دواین هەواڵ

بارزانی كوڕ چی بە خۆپیشاندەر دەڵێ؟

‌كوردستان ئەحمەد

24/11/2021

 گردبوونەوەی دەستە جەمعی و خۆپیشاندانى خوێندكاری  لە جیهانی نوێ و وپێگەیشتوو تێگەیشتوودا یەكێكە لەمافە ڕەواكان، لە سەرجەم وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهاندا هەیە و هیچ هێزێكی دونیاش ناتواێت نكوڵی لەو مافە ڕەوایەی هاووڵاتیان بكات و حكومەتە پێشكەوتوەكانیش هەمیشە ڕێز لە داوای خۆپیشاندەران دەكەن.

بابەتەكە ئەنجامدانی خۆپیشاندان نییە، بابەتەكە پرسێكی گرنگە كە چۆن و كێ و كەی خۆپیشاندان دەكرێت، كە بتوانێت هەم ئامانج بگرێت هەمیش بەلاڕێدا نەبرێت وهەمیش حكومەت و پەڕلەمان و هاووڵاتی بتوانن سود لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان وەربگرن.

جیهان و خۆپیشاندان

”میدیا كار دەكات و هاوولاتی بێدەنگدەكات”
لە دوای سەدەی نوێ و دەركەوتنی جیلێكی نوێی كۆمەڵگە لە جیهاندا، هەبوونی میدیا، جۆرێكی نوێ لە خۆپیشاندان لەجیهاندا هاتە كایەوە، كەبووە هۆی گۆڕانكاری و شكست و مالوێرانی زۆر گەورە، لە ڕاستیدا خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی عەرەبی واتە بەهاری عەرەبی هیچ شتێكی باشی بۆ كۆمەڵگەی عەرەبی نەهێنا جگە لە ماڵوێرانی و كاولبونی دەیان شارستانیەتی گەورە، بەهەمان شێوەش لە فەرەنساو ئەوروپا و هێلەك زەردەكان جگە لە پیسبونی شەقامەكان و برینداربوونی سەدان كەس و دەیان پۆلیس هیچی دیكەی لێنەكەوتەوە، هۆكارەكەی تەنها ئەوەبوو كە  نەزانراوە چۆن خۆپیشاندان بكرێت.

كوردستان و خۆپیشاندان

”قڕە قڕی كۆمەڵایەتی و سواربونی شەپۆل”

نمونەی هەرە گەورەی خۆپیشاندانەكان لە كوردستاندا، گردبوونەوە جەماوەریەكەكانی ١٧ ی شوبات بوو، دواتریش گردبوونەوەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران و  كۆتاییەكانی ئەم نۆڤەمبەرەش گردبونەوەی قوتابیانی زانكۆو پەیمانگاكانە.

لە ڕاستیدا سەرلەبەری خۆپیشاندانەكان پڕن لەهەڵە و مەترسی گەورە دەیان مەترسیان بۆسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان لەناوخۆدا و لە دەرەوەی كوردستان دروستكرد، بەڵگەی زۆر ڕونیش لەلای دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانە كە چۆن وڵاتانی دراوسێ دەیانویست لە ڕێگەی خۆپیشاندانەكانەوە قەوارەی هەرێمی كوردستان بسڕنەوە و ڕقێكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی كوردستان دروست بكەن و ماڵوێرانی بۆ باشوری كوردستان دروستبكەن.

بەشێكی زۆریش لە قەڵەمبەدەستەكانی ناوچەی خۆپیشاندانەكان ئەو ڕاستییە دەزانن كە چەندین لایەنی گەورەی دەرەكی خۆپیشاندەرانیان بەخێودەكرد و دەیانویست بەعاقاری زۆر خراپدا بچێت، سەرئەنجام چەندین كوژراو برینداری لێكەوتەوە كە بووە هۆی مەترسی گەورە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی كوردستان.

لە ناوخۆشدا،چەندین هێز هەبوون لەسەر سكی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات دەژیان، بەڕۆژ لە میدیاوە پەمپی دۆخەكەیان دەدا، بەشەو دالاسیكیان بەسەر خەڵكدا دابەشدەكرد و خۆشیان لە باڕە پێنج ئەستێرەكان بەدەم بلاك جاكەوە باسی  ئاڕاستەكردنی خۆپیشاندانیان دەكرد، ١٧ ی شوبات سەدان پاڵەوانی ساختەی لە كوردستان دروستكرد كە ئێستا كەس ئاساریان نازانێت و كەس نازانێت لە چ هۆتێلێك سەرقاڵی حساباتی دۆلارەكانیانن.

پاڵەوانی وا هەبوو  بەیانی تا ئێوارە لە خۆپیشاندانەكاندا كەوتبوو، خۆی كردبووە دەم ڕاستی  سەرای ئازادی، ئێستا لە بەغدا نوقمی پارە و دۆلار و دەسەڵات بووە و كەس نازانێت منداڵەكانیشی لە چ بەهەشتێكی خوا سەرقاڵی گەیمەرینگن، لە كاتێكدا خۆی بە پاسە شڕەكانی زەرگەتە هاتووچۆی دەكرد و لە هەڵمەتی بانگەشەكاندا ڕجای لە سەرمایەدارێك دەكرد پارەی وەسڵی فلێكسەكانی سەرفبكات.

ئەمە دۆخی ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەكانی كوردستانە، كاتێكیش دەستی دەرەكی لەپشتی خۆپیشاندانەكان ئاشكرا كران، وڵاتانی خاوەن دەست كپ بوون و گوتیان درۆیە وئێمە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەگرین، كاتێكیش دۆخەكە ئارام بویەوە، هەر ئەوانەی دالاسیكیان دابەشدەكرد و دەیانوت كونسوڵخانەكان  بسوتێنن، بە ١٧ی شوباتیان دەگوت ئاژاوەگێڕ.

ئێستا یاریەكە زۆر ڕوونە بۆ هەموومان، بۆ قەڵەم نەدەست و پەیجەوان و فەیسبوك چییەكان و خاوەن گرد و چاڤییەكان، كە دەیانەوێت جارێكی دیكە شكستەكانی خۆیان بە پشتیوانی و تێكەڵبون و سواربونی شەپۆلی خۆڕسكی خۆپیشاندان بشارنەوە، بەڵام ناتوانن بو شێوەیە مامەڵە بكەن، چونكە هەم حكومەت هۆشداری ئەو بابەتەی داوە و هەمیش خەڵك هێندە هۆشیارە جارێكی دیكە ڕێگە نادەن گردێكی دیكە حوكمیان بكات و دەنگیان لە بەغدا بە ڤێلا بگۆڕنەوە.

هاووڵاتیان و خۆپیشاندان
”هەندێك خەڵك تەنها هاوار دەكات”

بەڕێكەوت لە خۆپیشاندانێكدا بەوردی لە ڕێگەی میدیایەكەوە چاودێری خۆپیشاندانێكم دەكرد، پیاوێك لەنێو خۆپیشاندانەكەدا زۆر هەڵپەی دەكرد وهاژەو هوژێكی زۆری دەهات، پەیامنێرەكە خۆی گەیاند و  مایكەكەی خستە بەردەمی و گوتی تۆ بۆچی هاتوویت فەرموو پەیامت چییە؟
هاوڵاتیەكە كەمێك هەناسەبڕكێی كردو نەیزانی بلێ چیم دەێت و كەمێك هاژەو هوژی كردو بڕێك جنێوی داو دواتر مایكەكە لادرا لەبەردەمی.

هاولاتیان نازانن داوای چیدەكەن لە ڕاستیدا ئەوە حەقیقەتی ١٧ی شوبات و خۆپیشاندانەكانی دواتربووە لەم وڵاتەدا، بەڵام هەندێكیش هەر بەڕاستی بەشێوەیەكی مەدەنی هاتونەتە سەر جادەكان و داوی مافی ڕەوای خۆیان دەكەن بێ ئاگا لەوەی بەئاسانی لەپەلوپۆ دەخرێن.

خۆپیشاندان چۆن دەكرێت
”ڕێكخراو بە دیسپلین ئامانج دەگرێت”

كاتێك ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی هاتە پەڕلەمانی كوردستان و وەڵامی پەڕلەمانتارانی دایەوە ، گوتی ئەم حكومەتە حكومەتی خەڵكە و خەڵكیش دەبێت بیپارێزێت، من بینیم كە بارزانی كوڕ هەر ئەوەی كرد كە گوتی، ئێستاش هاوڵاتیان كە دێنە سەرجادە دەبێت لە چوارچێوەیەكی ستراتیژیدا بێنە سەرجادە، ئەوە بە دڵنیایەوە پێش هەموو كەس  بارزانی كوڕ و هەموو ئەندامانی كابینەی نۆیەم ئەوەیان قبوڵە و ڕێزی لێدەگرن.

خۆپیشاندەری بەڕێز، تۆ بەڕەكەت لەلایەكەوە دڕاوە كەچی دەچیت لاكەيتر تر دەدوریتەوە، قوتابی خۆشەویت تۆ دەرماڵەی مانگانەت بڕاوە كە هەق و مافی ڕەوای خۆتە، بۆچی دەچیتە سەر جادە و دەمامك هەڵدەپێچیت و جنێو بەشەرەفی خەڵك دەدەیت، پۆلیسێك كە كوڕەكەی وەك تۆ لە زانكۆیە ئامادەنییە پەنجەیەكت لێبدات بۆچی شەق و زلەی لێدەدەیت و گیانی خوێناوی دەكەیت، بۆچی باڵەخانەی  قوتابخانە و زانكۆكەت دەشكێنیت  بۆچی پەلاماری بارەگای حزب و بینای دەوڵەت دەدەیت.

پۆلیسی بەڕێز چالاكی مەدەنی دۆست جەنابیشت وەك كوڕی خۆت بنواڕەرە خەڵكی  و قوتابتان، وامەزانە دوژمنتن  چاك بزانە ڕۆژێك دێت دەچیتە بەردەمی و دەڵێیت سەرم ئازاری هەیە، وەك دۆست و وەك هاوڕێ وەرنە سەرجادە و ڕێز لەیەكتر بگرن وەك مرۆڤ، دەنا خاوەن گردەكان سواری شەپۆلەكەتان دەبن و كەناڵەكانیانتان تێبەر دەدەن و دەوڵەتانی دونیاش  دەستی تێدەخەنو بەلاڕێیدا دەبەن.

هیچ ڕەوانییە سوكایەتی بەئاڵای كوردستان و پۆلیس و باڵەخانەی حوكومی  بكرێت، وەك چۆن هیچ ڕەوایەتیەك لەوەشدانییە هیچ قوتابتەكی ئەم وڵاتە خوێن بەلوتیدابێت  ئازار بچێژێت.

خۆپیشاندان مافێكی ڕەوایە، بەڵام گەر وریا نەبن شەپۆلەكە گردێكی تر و حاكمێكی تر و دوژمنێكی دیكە بۆ وڵات دروستدەكات، ئەوە هەمان نیزام و یاسایە كە لە جیهانیشدا دەكرێت.

كاتێك لە ئێران خۆپیشاندان دەكرا، ئەمریكا وئیسڕائیل دەیانویست دەستی تێبخەن، كە لە ئەمریكاو ئیسڕائیل كرا ئێران و ڕوسیاش هەمان شتیان دەویست بەڵام دەوڵەت زۆر ئاگادارترە لەوەی تۆی خۆپیشاندەر بەدالاسیكەوە دەتەوێت نیشتیمانێك كە بەخوێنی ملیۆنان كەس بونیاد نراوە بڕوخێنیت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP