دواین هەواڵ

بەرپرسیارێتی سێ (خ)ێ!

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

29/10/2021

هەرگیز گلەیی لەحیزبێك ناکرێت کە خەڵكی خۆی دەگەیەنێتە پەرلەمان یا هەر دامەزراوەیەك. بەڵام حیزب دەبێت لیژنەیەکی شارەزای هەمیشەیی هەبێت بۆ بژاردنی کەسە بەتواناکان لەڕووی ئەقڵی، ڕۆشنبیری، ئەتەکێت، ئینجا ئاستی زانستی و کاریگەری و پێگەی کۆمەڵایەتی لەپێناو نوێنەرایەتیکردنی حیزب لە دامەزراوەکاندا و فێرکردنی ئەندامەکانی بە دروستکردنی سی ڤی شایستە.

نوێنەری حیزب، کە گەیشتە هەر دامەزراوەیەکی وڵات، چیتر بەتەنها نوێنەری حیزبیش نابێت، بەڵکو دەبێتە نوێنەری خەڵك و خاکیش. دەبێتە یەکێك لەڕووە دیارەکانی نیشتمان و لەدەرەوە بەردەوام بەدواداچوون بۆ هەڵوێست و ڕاگەیاندن و تەنانەت جموجۆڵەکانیشییان دەکرێت، داخۆ چۆن قسە دەکات، ڕستەکانی لەڕووی زمانییەوە تەواو و دروستن یان نا، دەستەکانی چۆن دەجوڵێنێت، حەزەکانی چین و خاڵە لاواز و بەهێزەکانییان چین.

بچووکترین هەڵوێست هەڵە بێت یان ڕاست، خەڵك پرسیار دەکات، ئەو کەسە نوێنەری کام حیزبە؟ ئاستی جوانیی یا ناشیرینیی ئەو کەسە ئاستی جوانیی و ناشیریی حیزبەکە دەردەخات. باوەڕ ناکەم لەسەر ئەو زەوییە کەسێك هەبێت حەز بکات خەڵكی ناشایستە ببێت بە نوێنەری خۆی، چ جای حیزبێك کە پێیـوابێت هەڵگری مێژوو و کۆمەڵێك پرینسیپی هەمەجۆرە.

کاتێك کەسێك ناتوانێت بگاتە ئاستی پێویست بۆ نوێنەرایەتی، دەبێت لەدەزگای لێپرسینەوەی حیزب ئەو کەسە بکەوێتە بەر لێپرسینەوەی ورد و ئەگەر پێویستی کرد دەبێت بگۆڕدرێت، ئەگەر لەپێناو دامەزراوەکەش نەبێت، دەبێت لەپێناو ناوبانگی خودی حیزبەکە خۆی بێت.

ئەم نوسینەی من زانستی فیزیا و کیمیا نیە، تازە دۆزرابێتەوە، بەڵکو هەر غەریزەی مرۆڤەکان وەهایە حەز دەکەن لەدەرەوەی خۆیان جوان دەربکەون. تەنانەت خێزانێکیش ئەگەر کوڕێکی گەمژەیان هەبێت، حەزناکەن بکەوێتە بازاڕ و بەرچاوی خەڵک و نوێنەرایەتییان بکات، نەبادا کاتێك بێت دووچاوی کێشە و پۆزشهێنانەوە و شەڕی لابەلای بکەن.

حیزبەکانی کوردستان، هەوڵ دەدەن خەڵكی بەتوانا و زمانزان بنێرنە بەغدا، بەڵام ئەو هەستەیان بۆ پەرلەمانەکەی خۆیان نیە. لەکاتێکدا لەململانێی سیاسیدا هەر حزبێك پێویستی بە خەڵكی بەتوانا و خاوەن ئەتەکێت هەیە، چونکە ئەو ئەندامانە دەبن بە ناسنامەی حیزب. لەوە تێناگەم حیزبێك چۆن هەموو جۆرە کەسێك دەکات بە ناسنامەی خۆی؟

ئاساییە حیزب پاداشتی هەوڵ و شەونخونی هەموو جۆرە ئەندامێکی خۆی بکات، بەڵام دانانی خەلکی شیاو لەشوێنی شیاو برتییە لە ئەلف و بێی سیاسەت، بۆ ئەوەی هەرسێ (خ)ێیەکە، (خۆی، خەڵك و خاك) پارێزراو بن.
گوتراویشە، ڕەحمەتی خوا لەو کەسەی قەدری خۆی دەزانێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP