دواین هەواڵ

پەكەكە لەكام بەرەیە

‌كاروان حسێن

04/05/2022

خەباتی خەڵكی باكوری كوردستان لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەكانی، رەوایە و هەموو تاكێكی كوردیش پشتیوانی ئەو مافەدەكات، پەكەكە كە خۆی بە ئالا هەڵگری  رزگاری كوردانی باكوری كوردستان دەزانێت نەك نەیتوانیوە دۆزی كوردستان لەو پارەچەیەی كوردستان بەرێتە پێشەوە، بەڵكو بۆتە بەربەستیش لەبەردەم  پارچەكانی دیکەی كوردستان .

ئەگەر چاو بەمێژوی سیاسی و خەباتی چەكداری پەكەكە بخشێنینەوە، دەبینین پڕە لە هەڵەی ستراتیژی گەورە و كارو كردەوەكانیشیان ئەوەندەی خزمەتی بەدوژمنانی كورد كردوە، هێندە سوودی بۆ دۆزی كورد نەبووە.

فكرو ئایدیای پەكەكە، ئەوەندەی لەماركسیست و چەپە توندرەوەكانەوە نزیكە، هێندە لەخەباتی نەتەوایەتی كوردەوە نزیك نەبووە. ئایدەلۆژیای ئەم پارتە بەشیوەیەك ئەندامە و كادرو چەكدارەكانی گۆشكردوە كە لەدەرەوەی خۆیان هەموو هێز و بیرێكی تر رەتبكەنەوە، هەرئەوەش بۆتە بنەما بۆ ئەوەی پەكەكە دەیان گروپ و رێكخراو لقو پۆپی خۆی كۆپی بكات بۆ باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان .

لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی پژاك و لەرۆژئاوا  یەپەگە و لە  باشوریش بەدەیان ناوی جیاوازی وەك هێزەكانی پەبەشە و پارتی چارەسەری و چەندانی دیکە .

ئەوەی ئاگاداری دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان بێت، دەبینێت پەكەكە بۆتە ڕێگر لە بەردەم خەباتی حیزبەكانی رۆژهەڵات و تەنانەت لەو ناوچە سنوریانەی باڵادەستن، رێگری لەخەباتی حیزبەكانی رۆژهەڵات دەكەن و  ڕیگەش نادەن بارەگایان بكەنەوە. ئەوە جگە لەو رێككەوتنە ژێر بەژێرانەی كە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی  ئێران هەیانە و  بونەتە پاسەوانی بەرژەوەندییەكانیان لە ناوچەكەدا.

خۆ ئەگەر سەیرێكی رۆژئاوای كوردستانیش بكەین دەبینین پەكەكە، بۆتە مایەی بەدبەختییەكی گەورە و هۆكار بووە بۆ لەدەستدانی چەندین دەسكەوتی گەورە لەو پارچەیەی كوردستان ئەگەر لەو سیاسەتیش بەردەوامبێت و دەست تیكەڵكردنەكانی لە گەڵ سوپای ئەسەد و میلیشیاكانی ئێران بەردەوام بێت بەدور نابینرێت ئەو ئەزمونەی رۆژئاواش لەبار ببرێت .

پەكەكە لەباكوری كوردستانیش گەرچی باس لەخەباتی چەكداری دەكات بەڵام، چەندین ساڵە نەیتوانیوە هیچ چالاكییەك ئەنجامبدا و لەرووی سیاسیشەوە بۆتە ماڵویرانی بۆ خەڵكی ئەو پارچەیەی كوردستان، لە باربردنی پرۆسەی ئاشتی و دەستخستە ناو كاروباری سیاسی " پارتی دیموكراتی گەلان" هێندەی تر زیانی بەدۆزەكە گەیاندوە.

پەكەكە لەباشوریی كوردستانیش دەردەسەری گەورە بوە و لەساڵی 1991 تاوەكو ئەمرۆ لەگیچەڵی سیاسی و سەربازی لەدژی دەسكەوتەكانی ئەم بەشەی كوردستان نەوستاوە و هەرجارەی لەژێر ناوێك خەریكی شەر فرۆشتنە بەدەستكەوتەكانی  هەرێمی كوردستان. رونیشە كە پەكەکە ئەم كارانە لە خۆرا ناكات و  ئەجندای دوژمنەكانی كوردستان دەباتە پێشەوە.

لقو پۆپەكانی پەكەكە لەرۆژئاوای كوردستان، رێگە بەهیچ هێزێكی سیاسی نادەن ئازادانە كاری خۆی بكات بەڵام لەباشور هێزی چەكدار دروست دەكا و خەڵك دەرفێنێت، بازگە دادە نێت،  پەكەكە كەشوێنی خەباتی چەكداری لە باكوری كوردستانە ئەوێی جێهێشتوە و پەلكێشی سوپای توركی كردوە، بۆ ئەوەی باشور بكاتە شەرگە، بەئامانجی لەنێو بردنی باشور .

پەكەكە، لەشارەكانی سلێمانی خۆی دەخزێنێتە ناو خۆپیشاندەرانی سلێمانی و هەڵدكوتێتە سەردامەزراوە شەرعییەكانی حكومەتی هەرێم، لەو لاشەوە خەریكی هاوپەیمانێتییە لەگەڵ میلیشیاكانی سەر بەئێران .

پەكەكە، لە شەنگال هێز دروست دەكات و دژی گەرانەوەی حیزبەكانی باشورە و هێزە پێشمەرگەیە، بەڵام لەگەڵ میلیشیای ئێران هاو پەیمانێتی ئەكاو بەدەستی ئەوان و ئەجندای ئەوان خەریكی دژایەتی پێشمەرگەن . 

كردەوەكانی پەكەكە هەر ئەوەندە نەبووە ، فراندنی منداڵانی باشور و بەزۆر كردنە چەكداریان، رفاندنی كادری حیزەبەكانی باشور،  دانانی بازگە و لێسەندنی سەرانە بەناوی گومرك خەسەڵەتێكی تریان بوە.

راگەیەندراوەكەی ئەمشەوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە رزگاركردنی سێ‌ هاوڵاتی بیانی لەدەست پەكەكە بەناوەكانی "ڤنسنت مارك ئه‌لیكسانده‌ر" و  "جین دیڤۆڵ" هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكایی و "ئێمر ئێدوارس" هاووڵاتی بەریتانیی  سەلمێنەری ئەو راستیانەیە كەباسم لێوەكردون .

دەستگیركردن و دەستبەسەر كردنی هاوڵاتیانی بیانی دەچێتە خانەی تیرۆرەوە و دەبێتە هۆی لەكەداركردنی ناوبانگی كوردستان بەداخەوە پەكەكە لەبری خزمەت گەیاندن بەدۆزی كورد بۆتە هۆی لەكەدار كردنی ناوبانگی كوردیش لەئاستی جیهاندا .

ئاخر كارەساتی ئەقڵی سەركردایەتی ئەم رێكخراوە لەوەدایە لە ئێستادا پەلاماری باشوردەدات و لەدژی سوپای عێراق شەردەكات، خەڵكی بیانی دۆستی كورد دەسبەسەر دەكات و كادری حیزب دەرفێنیت و مەیدانە ئەساسیەكەشی كەباكوری كوردستانە حێی هێشتوە .

"كوردو كرمانجی" ئەوەی پەكەكە دەیكات، تەنیا ئاوكردنە ئاشی دوژمنانە و زیانگەیاندنە بەدۆزی رەوای كورستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP