دواین هەواڵ

پەنابەر وەك مەزڵوم و ئامراز

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

12/05/2022

تورکیا دەیەوێت ئەو پەنابەرە ئیگۆڕانەی کە ژمارەیان بە 50 هەزار کەس خەمڵێندراوە، لە سەرێ کانیێی ڕۆژئاڤای کوردستان نیشتەجێ بکات.

ئیگۆرەکان لە چین، کە موسوڵمانن و سەربە گروپی تورکیکن، هاوبەشییان لەگەڵ تورکدا هەیە لەهەندێك بەها و نۆڕمەکانییان، بەپێی هەندێك لە سەرچاوەکان، بەهۆی موسوڵمانبوونییانەوە، ڕووبەڕووی تاوانی جینۆساید دەبنەوە، بەشێکیش لەوانە پەنایان هێناوەتە بەر تورکیا.

تورکیا، لەڕێی سەرۆکی تورك ئەردۆگان، چەندین جار داکۆکی لێکردوون، ئێستاش دەیانەوێت، وەکو ئامرازێك بەکارییان بێنن بۆ بەتوركکردن ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەم ڕەفتارانەی تورکیای ئەردۆگان، بەداگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانیێ و چەند ناوچەیەکی دیکەوە، لەڕووی جۆرەوە هیچی لە ڕەفتارەکانی ڕوسیای پوتین کەمتر نیە.

ڕوسیا پەلاماری ئۆکڕاین دەدا، بە پاساوی ئەوەی دەستەڵات ئۆکڕاین مەترسییە لەسەر ڕوسیا. بۆیە شەرعییەتی بەخۆی داوە ئەو وڵاتە سەر لەبەری داگیر و وێران بکات.

تورکیاش، بەهەمان شێوە و پاساو ڕێگای بەخۆی داوە ڕۆژئاوای کوردستان داگير بکات، بەپاساوی ئەوەی دەستەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا مەترسین لەسەر تورکیا و بۆیە ڕێگا بەخۆی دەدات داگیری بکات و سەر لەبەری وێران بکات. پوتین و ئەردۆگان دوو ڕووی یەك دراون.

بێ ئەخلاقی سیستمی بیرکردنەوە و ئەخلاقییاتی پوتین و ئەردۆگان، کە هەردویان ڕەهەندی ئمپڕاتۆریی و داگیرکارییان هەیە، نەوەستێندرێت، مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دڕندەییەکی بێوێنە دەبێتەوە و هەموومان دەبینە قوربانی ئەو زوڵم و بێ ئەخلاقیییەی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و دەستدرێژی و داگیرکارییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP