دواین هەواڵ

دووا ڕۆژەکانی تاک جەمسەری

‌كاوە محمود

10/05/2022

وەرچەرخانە گەورەکان لە جیهاندا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە سیستمی نێودەوڵەتی جیهانەوە هەیە، دیاردەیەک نییە کتوپڕ و لە ناکاودا و لە چوارچێوەی لۆجیکی سودفە ڕوویان دابێت، بەڵکو یاسای کەڵەکەبونی گۆڕانکارییە چەندایەتییەکان بۆ گۆڕانکاری چلۆنایەتی بەسەریدا جێبەجێ دەبێت.

لەو باوەڕەدام ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لە دووا ساتەکانی قۆناغی سیستمی تاکە جەمسەریدا دەژی، و ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی ئەم سیستمەش بە کۆتایهاتنی شەڕی سەرمایەداری لە ئۆکرانیا دەستپێدەکات.

ڕووداوەکانی پێشتر ئەو ڕاستییەی بۆ مرۆڤایەتی خستەڕوو کە زاڵبوونی ئەمەریکا و سەپاندنی سیاسەتی تاکە جەمسەری خۆی بە سەر جیهاندا کە جگە لەو ئاراستەیە ئیمپریالزمی ئەمەریکای سەرکەوتوو لە شەڕی ساردا بژاردەیەکی دیکەی نەبوو، جیهانێکی هاوسەنگ لە بەرژەوەندییەکان و عادیلانە لە چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکاندا بەدی نەهێنا، هەرچەندە لە سەرەتای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و سیستمی دوو جەمسەری بەشێکی زۆری لێکدانەوە سیاسییەکان کەوتە ژَێر کارتێکردنی پڕوپاگندەی ئەوەی کە تاکە جەمسەری سیستمێکی نوێی دیموکراس وڕەوا بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی دابین دەکات، و جیهان لە دۆخی کۆتایی مێژوودا دەژی.

سیاسەتەکانی ئەمەریکا و فەرامۆشکردنی هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی و بەکارهێنانی هێز بە عەقلیتی پاسەوانی جیهان، و تاک لایەنی و مۆنۆپۆلکردنی بریارە چارەنووسازەکان لە کاتی مامەڵەکردن لە گەڵ ڕووداو، و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان کە بنەمای تێکڕای ئەو ئاراستەیە پشتی بە بەرژەوەندییە زیندووکانی ئەمەریکا دەبەست، ئاراستەی "خۆزگە بە شەڕی سارد"ی لای زۆر لە ناوەندەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی درووست کرد، و جگە لەمەش بەرژەوەندییە ناکۆکەکان و بەردەوامبوونی ململانییەکان لە چوارچێوەی خودی سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخ و سیاسەتی نێودەوڵەتییدا لە ماوەی سی ساڵی ڕابووردوودا، لاسەنگی نێوان بەرژوەندییەکانی سەرمایەدارە حوکمرانەکانی جیهان درووست کرد، و ئەو لاسەنگی و ناکۆکییە هەردەم لە مێژوودا قەیرانی گەورەی درووست کردوە، و پێویستی بە وەرچەرخانی توند هەبووە، و زۆر جاریش لە ڕیگای شەڕی سەرمایەدارییەوە یەکلابۆتەوە، نموونەی شەڕی یەکەم و دووەمی جیهان و هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت و شەڕی ئێستای ئۆکرانیا ئاماژەیە بۆ ئەو بابەتە.

دیاردەکانی دەستپێکی دووا قۆناغەکانی تاکە جەمسەری لە ماوەی دە ساڵی ڕابووردوودا لە جیهاندا بەدیار کەوتووە.

لە ناوچەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بەتایبەتی لە قوقاز، روسیای سەردەمی پۆتین سیاسەتی فراوانخوازی ناتۆی ڕاگرت، و وەک کارایەکی نێودەوڵتی مامەڵی لە گەڵ بابەتی ئەبخازیا و دوواتر تاجەکستان و بلەروسیا مامەڵی کرد، و ئەو هەنگاوەش پشتبەستوو بە پاشخانی هەنگاوەکانی پێشتر کە بریتیبوون لە کۆتایپێهێنانی سەردەمی یلتسن و نەهێشتنی مافیا و شەڕ لە شیشان، و زەمینەخۆشکردن بۆ گەشەپێدانی سەرمایەداری ڕووسیا.

هەنگاوەکانی ڕووسیا تەنها ئەو ناوچەیەی نەگرتووە، و توانی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە "ئاوە شلەتینەکان" کە مەبەست لێی دەریایی ناوەڕاستە بپارێزێت، و ئەم هەنگاوەشی لە پشتگیرکردنی بۆ سیستمی ئەسەد لە سوریا دەرکەوت.

ئەم هەنگاوانەی ڕووسیا لە بواری ڕاگەیاندنی سیاسیدا دەرکەوت و هەر بۆ نموونە لافرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆتاییەکانی 2019 لە وتارێکیدا لە بەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان باس لە فرەبوونی شارستانییەکان لە جیهاندا دەکات وەک ئاماژەیک کە ناکرێ یەک شارستانی خۆی بە سەنتەری جیهان بزانێت، و لەو وتارەشیدا باس لە فرەجەمسەری لە جیهاندا دەکات.

لە رۆژهەڵاتدا، چین وەک هێزیکی گەورە و کارای بواری ئابووری پەرەی سەند، و ئابووری چین دووەم ئابووری جیهانی لە دووای ئەمەریکا و یەکەم ئابوورییە لە بواری ڕێژەی گەشەسەندندا، پێکدێنێت. لە بواری سیاسیدا سەرۆکی چین شی حین بینگ بیرۆکەی "کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی"ی خستەڕوو کە بنەمای ئەم چەمکە نوێیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بریتییە لە تێکەڵبوون و هاوسازی تێکڕای شارستانییەکان و بەشدارییان لە چارەنووسی مرۆڤایەتدا، و ئەمەش ئاماژەیەک بۆ قایل نەبوون بە تاکە جەمسەری.

لە لایەکی دیکەوە ئەگەر هەڵسەنگاندنی بابەتی بۆ سیاسەتەکانی ئەمەریکا دووای کۆتایهاتنی شەڕی سارد و ڕاکەیاندنی تاکە جەمسەری بکەین، ئەوا شکستییەکانی ئەو سیاسەتە لە عێڕاق و ئەفغانستان و ئێران، و مامەڵەکردن لە گەڵ ڕووداوەکان لەوانە "بەهاری عەرەبی" دەردەکەوێت.

هاوکات لە گەڵ ئەم بابەتانە ئەوەی بە زەقی ڕچاو دەکرێت ڕۆڵی هێزە هەرێمایەتییەکانە کە بەردەوام لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش هاوپەیمانی بەردەوام یان کاتی دەبەستن وەک تورکیا و ئێران، و هاوپەیمانە ئابوورییە هەرێمایەتییەکان لە ئاسیا.

سەرەڕای تێکرای ئەم خاڵانەی خرانە ڕوو سەبارەت بەو هەلومەرجەی کە ئاماژەیە بۆ کۆتایهاتنی قۆناغی تاکە جەمسەری لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هۆکاری سەرەکی نەزۆکی ئەم ئاراستەیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ شوناسی سیستمی سەرمایەداری نێودەوڵەتی و ڕەوشی خودی گەڵەبالیزمی سەرمایەداری دەگەڕێتەوە.

سەرەتای بانگەشەکردن بۆ تاکە جەمسەری بە بابەتی لێهاتوویی مێژوویی سەرمایەداری و توانی بۆ وەڵامدانەوەی سەرجەم پرسیارە ئاڵۆزەکانی جیهان لە بواری ئابووری و گەشەکردن، و کۆتایهاتنی قەیرانەکان، بەسترایەوە، و جگە لە باسکردنی سیستمێکی نوێی نێودەوڵەتی دیموکراسی و عادیلانە لە بواری پەیوەندی نێوان گەڵان و دەوڵەتاندا. بەڵام زۆری نەبرد گەورەترین قەیرانی ئابووری لە 2008 ڕووی دا جگە لە هەرەسهێنانی سیستمی تەندروستی لە جیهان لە ئاکامی کۆڤید 19، و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە زیادبوونی رێژەی نایەکسانی لە داهات، و بێکاری و هەژاری و برسێتی، و فراوانبوونی ناوەندە پەراوێزخراوەکان لە جیهاندا هەیە.

تێکڕای ئەم خاڵانەی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە جیهانی ئەمڕۆ لە سەرجەم بوارەکانیدا جیهانی کۆتایهاتنی شەڕی سارد نییە، و ڕووداوەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لە دووا ساتەکانی تاکەجەمسەریدایە، و گۆرانکاری چلۆنایەتی بە کۆتایی شەڕ لە ئۆکرانیا دەردەکەوێت، و بۆ ئەم بابەتەش باس لە کۆمەڵێک ئەگەر دەکرێت، لەوانە:

ــ کارکردنی ناتۆ و ئەمەریکا لە بەردەوامبوونی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی بە پەلە و کتوپڕ لە بەرژەوەندی ڕووسیا کۆتایی نەیەت کە لەو حاڵەتەدا ماناکەی ڕاگەیاندنی دوو جەمسەرییە.

ــ ئەگەر شەڕ بە پێی نەخشە و بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا کۆتایی نەیەت، ئەوا دیسانەوە مانەوەی تاکە جەمسەری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە گەڵ گۆرانکارییەکانی چەند ساڵی ڕابووردوو ناگونجێت، چونکە لە بنەڕەتدا بنەماکانی تاکە جەمسەری کۆتایی هاتووە، و ئەگەر ئەمەریکا و ناتۆ لەو باوەڕەدا بێت کە بەشەڕ بوار نادات تاکە جەمسەری کۆتایی بێت، ئەوا بە شەڕیش تاکە جەمسەری بەردەوام نابێت.

ـ کۆتایی هاتنی شەڕی سەرمایەداران لە ئۆکرانیا بە هەر شێوەیک بێت ئاکامەکانی وەک کۆتایی یەکەمین و دووەمین شەڕی جیهان یان هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت نابێت.

ڕەوشی ئابووری وکارتێکردنی خۆی بە سەر ململانییەکان لە جیهاندا جێ دەهێلێت، و لە کۆتاییشدا سەرجەم جەمسەرە سەرمایەدارەکان دووای کۆتایهاتنی تاکە جەمسەری بەلاوازی دەردەکەون و هاوسەنگییەکی ناسەقامگیر لە ڕەوشی نێودەوڵەتی درووست دەبێت، و لەو باوەڕەدام ئەم ڕەوشەش لە بەژەوەندی چینی کرێکاران و ڕەنجەرانی بیروبازو و گەلانی زۆرلێکراوانی جیهانە لە تێکۆشانیان بۆ ئایندەیەکی گەش و سەربەخۆیی و خستەڕووی جێگرەوەی سۆشیالیستی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە ئاستی سەرجەم مرۆڤایەتی بۆ گەشەپێدانی ئازاد و پەیوەندییەکی نوێ لە سیاسەتی نێودەوڵەتی کە بەرژەوەندی گەلان بە هەند وەربگرێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP