباشترین شێوە خۆیان ئامادە بکردایە، بەڵام دیارە ئەوان پشتیان لەوە کردبووەتەوە و پێویستیان بە زانیاری و خۆ ئەبدەیتکردن نەبێت، چونکە کێشەکە ئەوەیە بەشێک لەرۆژنامەنوسان هەرگەشتن بەشتێک لەبری ئەوەی زیاتر هەستی بەرپرسیارێتیان لا زیاتر بێت، چونکە ئەرکەکەیان قورستر دەبێت، بەڵام وادیارە ئەمانە بە هەڵە تێگەیشتوون لەبەرپرسیارێتی، زیاتر بێباک دەبن و بۆیە کەدەچنە کۆبونەوەیەکی ئاوا گرنگەوە، بەڵام دێڕێکی نوێیان پێ نییە، کاتێکیش لەبەردەم پرسیارێکی جدیدا رایاندەگرن، خێرا تەسلیم دەبن و پێمان دەڵێن کەشتێکی وەها لە هەمانەکەیدا نییە. 
سەرۆکی حکومەت زیرەکانە باگراوندی مەعریفی هەریەکە لەو رۆژنامەنوسانەی بۆ دەرخستین، لەوەش کۆمیدیتر رۆژنامەنوس هاتبوو کێشەی خۆی و ژنەکەی باس دەکرد، دەیوست کەیسەکەی بەکوردستانی بکات، بەڵام لەهەموو بارودۆخەکاندا مەسرور بارزانی سیحری زۆربەی رۆژنامەنوسانی ڕەخنەگر و جنێودەری بەتاڵکردەوە، بەوپەڕی لێهاتوی و باوەڕبوون بەخۆی وەڵامی دەدایەوە و بەداتا و ئامار قسەی دەکرد، ئەمەش گرنگترین شتێکە بۆ خەڵکانی هۆشیار و ئەوانەی وێڵن بەدوای ڕاستی و زانیاری ڕاستدا.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP