دواین هەواڵ

مرۆڤە مەزنەكان خۆبان بە فیكرەوە سەرقاڵ دەكەن نەوەك بە ڕووداوی ڕۆژانە

‌د. پشتیوان فەرەج

10/11/2021

ئیلۆن مەسکى دەوڵەمەندترین سەرمایەدارى جیهان تەحەداى بەرپرسانى نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات و دەڵێت : ئەگەر بۆم بسەلمێنن بە 6 ملیار دۆلار کێشەى برسێتى چارەسەر دەکرێت لە جیهاندا ئەوا هەر ئێستا ئەو پارەیەتان بۆ دەنێرم.

پێشووتر دافید بیسلى بەرێوەبەرى پرۆگرامى خۆراکى جیهانى نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندبوو کە تەنها بەڕێژەیەکى کەمى سەرمایەکەى ئیلۆن مەسک دەتوانرێت کێشەى برسێتى و هەژارى لە جیهاندا چارەسەر بکرێت.

ئیلۆن مەسک خاوەنى 311 ملیار دۆلارە و زۆربەى کات دژى ئەوەیە کە باجى سەر سەرمایەدارەکان زیاد بکرێت.

دافید بیسلى ئەوە چەند جارێکە داوا لە ئیلۆن مەسکى خاوەن تێسلا و جێف بیزۆسى خاوەن ئەمەزۆن کردوە کە ئەوەنە چاوچنۆک نەبن و پیاو بن هەڵوێستێکیان هەبێت. دافید بە ئیلۆنى گوتوە تەنها 6 ملیار لە سەرمایەکەت واتە تەنها %2 ى سەرمایەکەت ببەخشە و مرۆفایەتى لە هەژارى ڕزگار بکە.

ئیلۆنیش دەڵێت ئەگەر بەرنامەى خۆراکى جیهانى یو ئێن بتوانن بیسەلمێنن بەو پارەیە کێشەى برسێتى چارەسەر دەبێت هەر ئێستا شەریکەى تێسلا دەفرۆشم وئەو پارەیەتان پێ دەبەخشم.

منیش دەڵێم ڕاستە یو ئێن ناتوانێ بیسەلمێنێ کە بەو بڕە پارەیە کێشەى برسێتى و هەژارى چارەسەر دەکرێت بەڵام دەتوانرێت هەر بەو پارەیە ناسەقامگیرى جیۆپۆلەتیک و ململانێ ی سیاسى و کۆچى بەکۆمەڵ و 42 ملیۆن کەس کە هەڕەشەى لە برسا مردنیان هەیە دەتوانێ چارەسەر بکات. جگە لەوەش دەتوانرێت زۆر لە کێشەکانى گەرمبوونى زەوى و گۆڕانکارى کەش و هەوا کە هۆکارى سەرەکى برسێتى و هەژارى و کۆچکردنە چارەسەر بکات.

مرۆفە مەزنەکان خۆیان بە بیرۆکە مەزنەکانەوە سەرقاڵ دەکەن و مرۆفى بچوکیش بە ڕووداوى ڕۆژ..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP