دواین هەواڵ

دەتوانین پارتى بسڕینەوە؟

‌د. ئەرسەلان بایز

17/11/2021

ڕاست کردنەوەى چەواشەکارییەکانى د.یوسف محەمەد
بەشی یەکەم

 

 ماوەى چەندین ساڵە خۆم لە هەموو کێشە سیاسیەکان بە دوور گرتووە، وەڵامى کەناڵەکانى تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە نووسەکان نادەمەوە. ناچمە کۆڕو کۆبوونەوە سیاسیەکانیش. مەگەر جار جارە قسەیەکى باش لەسەر یادى شەهیدە نەمرەکان بکەم. بەڵام کاتێ شەڕ بەر دەرگاى ماڵت پێدەگرێت.

کاتێ ڕاستی ڕووداوەکان چەواشە دەکرێن. ناچار دەبی لێیان وەدەنگ بێییت دەست وەکەرى بکەیت. چونکە هەولێرییەکان دەڵێن: (دەستوەکەرى پیرۆزە) واتە بەرگرى کردن لە ڕاستیەکان پارێزگارى لە خۆت ئەرکێکى پیرۆزە. ئەگەر ئەو دەستوەکەرییە نەکەیت ماناى سەلماندنى چەواشەکارییەکانە.

لەو ماوەیەى ڕابردوودا کاک (د.یوسف محەمەد) لە میدیاى دیجیتاڵى بە ناهەق پەلامارى منى داوەو ڕاستیەکانى چەواشە کردووە. زۆرم پێ سەیرە پیاوێک کە خۆى بە موسوڵمانێکى ڕاستەقینە بزانێت باکگراوندى حیزبێکى ئیسلامى هەبێت، ئا بەمجۆرە ناهەقیە قسەى بێ ویژدانانە بکات ڕاستیەکان چەواشە بکات.

هەر وەکو لە چەند بۆنەو شوێنى تر وتومەو نووسیومە، تاکو ئەمڕۆش هیچ بەڵگە نامەیەکى مۆرکراوى ڕێکەوتنى (دەباشان)م نەدیوە. ئەندامى شانەى ئەو ڕێکەوتنەش نەبووم.

تەنانەت لە کاتى مۆرکردنەکەشى ئاگادار نەبووم. هیچ گشتاندنێکیش لەو بارەوە بۆ ئۆرگانەکانى حیزب نەکراوە. بەڵام چەند ڕۆژێک دواى دیدارى (مام جەلالء کاک نەوشێران)، جەنابی (مام جەلال) بە تەلەفون ئاگادارى کردمەوە کە سەردانى بکەم. کاتێ لە ماڵەکەى خۆى لە (دەباشان) سەردانیم کرد پێى وتم: لەگەڵ (کاک نەوشێروان) قسەمان کردووە، هەندێ ڕێکەوتنیشمان لە نێوان خۆماندا کردووە.

بۆیە دەمەوێ سەردانى بکەیت. بەڵام (مام جەلال) نە باسى ناوەڕۆکى ڕێکەوتنى (دەباشان) و نە بۆ هیچ شتێکیشى ڕاسپاردم. هەر بە خۆشى بە تەلەفون لەگەڵ (کاک نەوشێروان) کاتژمێرێکى هەمان ئێوارەى بۆ ئەو سەردانەى بەندە دیاریکرد.

هەتا ئەو ساتەى (کاک نەوشێروان) بە شێوەى فەرمى لە (ی.ن.ک) چووە دەرەوە، لێپرسراوو برا گەورەم بوو. سەربارى هەموو ناکۆکیەکان هەمیشە بە چاوى ڕێزەوە سەیرم دەکرد، تەنانەت دواى جیابوونەوەش هەر وەک برا گەورە سەردانیم دەکرد.

لە کاتى دیاری کراو چوومە خزمەتى (کاک نەوشێروان). ماڵى ئاوابێت لەبەردەمى دەرەوەى ژوورى دانیشتنەکەى خۆى زۆر بەڕێزەوە پێشوازى لێکردم.

دواى دانیشتنێکى چەند خولەک قاوە خواردنەوەیەک، کەوتە قسەکردن وتى: دەى جەنابى سەرۆک بابزانم چیمان بۆ دەکەیت منیش وتم: کاکە بۆ خاترى خوا سەرۆکى چى...؟ هەر (مام جەلال) و جەنابت سەرۆکن. من پاش دوو ساڵى تر کارەکەم نامێنێ و دەگەڕێمەوە مەکتەبی سیاسى (ی.ن.ک).

دواى چەند قسەو گاڵتەیەکى خۆشى لەو بابەتە وتى: من و (مام جەلال) لەسەر ئەوە ڕێکەوتووین (قسەى توندى بە پارتى وت) ئێستا کارەکە لاى تۆیە، بزانین چۆنى جێ بەجێ دەکەیت. کاتێ منیش گوێم لەو (قسە توندە بوو) حەپەسام، هەندێ بێدەنگ بووم دواتر وتم: پێمان دەکرێ...؟ وتى: بەڵێ، ئەگەر تۆ هاوکارمان بیت دەکرێ.

منیش وتم: ئەى چەندین ساڵ شەڕى یەکترمان نەکرد، بە سەدان پێشمەرگەو فەرماندەمان لە یەکتر شەهید نەکرد ئەى هەردوولامان ئێران و عێراق  و تورکیامان نەهێنایە سەر یەکتر...؟ کەسمان نەمانتوانى ئەویترمان بسڕینەوە.

دەوڵەتانى ئیقلیمیش ڕێگا نادەن تەنیا لایەکمان حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکەین، چونکە لە بەرژەوەندى ئەواندا نیە. نا حەزانى کورد هەمیشە لە هەوڵى دروست کردنى دوو بەرەکى شەڕى ناوخۆى کوردستانن.

(کاک نەوشێروان) لەگەڵ بیستنى وەڵامەکەى من دەم و چاوى گرژ بوو، وتى: ئێستا تێگەیشتم هاوکاریمان ناکەیت و کارەکە ناکەیت...

 

وتم کاکە گیان: جارێ بەر لە هەموو شتێ خۆم بڕواییم بەو سیاسەتە نیە. ئینجا هێندەى من بزانم سیاسەتى (ی.ن.ک) ئەوە نیە. جەنابی (مام جەلال)یش هیچ قسەیەکى لەو بارەوە لەگەڵ (بەندە) نەکردووە.

دواى زیاتر لە سەعاتێک قسەو گفتوگۆ ئەو ناڕەحەت منیش پابەند بە ڕاکانى خۆم ماڵئاواییم لێکردو ئەوێم جێ هێشت. بەڵام چونکە شەو درەنگ بوو. بۆیە سەردانى (مام جەلال) و سەرەنجامى دانیشتنەکەم بۆ بەیانى هەڵگرت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP