دواین هەواڵ

سلێمانی لە "میجر سۆن"ەوە بۆ قوباد تاڵەبانی

‌مەجید ساڵح

12/05/2022

ئینگلیزەکان کاتێک لە ساڵی ١٩١٨ دێنە سلێمانی، بە هۆی جەنگی جیهانی یەکەم و سیاسەتی تورکەکان دژ بە گەلی کورد، دۆخی سلێمانی یەکجار پەرۆش و خراپ بووە، ئەدمودز لە کتێبی ("کورد، تورک، عەرەب"دا دەڵێ کە میجر سۆن هاتوەتە سلێمانی لاشەی خەڵک لە هەندێ کوچەو کۆڵان و ماڵی چۆڵکراودا بەجێ مابوو، چەند جارێکیش کۆشتی مرۆڤ خورابوو، دوو لەسەر سێی دانیشتوانەکەی قڕیان تێکەوتبوو، بە هەمان شێوە خەلکی گوندەکان دوو لەسەر سێیان یان کۆچیان کردبوو یان فەوتابون).

شێخ نوری شێخ ساڵح لە وتاریکیدا لە ٣ مارت ١٩٢٥ لە ژمارە ١٩ رۆژنامەی (ژیانەوە)دا بڵاوبوەتەوە بەم جۆرە باس لە بارودۆخی سلێمانی لەو سەردەمەدا دەکات (لەبیرمانە کە لەبرسانا باوک ئەولادو جگەر گۆشەکەی خۆی سەر ئەبڕی و ئەیکوڵان و ئەیخوارد. هەموو دیومانە کە لە ناوەڕاست بازاڕدا لەسەر لاکی کەرێکی تۆپیو کە لەبەین خۆماندا تەقسیمی بکەین چ شەڕو هەرایەک وقوعی ئەبوو. گۆشت سەگ و پشیلە.. و ئاردە دار دەست هەموو کەس نەئەکەوت.)

ئەدموندز دەڵێ یەکەمین ئەرکی میجر سۆن بریتی بو لەوەی (خۆراک بۆ برسیەکان و جلوبەرگ بۆ رووتەکان و تۆ و گەنم و جۆ و ئاژەڵ و کەرەستەی کشتوکاڵی بۆ جوتیارەکان دابین بکات).

ساڵێک دوای ئەم بارو دۆخە میجر سۆن لە پاڵ ئەم هەنگاوانەی بۆ بوژانەوەی بارودۆخی ئابوری سلێمانی، دەستی دایە رێکخستنی فەرمانگە و دائیرەکانی سلێمانی و کاروباری باج و سەرانەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە رێکخست. کۆی فەرمانبەرەکانی وەکو لە ژمارە ٣٥ رۆژنامەی پێشکەوتندا هاتوە بریتی بون لە (١٣٤٩) کەس. داهاتی ساڵانەشی بریتی بووە لە (٣٠٧٨٩٨٠) روپیە، خەرجیەکانیشی بریتی بوە لە (٩٩٨٦٥٠) روپیە؛ واتە ساڵانە سلێمانی (٢٠٨٠٣٣٠) روپیەی پاشەکەوت کردوە.

ئەم پارە زۆرەی سلێمانی وای لە بەغدا کردوە دوای بەشێک لەو داهاتە بکات، بەڵام هەر لەو ژمارەیەدا میجر سۆن ئەو داوایە رەت دەکاتەوە؛ چونکە گەر وای بکردایە وەکو خۆی دەڵێ : "ئەگەر بێت وا رێکبخرێت کوردستان زۆر شتی لە کیس دەچێت، قازانجی زۆرە بۆ عەرەب و عێراق، چونکە دیارە کوردستان پارە گەیشتن و دەست کەوتنی زیاتر بوە لە دان و خەرجکردنی".

لە ئێستادا سلێمانی داهاتەکانی هیچی کەمتر نییە لە سەردەمی میجر سۆن، بارودۆخی شارەکەش لە رووی برسێتی و بێبەرگیەوە لە گەڵ ئەو سەردەمەدا بەراورد ناکرێ، چی رێگرە لەوەی ئەم شارە خۆی خاوەنی داهاتەکانی خۆی نەبێ و بەشێوەیەک رێکیخات کە ژیانی خەڵک ببوژێنێتەوە؟!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP