دواین هەواڵ

بۆچى مەکتەبی سیاسى سزاى نەدام...؟

‌د. ئەرسەلان بایز

24/11/2021

ڕاست کردنەوەى چەواشەکارییەکانى د.یوسف محەمەد

(د.یوسف) وا ئیددیعا دەکات کە بەندە سیاسەتى "ی.ن.ک"و (مام جەلال)م جێ بەجێ نەکردووە. جارێ (د.یوسف) دوواین کەسە ئەو گلەییەم لێ بکات. چونکە ئەو لە حیزبێک و (بەندە) لە حیزبێکى تر. پێش هەموو کەس ئەبوو حیزبەکەم ئەو گلەییەم لێ بکات لێ پێچینەوەم لەگەڵدا بکات.

ڕەشنووسى کۆبوونەوەکانى ئەو ساڵانەى (مەکتەبی سیاسى) کە جەنابی (مام جەلال) سەرپەرشتى دەکرد هەموویان ماون و لاى کاک (مەلا بەختیار) پارێزراون. گەردنیان ئازاد بێت و بچن لە یەکێ لە کۆبوونەوەکان ئەو بڕیارە بدۆزنەوە کە (بەندە) سەرپێچیم لە بڕیارى (مەکتەبی سیاسى)و (مام جەلال) کردبێت، سەبارەت بەو قسە ناڕاستانەى (د.یوسف) باسیان لێوە دەکات. جا (مەکتەبی سیاسى)و (مام جەلال) چۆن ئەوەیان لێ قەبووڵ کردم من سەرپێچى لە بڕیارى (مەکتەبی سیاسى) بکەم...؟

بۆچى سزایان نەدام. بۆچى لە (مەکتەبی سیاسى)و پەرلەمان دووریان نەخستمەوە...؟ یان (د.یوسف) هەندێ شتى بە خەیاڵدا هاتووەو ویستویەتى بیڵێ بەس. باشە لە دواى من کاک (د.یوسف) خۆى بۆ ماوەى دوو ساڵ سەرۆکى پەرلەمان بوو. بۆچى ڕەش نووسى دەستورى هەرێمى نەگەڕاندەوە ناو پەرلەمانء یاساى سەرۆکایەتیان هەموار نەکردەوە..؟ بە هۆى ناکۆکى حیزبەکان ئەو ڕەشنووسى دەستورە تاکو ئێستاش هەر لە شوێنى خۆیەتى و هەموار نەکراوەتەوە.

ئەو کارە خراپ(کەتنە)ى بە کاک (د.یوسف محەمەد)یان کرد. (گۆڕان) دەیویست بە (بەندە)ى بیکات. بەڵام هەروەکو پێشتر وتم: نە بەرنامەى سیاسى "ی.ن.ک" وابوو، نەخۆشم بڕواییم پێى هەبوو. بۆیە نەخەڵەتام و نەچوومە ژێر بارى ئەو کەتنە. ئایا ئەنجامى ئەو کەتنەى (د.یوسف) چى بوو...؟  جگە لە دروست بوونى گرژىء ئاڵۆزى دەرکردنى سەرۆکى پەرلەمانء وەزیرەکانى گۆڕانیش لە حکومەتى هەرێم، ئایا چیترى لێ سەوز بوو...؟ دەرکردن لە پەرلەمان بێ هیچ ئەنجامێک، دواتریش حیزبەکەى بوونەوە بە هاوپەیمانى ئەو حیزبەى (د.یوسف)یان دەرکردو سووکایەتیان پێ کرد.

بەداخەوە، دیارە (د.یوسف) هیچ زانیارییەکى لە بارەى ژیانى (بەندە)وە نیە. من لە بنەماڵەیەکى موڵکدارى ئاغاى دزەیی دەشتى هەولێرم. خێزانەکەم (پەخشان  خانى حەفید) کە لە بنەماڵەیەکى خاوەن موڵکى ناودارو نیشتیمانپەروەرى شارى سلێمانیە. هەر لە ساڵى (1975)وە هەردووکمان فەرمانبەرى حکومەت بووین.

هەموو کەسێکیش دەزانێ فەرمانبەرى ئەو ساڵانە چەند ژیانێکى خۆشیان هەبوو. دواى چەندین ساڵ خەباتى نهێنى و پێشمەرگەو زیندان و شەق تێهەڵدان خۆشاردنەوە ڕێگاى خەباء ت شۆڕشمان گرتە بەرو دەستمان لە مووچەو هەموو موڵکەکانمان هەڵگرت. تەنانەت گیانى خۆمان مناڵەکەشمان (لاسک) کە هەر لە دایک بوونیەوە تاکو سێ ساڵیش لەگەڵ خۆمان بوو.

خستە بەردەم مەترسى تۆپباران ڕۆکێتى ڕۆژانەى سوپاى عێراق. ڕۆژێک لە گوندى توژەڵەو، ڕۆژێکى تر لە گوندى باوزێ، دواتر لە گوندى سەرشیوو، ئینجا لە بەرگەڵوو. دووجار ماڵمان سووتاوەو بەتانیە شڕەکانمان هەمیشە لەسەر پشتى وڵاخ بووە، لە شەڕى ناوخۆش تەنیا بە جلى خاکى پێشمەرگانە دەرچووینء ماڵمان تاڵان کرا. باسى ئاوارەییء ژیانى کوڵە مەرگى دیوى کوردستانى ڕۆژهەڵاتیش مەکە.

هەر لە تەمەنى شانزە ساڵیەوە تاکو ئەمڕۆش ڕێبوارێکى کاروانى ڕێبازى سیاسى شۆڕشى کوردستان بووم هەرگیز لە چوار چێوەى ئەو سیاسەتە دەرنەچووم. لە دواى بنەبڕکردنى ئاگرى شەڕى ناوخۆو ئاشت بوونەوەى "ی.ن.ک"و پارتیش هەمیشە دژى دوو ئیدارەو هەڵگیرسانەوەى شەڕى ناوخۆ بووم.

من گەردنى (د.یوسف) ئازاد دەکەمء حەواڵەى خواى دەکەم. خوا خۆى لێپرسینەوەى لەگەڵدا بکات.

لەم نووسینەمدا کورتەیەکى کورتیشم لە ژیانى خۆم و بنەماڵەکەم باس کردووە. ئەى با بزانین کاک د.یوسف محەمەد چى بۆ گەلى کوردو نیشتیمانەکەى کردووە...؟ چونکە ئەو بەڕێزە (بەداواى لێبوردنەوە) وەکو سەرکەوتوێک باسى خۆى دەکاتء تۆمەت بەولاو ئەولادا دەبەخشێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP