دواین هەواڵ

سەردەمی گواستنەوەو بێهیوایی

‌د.سەردار عەزیز

05/05/2022

لە مانیفێستی کۆمیونیستدا بڕگەیەک هەیە دەربارەی گواستنەوە لە قۆناخی فیوداڵەوە بۆ قۆناغی بۆرژوازی. لەوێدا مارکس باس لە سروشتی بۆرژوازیەت دەکات وەک سیستەمێک کە ناچارە هەمیشە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی نوێ بکاتەوە یان شۆرشیان تیادا ئەنجام بدات. پاشان لە کۆتایی بڕگەکەدا باس لە ئەو هەموو پەیوەندییە چەسپیو و بەستەڵەکیی و ڕەقهەڵاتوانە دەکات کە بونیادی سەردەمی فیوداڵ بوون و بە هاتنی بۆرژوازیەت ئەوەی ڕەقە لە هەوادا دەتوێتەوەو ئەوەی پیرۆزە دەبێتە ئاسایی.

ئەمە یەکێکە لە ساتەوەختەکانی گواستنەوە. یەکێک لە گەورەترین و شۆرشئامێزترین گواستنەوەکان. ئەوەی ئەم گواستنەوەیە جودا دەکاتەوە لە ئەم سەردەمی گواستنەوەی ئێمە، ئەوەیە کە دەزانرێت لە چ قۆناغێکەوە دەگوێزرێیتەوە بۆ چ قۆناغێک. دەزانرێت چی دەڕوات و چی جێگای دەگرێتەوە.

لە پاش ئەو دەگوێزینەوە بۆ قۆناغێک کە ئەوەی هەیە دەمرێت بەڵام جێگرەوە دیارنیە، لە ئەنجامدا ناوەندێکی تایبەت دروست دەبێت، کە گرامشی ناوی دەنێت، interregnum دۆخێک کە تیایدا دیاردەی خراپ یان کوشندە ئەنجام دەدرێت. بە هەمان ئاواز هەنا ئارێنت دەڵێت: no longer , not yet کە یانی ئەوەی کە هەیە چیدی کاریگەریی و قورسایی نەماوە، بەڵام ئەوەی کە دەبێت بێت هێشتا نەهاتوە.

ئێمە لە ئێستادا لە دۆخێکی تەواو جیاوازترداین. دۆخێک کە دەزانین ئەوەی کە هەیە دەڕوات، زۆرێکمان نامانەوێت بڕوات. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نازانرێت ئەوەی کە دێت چیە.

لەکاتێکدا دەزانرێت دۆخێکی تر دێت، بەڵام دۆخێکە ڕەنگە هێندە ڕادیکاڵ بێت نەتوانرێت وێنای بکرێت یان هێندە پەرتەوازەبێت نەتوانرێت بە ئاسانی ناوبنرێت یان هێندە ئالۆزبێت نەتوانرێت بە ئاسانی بەهای بە سەردا بچەسپێنرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP