دواین هەواڵ

کێ پێویستە پارەى خوێندنى خوێندکارانى زانکۆ بدات؟

‌د. پشتیوان فەرەج

24/11/2021

مەرج نیە هەر حکومەت پارەى خوێندن خەرج بکات, پێویستە هەموو ئەو کۆمپانیا و شەریکە و بازرگان و خاوەن پیشانەى کەلە خێر و بێرى وڵات دەخۆن و دەستى کار و تواناى مرۆیی بە بەلاش و بێ بەرامبەریان دەست دەکەوێت بەپێ ى قەبارەى خۆیان پاڕەى خوێندنى گەنجان بدەن.

ئەوبازرگانەى کە کۆمپانیاکەى سوود لە توانا مرۆییەکان وەردەگرێت پێویستەتێچووى خوێندن بگرێتە ئەستۆى خۆى بەپێ ى قەبارە و پۆلێنى کۆمپانیاکەى.

بۆ نمونە وڵاتى چین ساڵانە 100 هەزار خوێندکار دەنێرێتە وڵاتى بەریتانیا بۆ تەواوکردنى خوێندن, حکومەت هیچ پارەیەک لەو بوارەدا خەرج ناکات هیچ بارگرانیەک ناکەوێتە سەرشانى حکومەت و بودجەى گشتى, بەڵکو بەیاسایەک سەپاندویەتى بەسەر کۆمپانیاکانى وڵاتى چیندا کە بەپێ ى قەبارەى خۆیان تێچوى خوێندنى خوێندکارەکانى زانکۆ بگرنە ئەستۆ.

لەبەرامبەردا ئەو خوێندکارانەى کە خوێندن تەواو دەکەن دەبێت بۆ ماوەى 5 ساڵ بۆ ئەو کۆمپانیایە کار بکەن کە تێچووى خوێندنەکەى خستۆتە ئەستۆ. بەمەش هەم حکومەت براوەیە و هیچ ئەرکى ماددى ناکەوێتە سەر شان, هەم کۆمپانیاکە براوەیە بۆ ماوەى 5 ساڵ دەستى کار و تواناى مرۆیی دەست دەکەوێت, هەم خوێندکارەکە براوەیە چونکە دواى تەخەروج بۆ ماوەى 5 ساڵ پیشە و کارى بە زەمان دەست دەکەوێت. هەم ئابورى وڵاتەکە دەبوژێتەوە.

ئەو کاتەى لە بەریتانیا لەشارى لەندەن دەمخوێند هاوڕێ چینیم زۆر هەبوو پرسیارم لێ دەکردن ئەو هەموو ژمارەیە زۆرە خوێندکارە چینیە دێنە بەریتانیا کێ پارەى خوێندنتان بۆ سەرف دەکات, دەیانگوت هەمووى کۆمپانیاکان خەرجى دەکەن, هاوڕێیەکم هەبوو ناوى ژاومى بوو تەمەنى 18 ساڵ بوو هاتبوو لەبوارى کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنى دەیخوێند گوتى من کۆمپانیایەک تا 4 ساڵ پارەى خوێندنم بۆ دەدات لە بەرامبەردا گرێبەستم هە یە کە گەرامەوە 5 ساڵ ئیشیان بۆ دەکەم و ئیتر ئازادم بۆ خۆم کار بکەم.

هەروەها جگە لەوەش کۆمپانیاکە مەرجى خۆى هەبوو دەبوا ئەو خوێندکارە نوێترین و گرنگترین بابەت بخوێنێت بۆ ئەوەى لەئایندەدا کۆمپانیاکە ببوژێنێتەوە و تەنانەت هەندێک لەو خوێندکارانە دەیانگوت کە دەگەڕێینەوە وڵات پشکمان لەکۆمپانیاکە دەبێت کە کارى بۆ دەکەین چونکە کۆمپانیاکە نایەوێت دەستبەردارمان بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP