دواین هەواڵ

دەوڵەت، نەتەوەسازیی و نەتەوەپەرستیی

‌د. نیاز نه‌جمه‌دین

27/05/2022

وەک چۆن لە مارکسیزمدا کۆمەڵگە لە دوو بەش پێکهاتووە، کە بریتین لە سەرمایەدار و کرێکار، ئەم دوو بەشەش زۆربەی کات دانوویان لەگەڵ یەکتر ناکوڵێت، دەوڵەت و نەتەوەش بە هەمان شێوەن: مەرج نییە هاڕمۆنیی بڕۆن و لەسەر رێگای گەشەپێدان بن. دەشێت دژ بە یەکتر بن. لەو شوێنەشدا پشتیوانی یەکترن، دیسان مەرج نییە لەسەر رێگای گەشەپێدان بن.

دەوڵەت دەتوانێت گەشەپێدەر بێت و دەشتوانێت روتێنەر بێت مادام لە کۆمەڵێک دەزگا (ئاسایش..دادگا...قوتابخانە...هتد) پێکهاتووە و ئەکتەر و گروپە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریبهێنن. ئەو دەوڵەتانەی لە ناوچەی ئێمەدا دروست بوون و دراوسێمانن یەک لە یەک روتێنەرترن، مرۆڤی روتێنەریش دروست دەکەن. یەکێک لە رێگاکان ئەوەیە دەیکەن بە نەتەوەپەرست.

مرۆڤی نەتەوەپەرست، سەر بە دەوڵەت/نەتەوەکە بێت یان خۆی وەک نەیاری پیشان بدات، بارگاوییە بە رقی نەتەوەیی و رەنگە ئامادەش بێت هەموو جۆرە شەڕێک بکات. بڵاوکردنەوەی ترس و شەرعییەتدان بە لەناوبردنی ئەوانی تر لە وەزیفە سەرەکییەکانێتی.

لە بەرامبەردا، ئەوەی من خوازیاریم، نەتەوەسازە. نەتەوەساز کەسێکە بۆ ئەوەی شوناسی نەتەوەکەی خۆی جیابکاتەوە و بیپارێزێت، پێشیبخات و دروستی بکات پێویستی بەوە نییە رقی لە نەتەوەیەکی تر بێت، بەڵکو لە مێژووی داگیرکاریی دەکۆڵێتەوە و دەیەوێت تێبگات چی بەسەرهێناوە، پاشان بە مەبەستی خۆپاکردنەوە و دابڕان لەو مێژووە هەنگاو دەنێت. هاوکات دەیەوێت تێبگات هێزە لۆکاڵییەکانیش چییان بەسەرهێناوە و چۆن کەسایەتییان سڕیوەتەوە.

کاتێک دەکەویتە داوی نەتەوەپەرستییەوە، ئیدی خۆت وەک بەستەزمان دەبینی، ستەمی خۆت نابینیت، دڵت کەمتر بە ئازاری نەتەوەکانی تر دەسوتێت و رقەکەت رەنگە تا خۆئامادەکردن بۆ شەڕی نەتەوەیی بڕوات، هەمان ئەو شتەی کە لە جیهاندا ملیۆنان مرۆڤی لەناوبرد. بەڵام نەتەوەساز کەسێکە دەزانێت ئەگەر ناسیۆنالیزم تا نەتەوەپەرستیی راکێشێت، بە بیابانەکانی نازیزم دەگات. بەم واتایە، عەرەبێک/تورکێک کە بە رقەوە سەیری کورد دەکات و دەیەوێت بیسڕێتەوە کەوتۆتە داوەکە. بەڵام جیاوازییەک نابینم ئەگەر ئێمەش لاساییان بکەینەوە.

لە رووی ئابوورییەوە، بە پێچەوانەی نەتەوەپەرستەوە کە داتا دەشارێتەوە بە بیانووی ئەوەی مەترسییمان لەسەرە یان دەوڵەتمان بۆ دادەمەزرێنێت، نەتەوەساز کەسێکە کە سەرژمێر(جەرد)ی سەرچاوە سروشتیی و مرۆییەکانی دەکات، ئەرشیفیان دەکات، دەزگاکانی هاندەدات رێکوپێک بیانخەنەگەڕ، لە کوێشدا پێویست بوو دامودەزگای بێ لایەنیان بۆ دادەمەزرێنێت تا ئاراستەی ئامانجە گشتییەکانیان بکەن.

بەڵام ئایا نەتەوەساز کەسێکە داگیرکاریی لەلا ئاساییە؟ بێگومان نەخێر. ئەوە دیسان نەتەوەپەرستە کە پاراستنی نەتەوەکەی خۆی دەکات بە کەرەستەی داگیرکاریی. نەتەوەساز کەسێکە دژ بە داگیرکارییە بە هەموو جۆرەکانییەوە. یانی ئەگەر سبەینێ عێراق بە مەبەستی (ئەڵێم بە مەبەستی!) داگیرکاریی پەلاماری هەرێمی کوردستان بدات، ئەوا دەبێت بەرگریی بکەین تەنانەت ئەگەر ئێمە هەڵەکەمان کردبێت، بەبێ ئەوەی بترسین لەوەی کێ بە چی تۆمەتبارمان دەکات. لە سەنگەرێکی ئاوادا شتێک نامێنێت بە ناوی پێشمەرگەکانی پارتیی و پێشمەرگەکانی یەکێتیی، ئەوەی هەیە پێشمەرگەی ئەم خاکەن (ئەڵێم پێشمەرگەی خاک، نەک حزب، ئەو پێشمەرگەیەی دەمێکە خەون بە دروستبوونیەوە دەبینین و تا ئێستا هێزە لۆکاڵییەکان نەیانهێشتووە دروست ببێت!).

ئەم جیاکارییە یارمەتییمان دەدات دونیابینیی خۆمان داڕێژینەوە، بەوپێیەش پلانەکەمان دیزاین بکەین. بەپێی ئەم جیاکارییە، نەتەوەسازیی دەکەوێتە پێش دامەزراندنی دەوڵەتێکی گەشەپێدەرەوە. دووەم سودی ئەم جیاکارییە ئەوەیە سەیری پرۆژەی نەتەوەسازیی (Nation building) وەک پرۆسەیەکی بەردەوام دەکات و نایبەستێتەوە بە دامەزراندنی دەوڵەتەوە (State building). نەتەوەسازیی شتێک نییە دوابخرێت، کۆڵی لێبەیت، پشتی تێبکەیت، بەڵام دامەزراندنی دەوڵەت شتێکە دەتوانیت دوای بخەیت، بگرە کۆڵی لێ بەیت و پشتی تێبکەیت بە هەندێک مەرج. سێیەمیان ئەوەیە فێرمان دەکات لەوە تێبگەین گەشە و گەشەسەندن پرۆسەیە، بە بازدان ناکرێت، بەڵام بواری ئەوە هەیە پرۆسەکە خێراتر بکرێت.

بە کورتیی، بە پێچەوانەی رێگای نەتەوەپەرستییەوە کە تراژیدیای گەورەی لێ دەکەوێتەوە، رێگای نەتەوەسازیی دەمانگەیەنێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی باشتر و جڵەوکراوتر لەوەی لە ناوچەکەدا هەیە. لە خراپترین حاڵدا، بەشخوراو نابین ئەگەر لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تریشدا(وەک عێراق)، بژین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP