دواین هەواڵ

پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت هێز راده‌ستی كوردستان بكه‌ن نه‌ك تێكه‌ڵی بكه‌ن

‌رێكان سه‌باح

29/12/2021

له‌ ئێستادا گفتوگۆی چڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ئه‌ركیان له‌عێراق كۆتایی هاتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، تا ئێستا مه‌ترسیه‌كان هه‌ر ماون، تاو نا تاوێك تیرۆرستانی داعش په‌لاماری سه‌نگه‌ری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقی ده‌ده‌ن، له‌ چه‌ند رۆژی رابردووش شه‌هید بوون و بریندار بوون بوونی هه‌بووه‌، كه‌وایه‌ ته‌واو بوونی ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ئه‌وه‌نده‌ی له‌رووی سیاسیه‌وه‌ به‌ئامانج گیراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌رووی ئه‌منی و سه‌ربازیه‌وه‌ نیه‌،

چونكه‌ هێشتا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقی له‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ی هێرشی تیرۆرستی دایه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ هێشتا هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق به‌كوردستانیشه‌وه‌، په‌رته‌وازه‌ن به‌سه‌ر باڵی سیاسی و هێزی سیاسی، كه‌وایه‌ پاشه‌كشه‌ی هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان به‌هه‌موو پێوه‌رێك مه‌ترسی له‌سه‌ر عێراق و كوردستان دروست ده‌كات، به‌ڵام قه‌باره‌ی ئه‌و مه‌ترسیه‌ چه‌نده‌ و چۆنه‌، جارێ ده‌بێت سه‌یری ده‌رئه‌نجامه‌كان بكرێت، ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه‌ و شایانی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر بكرێت، بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌،

تا ئه‌م چركه‌ ساته‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابه‌ش سه‌ر دوو زۆنی ئیداری و سیاسی بوونه‌، هێشتا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزبی سیاسی دان، كه‌وایه‌، پرسیار لێره‌یه‌، ئایا هێزی حزبی سیاسی ده‌توانێت كوردستان بپارێزێت؟

بێ شك هێزی حزبی ناتوانێت كوردستان بپارێزێت، چونكه‌ ئاراسته‌ و فه‌رمانی سه‌ربازی له‌روانگه‌ی سیاسیه‌وه‌ دێت، كه‌وایه‌ بچوونی جیاوازی سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ره‌شه‌كان هه‌یه‌، به‌نموونه‌، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌وه‌ی روویدا جیاوازی بۆچوونی سیاسی دوو حزبی سیاسی بوو، وای كرد له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكدا كۆی هێزه‌كانی دابه‌ش ببن به‌سه‌ر " شه‌ڕكه‌ر و شه‌ڕ نه‌كردن، ئالێره‌دایه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ ته‌واو پشت راست ده‌بێت، كه‌ " هێزی چه‌كداری حزبی ناتوانێت، كوردستان بپارێزێت، جا ئه‌و هێزه‌ هه‌ر جۆڕێك بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ر نیه‌تێكی باشیش بێت، كه‌وایه‌ ده‌بێت چ بكرێت؟

له‌ حه‌قیقه‌تدا تێكه‌ڵاو كردنی هێزی حزبی واتا " تێكه‌ڵكردنی یه‌كه‌ی 80 و 70 یان هێزی پشتوانی یه‌ك و دوو یان هه‌ر یانێكی تر به‌مانایی یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌ نایه‌ت، ده‌بێت پارتی و یه‌كێتی راستگۆبن له‌ ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ كوردستان، واتا پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت هێزی چه‌كدار راده‌ستی كوردستان بكه‌ن، له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور یاسا رێكبخرێت،

ئه‌وه‌ كوردستان ده‌كاته‌ خاوه‌نی سوپا نه‌ك تێكه‌ڵكردنیان، تێكه‌ڵكردن ده‌مامكێكی راستگۆیانه‌ نیه‌، وه‌ به‌مانا خۆدزینه‌وه‌ش دێت، له‌ راده‌ستكردنی هێز به‌ كوردستان، راده‌ستكردنی هێز به‌كوردستان واتا دروست كردنی سوپای نیشتمانی، سوپایه‌ك كه‌ له‌ژێر سێبه‌ری ده‌ستوور و یاسا رێكخرابێت، نه‌ك له‌ ژێر فه‌رمانده‌ی فڵان به‌رپرسی حزب و فڵان به‌رپرس، فه‌رمانده‌ و به‌رپرسی سه‌ربازی ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی زانكۆی سه‌ربازی ده‌رچووبێت،

كه‌ ته‌واوی ئینتیمای كوردستانی بێت نه‌ك حزبی، له‌ژێر فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌بێت، كه په‌رله‌مانی و ده‌ستور چاودێری ده‌كات، ئه‌وی تر هێز تێكه‌ڵكردن خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ راده‌ستكردنی هێز به‌كوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP