دواین هەواڵ

یەکێتی پارتی دەترسێنێ!

‌ئاسۆ حاجی

20/12/2021

کە باس دێتە سەر دەستنیشان کردنی کەسێک بۆ سەرۆک کۆماری عێڕاق، یان ئەوەی کە پارتی داوای ئەو پۆستە دەکا وەک براوەی یەکەمی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی فیدڕالی لە بەغدا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەموو هێز و توانای خۆی لەوە کورت دەکاتەوە، کە ئەگەر پارتی مل بۆ یەکێتی نەدا، ئەوە وەک جاری پێشوو لە ناو پەڕلەمانی عێڕاق یەکلایی دەکەینەوە، هەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی زیاتریش دەڕۆن و وەک هەڕەشە دەڵێن:’ئەو پۆستە هی ئێمەیە بە سازان بێ یان ترازان بێ و ئێمە ئەزموونێکی پێشووترمان هەیە’.

ئەزموونی پێشووتری یەکێتی دەرچوون بوو لە کۆدەنگی کوردستانی و بە دەنگی نوێنەرانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاڵپشتی قاسم سولەیمانی ئەو پۆستەیان وەرگرت، ئەو ئەزموونە دەبێ مایەی پەشیمانی و بەخۆداچوونەوە بێت بۆ یەکێتی نەک کەرستەی هەڕەشەکردن بێت لە براکەی کە بڕیارە ببنەوە هاوپەیمانی ستراتیژی، هەروەها ئەو ئەزموونە چوونکە لە دەرەوەی کۆدەنگی کوردستانی و ئیرادەی میللەتی کورد دروست بوو، دەرئەنجامەکەمان بینی بە هەبوونی سەرۆک کۆمارێکی لاواز، کە هەموو دەم چاوی لە بێگانە بووە پشتی بگرن چونکە براکانی پشتیان تێ کردووە.

بە بۆچوونی من ئەوجارەیان بەغدا بۆ یەکێتی ‘هەمان وارە بەڵام هەمان بەهار نیە’ چونکە شیعەکان بە هەردوو بەرەیانەوە پێویستیان بە کورسی هەیە بۆ دروست کردنی کوتلەی گەورە و کابینەی نوێی حکومەت، بۆیە لەو هاوکێشەیدا ژمارەی کورسی رۆڵ و بایەخی زیاترە، بۆیە یەکێتی لە جیاتی دووبارە کردنەوەی ئەو قسانە باشترە بەدوای چارەسەرکردنی گرفتەکان بێت لە ناو ماڵی کوردستانی و لەگەڵ پارتی رێک بکەوێ نەک تێبکەوێ، ئەگەر مەبەستیەتی بۆ ئەو خولەش سەرۆک کۆمار هەر لای ئەوان بێت.

ئەمن لە نیگەرانی کاک بافێل تێدەگەم و دەزانم چ فشارێکی گەورەی لەسەرە، لەلایەک بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی ئەوانەی دڵخوازی بەرهەم سالحن، بافێلیان وا تێگەیاندووە کە نەمانی بەرهەم سالح لە بەغدا دەبێتە مەترسی لە سەر ئایندەی ئەو چونکە رەنگە لە کۆنگرە خۆی بۆ پۆستی سکرتێری یەکێتی هەڵبژێرێ و دەنگی زیاتر بێنێ، هەندێکیش وەرنەگرتنەوەی ئەو پۆستە بە شکست دادەنێن لە بەرامبەر لاهور جەنگی بە تایبەتیش کە ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە حیزبێک دروست بکات.

کاک بافێل لە هەموو کەس باشتر ئەو دوو کەسە دەناسێ و ئەزموونی نزیکی لەگەڵیان هەیە کە ناتوانن ئەوەی لەگەڵ بکەن، ئەوەی ئەمن زانیوومە جاری پێشووش بافێل جەلال تالەبانی لەگەڵ پارتی رێککەوتبوو بەڵام لاهور جەنگی تێکی داو و کارەکەی بەو رۆژە گەیاند.

بۆ کاک بافێل و یەکێتیش باشترە پۆستەکە بە رێکەوتن لەگەڵ پارتی و لایەنە کوردستانیەکانی دیکە وەربگرن باشترە نەک بە تەنازول کردن بۆ بێگانە، رێگای هەولێریش زۆر نزیکترە لە رێگای تاران و بەغدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP