دواین هەواڵ

مەحمود سەرخی، زەنگێك بۆ ئاگادارکردنەوە!

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

19/04/2022

دوابەدوای وتاری ڕۆژی هەینی یەکێك لە شوێنکەوتوانی مەحمود ئەلسەرخی، بەناوی عەلی ئەلمەسعودی (وتارخوێنی نوێژی هەینی) لە شاری بابل، ڕۆژی سێشەممەی 12ی ئەپریل، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە دەستگیر کرا، بەتۆمەتی ئەوەی کە لە وتار هەنیدا گوتوویەتی؛ قەبر و مەزارگەکان بیدعەن و پێغمەبەری ئیسلام داوای لە عەلی کوڕ ئەبو تاڵیب کردووە، هەرچی مەزارگە هەن تێکییان بدات، چونکە پێچەوانەی بنەماکانی ئایینن. هەمووشمان دەزانین بەشێك لەو مەزارگانە بریتین لە ڕێبەرە ڕوحیەکانی شیعە، وەکو ئیمامی عەلی و ئیمام کازم و تاد.

دوای ئەوە، لە بەغدای پێتەخت و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، شیعە توڕەکان لەو وتارە، پەلاماری ژمارەیەك لە مزگەوت و حوسەینیە و بنکەکانی سەر بە ڕەوتی سەرخییان دا و ئاگرییان تێبەردان. لەولایەشەوە، موقتەدا سەدری سەرکردەی ڕەوتی سەدر، (کە خۆی بە وەسی بەسەر هەموو شیعەکانەوە دەزانێت)، سێ ڕۆژی مۆڵەت دان بە مەحمود سەرخی بۆ ڕاگەیاندنی بەرائەتی خۆی لە مەلا عەلی مەسعودی، ئەگینا پەنا بۆ ڕێکارە قانونی و شەرعی و عورفییەکان دەبات. هەڵبەت ڕێکارە قانونییەکان دیارن، بەڵام شەرعییەکان خۆی لە تەکفیر و بەزندیق زانین و دواییش فەتوای کوشتندا دەبینێتەوە، ڕێکارە عورفیەکانیش بریتین لە پەلاماردان و سوتاندن و کوشتن و وێرانکردن.

هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش، هەڵمەتێکی بەرفراوانییان کردۆتە سەر هەوادار و شوێنکەوتووانی ئەلسەرخی و هەموو بارەگا و بنکەکانیان داخستوون و خەڵکێکیشییان دەستگیر کردووە. وەزارەتی ناوخۆش لە بەیاننامەیەکدا، بزووتنەوەکەی بە لە ڕێلادەر ناوزەد کرد. وەکو ئەوەی کە ئەو وەزارەتە هی هەموو هاوڵاتییان نەبێت. چارەنوسی ئەلسەرخیش تا ئێستا دیار نیە.

مەحمود ئەلسەرخی کێیە؟

ئەو مەلایە لە گەڕەکی کازمییەی بەغدا لە 1964 لەدایك بووە، بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانیدا لە زانکۆی بەغدا لە 1987 بەدەست هێناوە. بۆ ماوەیەك دەرسە ئاینییەکانی لەلای محەمەد سادق ئەلسەدر (باوی موقتەدا سەدر) خوێندوون. هەر ئەوەش وایکردووە دوای هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق لە 2003 ئەلسەرخی بووە بە ئەندامی میلشیای سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر. بەڵام دواتر لە میلیشییای ئەلمەهدی جیابۆتەوە و میلیشیایەکی تایبەت بەخۆی دروست کردووە بەناوی (سوپای حوسەین)  کە ئەو سەردەمە ژمارەیەك هێرشییان کردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

بیر و راکانی ئەلسەرخی جیاوازن لە ڕا و بۆچوونەکانی مەلاکانی شیعە لە عێراق. ئەو خۆی بە شوێنکەوتەی محەمەد باقر سەدر و محەمەد سادق سەدر دەزانێت، کە یەکەمیان لەساڵی 1980 لەلایەن ڕژێمی سەددامەوە لە سێدارە درا، دووەمیشییان لە ساڵی 1999 تیرۆر کرا.  هەروەها، لە هەڵوێستەکانی دژایەتییەکی توندی هەژموونی کۆماری ئسلامی ئێران لە عێراق دەکات و پێی وایە شیعەی عێراق کەوتوونەتە ژێر هەژموونی ئێران، وتارێکی ئایینی شیعە نابینێت و ئەوەی هەیە وتاری ئێرانییە و هیچ پەیوەندی بە مەزهەبی شیعەوە نیە. هەروەها دژ بە مەرجەعییەتی عەلی سیستانی و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق و هەموو ئەو هێز و لایەنانەیە کە نزیکن لە ئێران. لەهەمان کاتیشدا خۆی بە مەرجەعێکی شیعەی عەرەبی دوازدە ئیمامی دەناسێنێت.

بەو جۆرە، لەلایەکەوە، زۆرینەی شیعەکان بە حیزب و کەسایەتییە سیاسی و ئایینیەکانیانەوە دژ بە مەحمود سەرخین و بەکەسێکی گێرەشێوێن و سەرلێشێواو و بە وەههابی دەزانن. لەلایەکی دیکەوە، لەڕوانگەی هەندێك شیعە و سوننەکانەوە، ئەلسەرخی زانایەکی میانەڕەوی شیعەیە چونکە دژ بە شەڕی تائیفی بوو و داوای دەکرد دەوڵەتێك لە عێراق بینا بکرێت بۆ هەمووان بێت بە چاوپۆشین لە مەزهەب و ئایین و نەتەوە. هەڵبەت، شوێنکەوتووانیشی بە هەزاران کەس دەبن و لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقدا هەن بەتایبەتیش لە کەربەلا، ناسرییە، دیوانییە و بەسرە.

عێراق، وەکو دەوڵەت، ئەگەر بڕیارە دەوڵەتێکی مەدەنی، دیموکراسی، دەستوری بێت، لەسەریەتی پارێزگاری لەهەموو ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان بکات. ئەو پیاوە و هەوادارانی ئێستا پەنایان بۆ توندوتیژی نەبردووە. قوتابخانەیەکی ئایینی تایبەتن و ڕا و بۆچوونی تایبەت بەخۆیان هەن. بۆیە لەڕووی قانونی و بنەما دیموکراسییەکانەوە:

یەکەم: ئەگەر بڕیار بێت حکومەت هی هەموو خەڵک بێت، دەبێت ڕێگا لە بەکارهێنانی توندوتیژی بگرێت، نەك بچنە پاڵ ئەو گێرەشێوێنانەی دژ بە سەرخین و دەست بە ڕاوەدوونانی ئەو خەڵکە بکەن. ئەرک و کاری دەزگا ئەمنییەکان پاراستنی هاوڵاتیانە بەپێی قانون، دەستگیرکردن و ڕاوەدوونانی خەڵك، تەنها بەهۆی هەواداریان بۆ ئەلسەرخی، پێچەوانەی قانون و مافەکانی مرۆڤە.

دووەم: دەوڵەت موڵکی هەموو هاوڵاتیانە، لەسەر بنەماکانی ئازادی ڕادەربڕین، بەها و نۆڕمە دیموکراسییەکان و یەکسانی هەمووان لەبەردەم قانوندا. هەرکەس ئازادە لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و دەربڕینە ئاینییەکان، مادام پەنا بۆ توند و تیژی نابەن.

سێیەم: مەلایەك ڕایەکی پێچەوانەی بیر و باوەڕی خەڵكی شیعەی دەربڕیوە، هەوادار و شوێنکەتوانی ئەو ڕەوتە، کە خەڵکێکی شوێنکەوتو و بێگوناهن، چ تاوانێکیان هەیە بەو جۆرە پەلامار بدرێن و ڕاو بنرێن؟ پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە، وەها خەڵكێك کە لە خۆیانن، بەو جۆرە پەلامار بدرێن، ئەی ئەگەر سبەی ڕۆژ مەلایەکی کورد وەها ڕەخنەیەك لە شیعە بگرێت، دەبێ چۆن کوردستان نقومی خوێن بکەن؟

چوارەم: موقتەدا سەدر، لەوەها دۆخێکدا دەناسرێت، کە کەسێکە تاکە هەوڵی بوونە بە مەرجەعی باڵای شیعە و ڕێبەری ڕەهای عێراق، بەڵام لەبنەڕەتدا کەسێکی مەزهەبیی توندڕەوی شیعەیە و هەرگیز وەکو سەرکردەیەکی نیشتمانی ناتوانێت بیر بکاتەوە و ڕەفتار بکات. پاشان ئەو حکومەت نیە تا سێ ڕۆژ مۆڵەت بدات بە ئەلسەرخی. ئەی حکومەت لەکوێیە؟

پێنجەم: بەپێی هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنم بۆ ڕەوتی شیعە لە عێراق، کە جەماوەرێکی زیاتر نەخوێندەوار و دەمارگیری هەیە، زۆرینەیان ڕۆحی لێبووردەیی و پێکەوە ژیان قبوڵ ناکەن، نموونەش کۆچڕەوی کەمینەی ئایینیی سابیئەکانە بۆ کوردستان کە زۆربەیان لە بەسڕە و ناوچە شعییەکانی دیکە دەژیان. ڕەوتی شیعە بەگشتی باوەڕییان بە بڵاوکردنەوەی تەشەییوع هەیە و تەبشیرین، ئەمەش وادەکات پڕۆسەی بەشیعەکردن، وەکو ئەوەی لەبەرامبەر کورد و بەلوجەکان دەکرێت لە ئێران، بەڵام ئێران لەو ڕووەوە، بەبەراورد لەگەڵ شیعەی عێراق (ئەگەر دەستەڵاتیان هەبێت) بەهەزار ئاو شۆردراوەتەوە. بۆیە، مەترسییەکی گەورەیان لەسەر ئایندەی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق هەیە، ئەگەر دەستەڵات بەیەکجار بۆ ئەو ڕەوتە یەکلا ببێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP