دواین هەواڵ

فرە جەمسەری وەك ئاكامێكی ململانێی چینایەتی لە سەر ئاستێكی جیهانیدا

‌كاوە محمود

24/05/2022

ناكۆكی و ململانێكان لە سەر ئاستێكی جیهانیدا، و بەرجەستەبوونی لە بواری بنیاتنان و گۆڕانكاری لە بواری سیستمی نێودەوڵەتیدا، لە ناوەڕۆكی گشتی چەمكی ململانێی چینایەتی جیا ناكرێتەوە.

ڕەنگدانەوەی سەرەكی ئەم ململانێیە، كە لەم سەردەمەدا خۆی سەپاندووە، لە دیاردەی جەمسەریبوون لە ئاستی جیهانیدا دەردەكەوێ، و هێڵی سەرەكی ناكۆكی و ململانێكانیش لە خاڵێكدا كۆدەبێتەوە و پرسیارێكی گرنك و ململانێئامێز دەخاتە بەردەم ناوەندەكانی بریاری سیاسی لە جیهاندا. پرسیاری ئەوەی ئایا جیهان و سیستمی نێودەوڵەتی لە دۆخی تاكە جەمسەری دەمێنێتەوە، یان بە شێوەیەكی پراكتیكی هەنگاوی بۆ فرەجەمسەری ناوە، و یان گواستنەوە لە تاكە جەمسەرییەوە بۆ فرەجەمسەری قۆناغێكی گواستنەوەی پێویستە؟ ئەگەر شەڕی ئێستا لە ئۆكرانیا بە بەشێك لە سیناریۆی قۆناغی گواستنەوە دابنرێت، ئەوا پێم وایە قۆناغی گواستنەوە دەمێكە دەستی پێكردووە، و تەنانەت لە چركەی ڕاگەیاندنی تاكە جەمسەری دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد و هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت و كەمپی سۆشیالیستی، كاركردن بۆ فرەجەمسەری بیرۆكەیەك بوو خرایە بازنەی كاركردنەوە لە سەر ئاستێكی جیهانیدا، بەڵام بێگومان نەك لە چوارچێوەی چەمكی بازنەیی مێژوو و دووبارەبوونەوەیدا كە بنەمای فەلسەفەی گریگە كۆنەكان بۆ مێژوو، بەڵكو لە دیدێكی چینایەتییەوە بۆ دیاردەی جەمسەربوون كە بنەمایەكی ململانێی چینایەتییە.

كاتێك ماركس لە بۆچوونی خۆی بۆ فەلسەفەی مێژوو، ئاماژە بۆ ململانێی چینایەتی كە هاوكات لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتی بووە، ئەوا جەخت لە سەر بۆچوونێكی گرنگ دەكات كە مێژووی شارستانی مێژووی ململانێی چینایەتییە، و بنەماكەی بۆ زێدەی بەرهەم دەگەڕێتەوە، و پرسیارەكەش لەوەدایە كە كێ دەست بە سەر ئەو زێدە دەگرێت و لە بەرژەوەندی چ چین و هێزێك دەبێت؟

دەستبەسەراگرتنی زێدە بەرهەم لای خاوەندارانی ئامرازی بەرهەمهێنان، و كەڵەكەبوونی ئەو زێدەیە كە بە سامان و داهات ڕەنگدەداتەوە، سەرەتای مێژوویی دیاردەی بە جەمسەربوونە. لێرەدا بۆمان دەردەكەوێ كە جەمسەربوون هەر لە سەرتاوە بریتییە بوو لە كەڵەكەبوونی داهات لای خاوەندارانی ئامرازی بەرهەمهێنان، و بەشێك لە پێكهاتەی بنەماكانی ژێرخانی ئابوورییە لە كۆمەڵگەیەكی دیاریكراو بووە، و كاتێكێش سەرمایەداری بە تەواوی شوناسی جیهانیگیری خۆی وەردەگرێت، ئەوا ئەو جەمسەریبوونە بۆ ئاستێكی نێودەوڵەتی دەگوازرێتەوە، و ناوەندەكانی سەرمایەداری لە باڵاترین قۆناغی پەرەسەندنی و لە سەردەمی جیهانگیردا، تەنیا جەخت لەسەر بواری سەرخانی دیاردەی جەمسەربوون دەكەنەوە، بە هەردوو شێواز، واتە بە شێوازی ئەوانەی بانگەشە بۆ تاكە جەمسەری دەكەن و باس لە سەروەری شارستانی ئەمریكا و نیولیبرالیزم دەكەن، یان لایەنی دووەم كە باسی فرەجەمسەری لە بواری فرەیی شارستانییەكان دەكەن، بەڵام تێڕوانینیان بۆ شارستانی داماڵڕاوە لە شوناسی چینایەتی شارستانییەكان كە ماركس ئاماژەی بە خاڵی مێژووی شارستانییەكان كردووە وەك مێژووی دەستپێكی ململانێی چینایەتی.

بەم جۆرە دەبینین كە ململانێی زەق و دیار لە بواری تاكە جەمسەری و فرەجەمسەری لە نێوان بژاردەی سەرمایەداریدا لە بازنەی سەرخانێكی ئابلۆقەدراو دەهێڵدرێتەوە، كە چەمكی شارستانی و شوناسی دابڕاوە لە ململانێی چینایەتی، لە كاتێكدا لە ڕوانگەی هزری ماركسیستەوە ئەو سەرخانە نەك تەنیا لە ژێرخانی ئابووری جیاناكرێتەوە، بەڵكو ئەركەكانی سەرخان بۆ خزمەتكردنی ژێرخانی ئابوورییە، و كار بۆ بەرهەمهێنانەوەی ژێرخان دەكات، و بەم پێیە هەردووكیان بەشێكن لە ململانێی چینایەتی.

دیاردەی جەمسەربوون كە لە سەرەتاوە لە نێو كۆمەڵگایەكی دیاریكراودا بنەمای سەرەكی چەوساندنەوە و نامۆبوون بوو، ئەوا لە جیهانگیریدا جەمسەربوون بنەمای چەوساندنەوە و نامۆبوونە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، و بەم جۆرەش جەمسەربوون و چەوساندنەوە و نامۆبوون خەسڵەتی ململانێی چینایەتییە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، و لە كۆمەڵێك دیاردەی رۆژانەدا دەردەكەوێت، لەوانە: فراوانبوونی ئاستی چەمكی پەرەسەندنی ناهاوسەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كە یەكێكە لە تیۆرەكانی لینین، و بنەمایە بۆ دیاردەی باكوری دەوڵەمەند و باشوری هەژار كە زانای ماركسیست سەمیر ئەمین ئاماژەی پێكردووە، و جگە لە دیاردەكانی هەژاری و برسێتی و ناوەندی پەراوێزخراو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، و بەردەوامبوونی چاوگەكانی بارگرژی و چارەسەرنەكردنی كێشەی گەلان، و كێشەی ژینگە و تەندروستی لە جیهاندا.

یەكێك لە ئامرازەكانی دیاردەی جەمسەربوون بەكارهێنانی ئاراستەی "سەردەستەیی"یە بۆ سەپاندنی هەژموون. ئەم بۆچوونە لە توێژینەوەكانی گرامشی ئاماژەی پێكراوە، كە چینی دەسەڵاتدار نەك تەنیا لە ڕێگای بەكارهێنانی ئامرازەكانی هێزەوە سەردەستی دەكات، بەڵكو لە رێگای پراكتیككردنی سەركردایەتی كەلتووری و ئەخلاقی بۆ چینە حوكمکراوەكان سەردەستی خۆی دەكات، و هەژموونی خۆی و قایل بوون بە ئاراستەكانی دەسەپێنێت. ئەم بۆچوونە لە لایەن بیرمەندی ماركسی (بیری ئەندرسۆن) پەرەیپێدرا، و ئەوە بوو فراوانتر تەماشای چەمكی سەردەستی كرد، كە نەك تەنیا لە چوارچێوەی كۆمەڵگایەكی دیاریكراودا هەیە، بەڵكو لە ئاستی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا.

دیوێكی دیكەی دیاردەی جەمسەریبوون یریتییە لە ململانێی ئەو هێز و چینانە لە سەر ئاستی كۆمەڵگایەكی دیاریكراو و لە سەر ئاستی جیهاندا، كە پوختەكەی قایل نەبوونە بە پۆلێنكردنی بابەتی جەمسەربوون لە چوارچێوەی تاكە جەمسەری و فرە جەمسەری لە بازنەی بژاردەی سەرمایەداری و نیولیبرالیزمدا كە دەڕبڕی ململانێیی خاوەندارانی ئامرازەكانی بەرهەمهێنانە لە ئاستێكی جیهانیدا.

ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی بنەمایەكی گرنگە، كە بیرۆكە سەرەكییەكەی بۆ ماركس دەگەڕێتەوە و لە (مانفێست) و (سەرمایە)، ئاماژەی بۆ كردوە وەك بەشێك لە شوناسی ناكۆكی و ململانێكان كە بەشێكی لە نێوان تاقمە سەرمایەدارەكاندایە، و بەشی سەرەكیشی بریتییە لە ململانێی هێزی مرۆیی بەرهەمهێنەر و چینی كرێكار كە ئەمڕۆ خۆی لە تێكۆشانی بزووتنەوە سۆشیالیست و چەپەكاندا بەرجەستە دەبێت، و بەشێكە لە چەمكی شۆڕشی كۆمەڵایەتی دژ بە سەرمایەداری، و لەم بوارەشدا ناوەڕۆكی چینایەتی جەمسەربوون لە سەر ئاستی جیهاندا بە زەقتر دەردەكەوێت، و ململانێكان دەچێتە خانەی هەڵبژاردنی تەرزێكی دیكەی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و كەلتووری و ڕەوشتی، كە خۆی لە گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكی نوێخواز و ئەلتەرناتیڤ بۆ سەرمایەداری دەبینێتەوە، و دەچێتە خانەی پێداچوونەوەیەكی ڕەخنەگرانە بۆ چەمكی مۆدێرنە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP