دواین هەواڵ

شەڕی ئۆکرانیا: چەند سەرە قەڵەمێک

‌د.سەردار عەزیز

07/05/2022

شەڕی ئۆکرانیا ئەو ڕوداوەیە کە دونیا دەگۆڕێت و لە هەناویدا دونیای نوێ بەرجەستە دەبێت، بەڵام دونیای ئێمە لە گوێ گادا نوستوە. ئێستا کییەڤ مەککەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە. هەر سیاسییەک سەردانی ئەوێ بکات، خۆی بە سەرکەوتوو و جەنگاوەر دادەنێت.

هەر سیاسییەکیش ڕێگەی پێنەدرێت وەک سزا دراو تەماشا دەکرێت، بۆ نمونە سەرۆکی ئەڵمانیا. ئەوروپایی ئەمریکییەکان، سەرەتا هەوڵیاندا شەڕەکە ناوبنێین شەڕی پوتین، بە مەبەستی ئەوەی دایبڕن لە خەڵکی ڕوسیا و لە ڕێگای ئابلۆقەوە، فشار بۆ سەر پوتین دروست بکەن، بەڵام دەرکەوت شەڕەکە شەڕی پوتین نیە بەتەنها بەڵکو ڕەگی هەیە لە سایکی زۆرێک لە نوخبەی سیاسی ڕوسیدا. بۆیە ئێستا شەڕەکە شەڕی ڕوسیایە. ڕوسیا دەبێت لاوازبکرێت، ئەمە سیاسەتی ئێستای ئەمریکایە.

کاتێک وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری بە فڕۆکە چونە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە پۆڵۆنیا و پاشان بە شەمەنەدەفەرێکی جام تاریک، ڕۆشتن بۆ کییەڤ، لە گەڕانەوەیاندا ئەوەیان ڕاگەیاندا کە ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە توانای سەربازی ڕوس وەها لاواز بکات کە جارێکی تر نەتوانێت کاری وەها بکات. گرتنی کوێت لە لایەن عێراقەوە و وێرانکردنی سوپای عێراقی بهێنەوە بیری خۆت. هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان سوپای ڕوسی و سوپای عێراقی، نەک تەنها لە دزی و لاقەکردنی ئافرەتان بەڵکو لەزۆر ڕوی ترەوە. ئەڵمانیا توشی گێژاوێکی گەورە بوە لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا. وڵات وەک گوێی گوێ درێژ، نیوە بە نیوە پەرتبوە.

لە ڕۆژانی ڕابوردودا ٢٨ بە ناو ڕۆشنبیری ئەڵمانی نامەیەکیان بۆ شوڵتز نوسی کە هاوکاری ئۆکرانیا نەکات بە چەکی قورس. بەڵام بە توندی وەڵامدرانەوە. ئەڵمانیا لە پاش جەنگ، کەوتە دۆخێکەوە کە خەمی جیوپۆلەتیکی نەبوو. سەرقاڵی زانست و ئابوری بوو. بەڵام چیدی ئەو سەردەمە نەما لە پەنای ئەمریکادا ببوژێیتەوە و سوکایەتی بە ئەمریکا بکەیت. ئێستا ئەڵمان لە ڕوس و ئەمریکاش دەترسن. ئەمە دۆخی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپایە. ڕوسیا وەک دۆڕاو دەبینرێت.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دۆڕانی ڕوسیا نەبونی دیموکراسییە. هەرگیز سوپای نادیموکرات لە سوپای وڵاتی دیموکراسی ناباتەوە. هۆکارەکەشی ئاسانە. لە وڵاتی نادیموکراسیدا کەس ناوێرێت ڕاستی بە سەرۆک بڵێت و سەرۆک دەوری خۆی بە ماستاوچی و لەبلەبان دەگرێت ئیتر نازانێت دخۆی ڕاستەقینەی دونیا چیە.

چین جارێ لەم دەیەیەدا باسی هێرشی سەر تایوان ناکات. جارێکی تر ئەمریکا گەڕایەوە بۆ دونیا. هەمیشە ئەمریکا پاش شکست، بە دوای ڕوداوێکدا دەگەڕێت بۆ سەپاندنی بونی خۆی. پاش کابول و عێراق، ئۆکرانیا دەرفەتە. لاوازبونی روسەکان گەورەترین دەستکەوتە بۆ مرۆڤایەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP