دواین هەواڵ

بەیاننامەکەی مێرگەپان؛ دوبارەبونەوەی ھەڵەیەکی بەردەوام

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

06/06/2022

چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆمەڵێک میدیاکارو رۆشنبیر لە مێرگەپان کۆبونەوە بۆ گفتوگۆیەکی ڕاوێژکاری سەبارەت بە  پێشھات و ئەگەر و دەرھاوێشتە چاوەڕوانکراوەکانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە سنورەکانی ھەرێم لەگەڵ باکور و لەمبارەوە بەیاننامەیەکیان دەرکرد.  

ئەم ھەنگاوە جێی دەستخۆشیە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجم بو لەو ھەمو خاڵەی لە بەیاننامەی کۆتاییدا بڵاو کرابویەوە  یەک خاڵی تیا نەبو بۆ برادەرانی پەکەکە!

حکومەتی تورکیا حکومەتی عێراق نەتەوە یەکگرتوەکان حکومەتی ھەرێم ھەمو ئەمانە لەبەیاننامەکەدا پەیامیان ئاراستەکراوە تەنھا پەکەکە نەبێت لەکاتێکدا ئەوان لایەنێکی گرنگی ھاوکێشەکەن..من تێناگەم ئەم بێ خیتابیە بەرامبەر پەکەکە بۆ؟

پەکەکە وەک لایەنێکی کێشەکە بێگومان دەبێت لە ھەر ھەوڵێکی چارەسەردا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و لەھەر ھەوڵێکی چارەسەردا دەبێت ئەویش ئەرک وئیلتیزاماتی خۆی بخرێتە سەرشان.

حکومەتی تورکیا دەستبەجێ کشانەوەو راوەستاندنی ئۆپەراسیۆنی لەسەرە بەڵام بۆ ئەوەی تورکیا ناچار بکرێت ئەمە بکات، ئایا دەبێ پەکەکە چی بکات؟

لۆجیکی نیە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان  بمانەوێت کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بھێنین بەڵام ئاراستەی گوتارمان روی لە ھەمو لایەنەکانی ھاوکێشەکە بێت بە تەنھا پەکەکە نەبێت.

تۆ دەتەوێ کاریگەری لەسەر سیاسەتی  تورکیا دابنێی بەڵام لەخۆت رانا بینی کاریگەری لەسەر سیاسەتی پەکەکە دابنێیت! 

پرسیار ئەوەیە ئایا وەک لە بەیاننامەکەدا یەک خاڵ نیە ئاراستەی پەکەکە کرابێت داخۆ لە گفتوگۆکاندا ڕێگە دراوە کەس بۆچونێکی جیاوازی ھەبوبێت سەبارەت بە ڕۆڵ و بونی پەکەکە لەناو خاکی ھەرێم و ئەو بیانوەی داویانەتە دەست تورکیا  بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی؟

ئایا بۆچی لەمەسەلەی دۆسیەی باکوردا ھەمیشە پەکەکە لەسەرو پرسیارو ڕەخنەوەیە؟ ئەم قودسیەت و پیرۆزیە چیە دراوە بە پەکەکە لەزەمەنێکدا ھەموشت دەتوانرێ بخرێتە  ژێر ھێڵی رەخنەوە..ئایا ئەمە لەقازانجی دۆزی گەلەکەمانە لە باکورو باشور؟ ئایا ئەمە لۆجیکی و ئەخلاقی و سیاسیە؟

ئەم پرسیارانەی من ھیچ نین جگە لە بانگەواز بۆ بونی گوتارێکی رون و راشکاو لەھەرێمی کوردستان لەگەڵ برادەرانی پەکەکە، خۆ ئەگەر تورکیا دوژمنە و ئەجێندای خۆی ھەیەو نایەتە پای داواکانی ئێمە ئەی پەکەکە چی خۆ دەبێت ئەوان دۆست بن و لە ئێمەو خواستەکانمان لە ھەرێم تێبگەن.

بێگومان ھەرگیز ھاونیشتیمانیەک لەسلێمانی و لە ناوچە گەشتیاریەکەی مێرگەپان بە ئەندازەی ھاونیشتیمانیەک لە سیدەکان و ناوچە سنوریەکانی دەڤەری بادینان راستەوخۆ بەر دەرھاوێشتەکانی شەڕی تورکیاو پەکەکە ناکەوێت ھەر بۆیە لەوانەیە ئەم دۆسیەیە لێرە ئەوەندەی سیاسیانە بجوڵێنرێت لایەنە کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکانی لە پێشچاو نەگیرێت .

بەڵام ھەستی عەدالەتخوازی ئەوەمان لێ داوادەکات خۆمان بخەینە جێی باخەوانێکی دەڤەری سیدەکان و شوانێکی بناری قەندیل ئەوکات باس لە شەرعیەت و مەسڵەحەتی بونی چەکدارانەی پەکەکە لەو ناوچانە بکەین.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP