دواین هەواڵ

کۆبونەوەی بلاسخارت و شەش حزبی کوردستانی و چەند سەرنجێک!

‌كاوە محمود

31/05/2022

لە کۆتایی هەفتەی ڕابووردوودا نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بەرێز بلاسخارت لە گەڵ شەش حزبی کوردستانی کۆبۆوە، دووای ئەوەی لە ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە عێڕاق و هەرێمی کوردستان، کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کردبوو، ئاماژەی بە تەنکەژە و ئالۆزەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق و ڕەوشی نا جۆری هەرێمی کوردستان و بەشێک لە کێشەکانی خستبووە ڕوو.

هەرچەندە ئەو کۆبونەوەیە لە سەر بانگهێشتی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەنگدانەوەی گرنگی ئەو دەزگا نێودەوڵەتیەیە سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی لە کوردستان، بەڵام بەستنی کۆنگرەکە بەو میکانیزمە و فەرامۆشکردنی بەشێک لە لایەنی سیاسی، لەوانە حزبی شیوعی و زەحمەتکێشان کە دەڕبڕی ڕەوتێکێ سیاسی و فیکرین لە کۆمەڵگادا، و ناکرێ تەنها بە ژمارەی کورسی پەرلەمان تەماشا بکرێت، و جگە لە لایەنی سیاسی دیکە، کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیمان لا درووست دەکات، لەوانە:

ــ لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاری و دەستنیشانکردنی گرفت و قەیرانەکان، دەبوایە هێزە سیاسییە کوردستانییەکان چاوەڕێی دەستپێشخەری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووکان نەکەن بۆ ئەوەی بۆ کۆبونەوە بانگهێشتیان بکات، و ئاماژە بە کێشە و گرفتەکان بکەن، بەڵکو هەستکردن بە بەرپرسیاری لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە لە سونگێکی کوردستانییەوە کۆبونەوەی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بە دەستپێشخەری خودی ئەو هێزانە بکرایە، نەک لەسەر داوای لایەنێکی دەرەکی کە سەبارەت بە مەترسییەکان وریایان بکاتەوە.

ــ بەستنی کۆبونەوەکە بەو شێوازەی ئەنجام درا، دووبارەکردنەوەی هەمان میکانیزمی جارانە لە بەستنی کۆبونەوەکانی پێشتر کە ئاکامی ئەرێنی نەبووە، و دەچێتە چوارچێوەی بابەتی کۆبونەوەیەکی ڕووکەشی، کە نە ئەجیندەی ئیشوکارەکانی دیارە، و نە شێوازی بەدووادا چوونی، و جگە لەوەی کورد ووتەنی: هیچی لێ شین نابێت.

ــ بەستنی کۆبونەوەکە بەو شێوازەی ئەنجامدرا جوڵانەوەیە لە بازنەیەکی داخراودا، و سەرنجی ڕای گشتی کوردستانی بۆ بەشێک لە ململانێی سەبارەت بە ئاکامەکانی قەیرانەکان ڕادەکێشێت، کە بەرجەستەبوونی عەقلیەتی بەرتەسکی حزبایەتییە، و وا دەخرێتە ڕوو کە بابەتەکان خۆی تەنیا لە مەسەلەی رێککەوتن لە سەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە عێراق و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، و بابەتی کۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنە، کە تێکرای ئەم بابەتانە کەفی سەر قەیرانەکانە نەک خودی قەیرانەکان.

ــ قەیرانی سەرەکی ناوخۆی کوردستان بریتییە لە قەیرانی شێوازی حوکمرانی و نەبوونی دامەزراوەکان، و ئەو سیاسەتانەی لە بواری ئابووریدا پەیڕەو دەکرێت، کە خۆی لە بەتایبەتکردنی ڕەها دەبینێتەوە، و رێگرە لە بەردەم ئاراستەی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی دەگر ێت، و بوونەتە پەکخستنی گەشەپێدان و زیادبوونی بێکاری و رێژەی هەژاری و درووستبوونی توێژی پەراویزخراو لە نێو کۆمەڵگادا.

ــ پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان سەبارەت بە چارەنووسی کوردستان وا دەخوازێ، کە پێش هەر کۆبونەوەیکی سیاسی ئامادەکاری بەرنامەیی بۆ بکرێت، و بەرنامەی ڕادەی نزم کە زەمینەی دانوستان بێت، ئامادە بکرێت، و دەست لە سەر کێشە و گرفتە سەرەکییەکان دا بنرێت، کە ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندێکی ڕەخنەگرانەی ئەزمونی حوکمرانی و سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانە، بە جۆرێک پەیوەندییەکی نوێ نێوان دەسەڵات و خەڵک لە سەر بنەمای متمانە لە چوراچێوەی گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵک دابین بکرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP