دواین هەواڵ

فەڕەنسا و بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

26/11/2021

ئەوەی فەڕەنسا دەیکات، ئەگەر وەکو خۆی بەڕێوە بچێت و حکومەتی فەڕەنسا بەڕەسمی دان بەو تاوانەدا بنێت، لەسەر چەند ئاستێکەوە زۆر گرنگە.

یەکەم: بۆ کوردانی فەڕەنسا گرنگە و زیاتر لەو چوارچێوەیەدا دەتوانن خەباتی ئازادی دژ بە داگیرکەران بەڕێوە ببەن. دەتوانن هەر جۆرە داوایەکی نکوڵیکردن یاخود هەر تاوانبارێك لەفەڕەنسا بژیت یا بە بەسەر خاکی فەڕەنسادا گوزەر بکات، دەتواندرێت داوای لەدژ تۆمار بکرێت. دەتواندرێت بەشێوەیەکی ڕەسمی ساڵانە یادەوەری ئەو تاوانە بخرێتە ناو تەواوی یادەوەرییە رەسمییەکانی فەڕەنسا.

دووەم: لەسەرئاستی ناوخۆ..

1. جارێکی دیکە لەسەر ئەو بنەمایە دانوستان لەگەڵ بەغدادا بکرێتەوە و دۆسییەی جینۆساید بەخورتی بخرێتەوە ڕۆژەڤ و چیتر سازش لەسەر مافەکانی خەلكی کوردستان نەکرێت. بەتایبەتیش ڕاگرتنی پڕۆسەی تەعریب لەناوچە دابڕاوەکان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە.

2. مەسەلەی قەرەبووکردنەوە چیتر دوانەخرێت و بەجیددی بێنە سەر خەت بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی قوربانییانی جینۆساید و ئەنفال ببێتە باسی ڕۆژ و جێبەجێ بکرێت. تکا دەکەم لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەیەکەم دانیشتی پەرلەمان بایکۆتی دانیشتن بکەن تا قەرەبووکردنەوەی قوربانییان نەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

3. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە سەرۆکایەتی و حکومەتی عێراق بکرێت داوای بووردن لە خەڵكی کوردستان بکەن و عێراق وەکو دەوڵەت تاوانبارە لە جێبەجێکردنی جینۆساید و پێشێلکارییەکی ترسناکی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ و تاوانی جەنگ لە باشووری کوردستان.

سازشکردن لەسەر جینۆسایدی خەڵكی کوردستان زیانێکی زۆر گەورەی بە پرسی کورد، بە خەڵكی کوردستان گەیاندووە. بێدەنگبوون و زیاتر سازشکردن لەسەر ئەو تاوانانەی دەوڵەتی عێراق، پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی حیزب و سیاسیەکانی کوردستانیشەوە.

باسازشکردن بەس بێت بەڵێ بۆباشکردن و شکۆمەندکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی کوردستانی بریندار

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP