دواین هەواڵ

ڕاست کردنەوەى چەواشەکارییەکانى د.یوسف محەمەد

‌د. ئەرسەلان بایز

21/11/2021

نەبووم بە مەقاش
کاتژمێر دەى ڕۆژى پاشتر چوومەوە (دەباشان) و دەقى قسەو گفتوگۆکانم بۆ (مام جەلال) گێڕایەوە. ئەویش بە سەرسوڕمانەوە پرسى: هەر ئاوا دەقاو دەق واى وت..؟!

وتم: بەسەرى تۆ. بە گۆڕى شەهیدان موبالەغە ناکەم. زیادو کەمیشم نەکردووە. ئەویش پاش ماوەیەک دامان وتى: جارێکیتر مەڕۆرەوە بۆ لاى. چونکە من هەرگیز ڕێکەوتنى وام لەگەڵ (کاک نەوشێروان) نەکردووەو نایکەم. جارێکى دیکە لەگەڵ پارتى تێکى نادەم. من شەڕى ناوخۆو کورد بە کورد بە کوشتدانیشم حەرام کردووەو جارێکى تر نایکەم.

مەبەستى من لە ڕێکەوتنى (دەباشان) کارکردنى هەرسێ لامانە، ( (ی.ن.ک)، پارتى دیموکراتى کوردستان و گۆڕان))ە بەیەکەوە. هەرسێ لامان بەیەکەوە لەسەر بنەماى دیموکراتى
حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکەین.

ساڵى (2004) دواى کۆکردنەوەى ئیمزاکانى کاک (نەوشێروان) و ژمارەیەک لە ئەندامانى مەکتەبی سیاسى دژى (مام جەلال)، گرژییەکى زۆر لەنێو ڕیزەکانى "ی.ن.ک" دروست بوو.

تەنانەت مەکتەبی سیاسى بوو بە دوو لەت. هەرلایەنەو بۆ خۆى بەجیا کۆدەبوونەوەو باسیان لە بەرنامەى خۆیان دەکرد. ئەگەرچى دواتر جۆرێک لە ئاشت بوونەوە لە نێوانماندا پەیدا بوو، ساڵى (2005) کاک (نەوشێروان) سەرپەرشتى لیستى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى گرتە ئەستۆ.

بەڵام ئیمزا کۆکردنەوەکە (مام جەلال)ى زۆر بریندار کردو، بوو بە هۆى لەق بوونى متمانە لەگەڵ کاکە (نەوە) کە زیاتر لە چل ساڵ هاوڕێی بوو. چونکە (مام جەلال) ئەوى بە بزوێنەرو بەرپرسیارى یەکەمى ئەو کارە دەزانى دژى خۆى.

هەر بۆیەش تا دوا ساتەکانى ژیانى لە دڵى دەرنەدەچوو. هەموو پەیوەندییەکانى ساڵانى دواترى ئەو ئیمزا کۆکردنەوەیە لەلایەن (مام جەلال و کاک نەوشێروان) مناوەرەى سیاسى بوون.

کاک (نەوشێروان) وردە وردە بەرەو جیابوونەوە لە "ی.ن.ک" و دروست کردنى ڕێکخراوێکى تر هەنگاوى دەنا. بۆیە ڕۆژانە پێوەندى بە هەڤاڵانى مەکتەبی سیاسى و سەرکردایەتى و فەرماندەى پێشمەرگەکان دەکرد، ڕازو گلەییەکانى خۆى لە (مام جەلال) دەردەبڕى. تەنانەت دووجار لەگەڵ (بەندە) دانیشت.

ئەو جۆرە سیاسەتەى کاک (نەوشێروان) بەردەوام بوو، تاکو ساڵى (2008) لە شارى لەندەن وەکو سەرەتایەک (ڕەگ)یان دروست کرد. پێوەندى (مام جەلال)یش بەرەو نزیک بوونەوە لە پارتى دیموکراتى کوردستان هەنگاوى دەنا. ئیتر (ڕەگ) بوو بە ڕێکخراوى (بزوتنەوەى گۆڕان).

ژمارەیەک لە هەڤاڵانى (مەکتەبی سیاسى)و سەرکردایەتىء کادیرە سیاسىء سەربازییەکان لە "ی.ن.ک" جیا بوونەوەو بوون بە سەرکردایەتى (گۆڕان). کار گەیشتە ئەوەى لە هەڵبژاردنى (2009)ى پەرلەمانى کوردستان (گۆڕان) بە لیستێکى سەربەخۆ بەشدارى هەڵبژاردنى کرد.

"ی.ن.ک"و پارتیش جۆرێک لە هاوپەیمانێتیان دروست کردو لیستى هاوبەشیان بەناوى (لیستى کوردستانى) پێکهێنا، بەشدارى هەڵبژاردنیان کردء (د.بەرهەم ساڵح)یش سەرۆکى لیستەکە بوو. بەندەش یەکێک بووم لە کاندیدەکانى ئەو لیستە.

دواى ئاگر بڕى شەڕى ماڵوێرانکارى ناوخۆو ئاشت بوونەوەى "ی.ن.ک"و (پ.د.ک)، بە ماوەیەک (پێش جیابوونەوەى گۆڕان) هەردوولا بە ئامادەبوونى بەڕێزان (مام جەلال و مەسعود بارزانى)و ژمارەیەک لە هەڤاڵانى (مەکتەبی سیاسى) هەردوولا بەو هەڤاڵانەى کە دواتریش بوون بە گۆڕان، ڕێکەوتننامەى ستراتیژیان لە نێوان خۆیاندا مۆرکرد.

بە پێى ئەو ڕێکەوتننامەیە لە (6/4/2005) (مام جەلال) بوو بە سەرۆک کۆمارى عێراق. لە (12/6/2005)یش بە کۆى دەنگى ناو پەرلەمانى کوردستان کاک (مەسعود بارزانى) بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەڵبژێردرا. (مام جەلال) تا کۆچى دوایی هەر سەرۆک کۆمارو کاک (مەسعود)یش تاکو ساڵى (2009) سەرۆکى هەرێم بوو.

دواى دروست بوونى (گۆڕان)و بوون بە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانى کوردستان، دروشمى ئەوەیان بەرزکردەوە (ئەگەر سەرۆکى هەرێم لە خۆى ڕادەبینێت با لەناو جەماوەر خۆى کاندید بکات). سەرۆکى هەرێمیش ئەو ئالنگارییەى قەبووڵ کردو بە پشتیوانى "ی.ن.ک" لەناو جەماوەر خۆى کاندید کرد.

(مام جەلال)و هەڤاڵانى (یەکێتى نیشتیمانى کوردستان). گەڕەک بە گەڕەک و شار بە شار دەگەڕانء پشتیوانى خۆیان بۆ (کاک مەسعود بارزانى) ڕادەگەیاند. سەرەنجام لە هەڵبژاردنى ساڵى (2009) کاک (مەسعود بارزانى) (70%)ى دەنگى خەڵکى کوردستانى بە دەست هێنا. کاتێ (گۆڕان) ڕوو بە ڕووى ئەو واقیعە نەخوازراوە بوونەوە.

ئەمجارە وتیان نەخێر با لەناو پەرلەمان خۆى هەڵبژێرێ، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵیاندا پڕۆژەى دەستورى هەرێمى کوردستان بێننەوە نێو هۆڵى پەرلەمانء یاسا سەرۆکایەتى هەرێم هەموار بکەنەوە دەستەڵاتەکانى کەم بکەنەوەو بیگۆڕن.

ئینجا (گۆڕان) ویستى (بەندە) بکەنە مەقاشى جێ بە جێ کردنى مەرامەکانیان، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەو داواکارییە لە بەرنامەى سیاسى "ی.ن.ک"دا نەبوو بۆیە نەچوومە ژێر بارى.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP