دواین هەواڵ

چانسێكی زێڕین بۆ نەوەی نوێ

‌كوردستان ئەحمەد

28/10/2021

لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێدەنگ و بانگەشەیەكی نەرممان بەڕێكرد لە مانگی ڕابردوودا، بەڵام ئەنجامی پڕ لە سوپڕایز و گۆراویشمان بەدییكرد و بینیمان، گۆڕانكارییەكان ڕیشەی و گرنگ بوون، چونكە ئەم هەڵبژاردنە ڕیشەیەكی نوێ بۆ عێراقێكی نوێ دادەڕێژێت، كە ئیتر پێدەچێت عێراق پێ بخاتەوە سەر خۆی و نوێ ببێتەوە، خۆ ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت بێگوومان سەدەیەكی تر عێراقیەكان دەبێت، لە عەگالدا خورما بچننەوە و لە تەنەكدا نەوت بگۆزن.

گۆڕانكارییەكان لە ئاستی عێراقدا

لە سەر ئاستی عێراقدا ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری گەورەی دروستكرد، چەندین هێزی گەورەی دا بەزەویدا، كە زۆرترینیان ئەو هێزانەبوون كە لایەنی شیعی نزیك لە ئێران بوون، دەتوانین بڵێین گۆڕانكارییەكان بە جۆرێك بوون كە ئێرانییەكانی عێراق پووكانەوە و بە قەبارەی ئێجگار گەورە پوكانەوە و هیچیان پەلو پۆیەكی وا گەورەیان نەما كە جارێكی تر بتوانن بوێری ئەوەبكەن نەك مووشەك بەڵكو بەردیش بگرنە كونسوڵخانە و هێزەكانی ئەمریكا.

هەرچەندە زۆر زووە بڵێین، لە هەڵبژاردنەكەی ئەمجارەدا، ئەمریكاییەكان لە ئێرانییەكانیان بردەوە و ئەمجارە تۆپی ئێران بەدەست ئەمریكاوە دەبێت و بە كەیفی خۆی شەقی تێهەڵدەدات، خۆ ئەگەر كازمی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران كە دوریش نییە ببێت، ئەوا ئێرانیەكان بە تەواوەتی لە پەلوپۆی خۆیان دەكەون، بەڵام گەر پڕۆ ئێرانیيەك ببێتە سەرۆك وەزیران ئیدی كەفوكوڵی ئەمریكا لە عێراق دیسان  دەكەوێتەوە بەر رەحمەتی موشەك و درۆنەكان.

گۆڕانكاریەكان لە ئاستی هەرێمی كوردستان

هێزە سیاسیەكانی  هەرێمی كوردستانی _عێراق بە وردی خۆیان ئامادەكرد، لە ڕاستیدا سوپڕایز تەنها بۆ شیعەكان نەبوو، بەڵكو بۆ كوردەكانیش بوو، چونكە هەرگیز لە باوەڕی كەسدا نەبوو ئەم هەڵبژاردنە، حيزبێكی نیوملیۆن دەنگدەری بخات بە عەرزدا و سیاسیەكی تازە پێگەیشتوو  بەو شێوازە بەهێز و گەورە بكات.

نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆڕان، سوپڕایزی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەبوون بە نیسبەت كوردەوە، هەرچەندە گۆڕان وەك هێزێك هێشتا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت بە نیسبەت كورد و لایەنی براوەی كوردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام لە ڕاستیدا گۆڕان لە سەر ئاستی عێراق كۆتایی هاتووە و ئیتر مامەڵەیەكی وایان لەگەڵ ناكرێت.

ئەوە لە كاتێكدایە نەوەی نوێ بە پێچەوانەوەیە، لە هەرێمی كوردستاندا پێگەیەكی بەهێزی نابێت و لە عێراقدا بە گرنگی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، كە بە بڕوای من ئەمە زێڕینترین هەلە بۆ نەوەی نوێ كە بتوانێت لەو گرفتە زۆر و قورسانەی كەلە ماوەی تەمەنی كورتیدا بۆی دروستبووە چارەسەریان بكات و ببێتە بزوتنەوەیەكی گەورە و ئۆپۆزسیۆنێكی دروست، كە هەموولایەك ئەوەی زۆر پێ خۆشدەبێت.

هەلە زێڕینەكە بۆ نەوەی نوێ چییە؟

هەرچەندە نەوەی نوێ تا ئێستا وەك هێزێكی تۆكمەو كاریگەر مامەڵەی سیاسیانەی لەگەڵ ناكرێت، بەڵام دەكرێت دوای ئەم قۆناغە ئیتر نەوەی نوێش ببێتە هێزێك كە جێگە و پێگەیەكی بەهێزى لە ناو سیاسەتی باشوری كوردستاندا بۆ خۆی دروست بكات، ئەگەر كێشەكانی چارەسەر بكات.

گەورەترین گرفتی نەوەی نوێ سوڕانەوەیە بەدەوری گوندی ئەڵمانی و ماڵی شسوار عەبدول واحیددا، كە دورنییە هەمووی لە داشكاندنێكی ئاشكرادا یان نهێنیدا سەرنوگم بكرێت، یان بە نەمانی شاسوار ئیدی وەك گۆڕان نەوەی نوێش بێ حاڵو ماڵو سەرگەردان ببێت و پەڕلەمانتارەكانی سەریان لە باوەشی خۆیان بخورێنن، كە بەڕاستی دەبێت شاسوار عەبدول واحید ئەوگرفتە چارەسەر بكات، دەستێك بە حيزبەكەیدا بهێنێت، سەركردایەتییەكەی و سەرپەرشتیاری گشتی و تیمەكەی ڕێكو پێك بكاتەوە وتۆكمەی بكات.

یەكێكی دیكە لە كێشەكانی نەوەی نوێ ، بریتییە لە نەبوونی متمانە و دروستنەكردنی متمانەیە هەم لەلای زۆرینەی خەڵك هەمیش لەلای حيزبە سیاسیەكانی دیكە، هەرچەندە كێشەی  گەورەی حزبەكانی دیكە ئەوەیە ناتوانن وەك ژمارەیەكی ڕوون سەیری نەوەی نوێ بكەن، بۆنمونە گۆڕان و كۆمەڵ هەرگیز ئامادەنین گەر بشبنە ئۆپۆزيسیۆن بچنە ژێر باڵو هەیمەنە و شكۆی شاسوار عەبدول واحیدەوە، چونكە متمانەیان بە نەوەی نوێ و خودی شاسوار عەبدول واحید نییە.

ئەم متمانەیە كاتێكی ئێجگار زۆەری دەوێت، شاسوار عەبدول واحیدیش لە بەر گوتارە زۆرەكانی میدیاو كۆمێنت نوسین و گوتاری پۆپۆلیستیانە بە ئاسانی كاتی نابێت بۆ دروستكردنی ئەو متمانەیە، لە ڕاستیدا ئێستە جۆرە متمانەیەك لەلای شاسوار عەبدولواحید دروستبووە كە بەڵێ ئیتر كاتی ئەوەیە حزبەكانی دیكە متمانە ى پێبكەن نەك ئەم بەوانی بكات، ئەوەش هەرگیز ڕوونادات بەتایبەتی بۆ گۆڕان و كۆمەڵ.

ڕێكخستنەوەی پەیامی میدیای و دوركەوتنەوە لە تەوژمی بێهێزكردن  و خۆشنەویستنی وڵات و كوردستان و بێ بەهاكردنی ئاڵاو قەوارەی هەرێمی كوردستان كە پێشتر هێزی دیكە كردیان بەڵام گەل سزای دانو ئێستا لەماڵەوەش كورسیان نییەلە سەری دابنیشن نەك لە پەڕلەمان.

ئێستا كە براوە و دەمڕاست و گەورەی باشوری كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە هەموو لایەنێك زیاتر پێی خۆشە نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزيسیۆنی ڕێكو پێكو ماقول و بەمتمانە دەربكەوێت بۆ ئەوەی زۆر بە جوانی بزانێت مامەڵە لەگەڵ كێ دابكات.

نەوەی نوێ ئەگەر دەیەوێت ئۆپۆزيسیۆنێكی تۆكمە و بەهێز و سیاسی و راستی بێت دەبێت شاسوار عەبدول واحید خۆی ڕێكباخەتەوە، دوركەوێتەوە لە جنێو قسەی بەرزونزم و شەڕە قسەی گەڕەكەكان كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر ئەزمونی كرد و هیچ سودێكی لێنەبینی.

نەوەی نوێ دەبێت لە ڕێگەی پەڕلەمانەوە كاری باشو جدی بكات و دەستبخاتە سەر برینەكان نەك وەك لایەنەكانی دیكە لە میدياوە ژمارە هەڵبداتە نێو فەیسبووك و خەڵك هەراسان بكات، بۆ وێنە،  لیژنەیەك دروستبكات بۆ پێشمەرگەو بەدوایدا بچێت و راپۆرتی مانگانە و ساڵانەی شیكاری ورد بداتە دەست حكومەت و  ڕێگە چارەی ڕیشەی بۆ چارەسەری بدۆزێتەوە و چاودێری توند بێت بۆ جێبەجێكردنی.

ئێستا ئیدی نۆبەتی ئەوە نەماوە لە میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە گوتاری پۆپۆلیستی بكەیت بەگوێی خەڵكدا، زەمەن زەمەنی پڕۆژە و سیاسەت و بەرنامە وپلانی تۆكمەیە، ئەگەر نەوەی نوێ بەم شێوازە بكات دەتواێت بیباتەوە و هەلە زێڕینەكە لە دەستنەدات

بەڵام گەر نەیتوانی وەها بكات، بێگومان نەوەی نوێش عاقیبەتی هەر وەك عاقیبەتی گۆڕان دەبێت و گۆشەنیگای ئۆپۆزيسیۆن و دەسەڵات تێكەڵ بە هاوكێشەی  كۆمەڵایەتی دەكات و ئەو كاتەش نەوەی نوێ هەموو ئەو رەنجە بە با دەدات كە خەڵك وەك هیوایەك هەیەتی، كە لە ڕاستیدا هیوایەكە بنەماكەی هیچ فكر وفەلسەفە و سیاسەتێك نییە، تەنها كەفوكوڵێكی پۆپۆلیستیانە نەبێت.

هیچ هیوایەك بەوە نییە شاسوار عەبدول واحید، بتوانێت ئەوهەلە زێڕینانە لە دەستنەدات و نەكەوێتە بەر شەپۆلی بە گۆڕان بوونەوە، چونكە ئەزمونی سیاسی ئەم نەوەیە هێندە بەهێز نییە بەرگەی بۆران و سیاسەتی توندی دوو هێزی پەنجا ساڵە بگرێت.

نەوەی نوێ و ئەمریكا

هەرچەندە ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكان سەردانی هەموو پێكهاتەیەك و بزوتنەوەیەكی جەماوەری دەكەن و هەموو هاوولاتییەكی مەدەنیش دەبینن، نەك حزبێكی تازەدروستبوو، بەڵام لێرەدا نەوەی نوێ گرنگە پەیوەندیەكی تۆكمە لەگەڵ ئەمریكا دروستبكات بە جۆرێك لەسەر بنەمای خواستی ئەمریكا و لەژێر سێبەری كوردستاندابێت نەك بیركردنەوەی داخراوی حيزبیانە

دەبێت نەوەی نوێ كەفوكوڵی هەزەلیانەی سەرشەقام نەیخەلەتێنێت وەك چۆن پێشتر گۆڕانی خەڵەتاند، لە ڕاستیدا  چارەسەری ڕیشەی بۆ نەوەی نوێ ئەوەیە لەگەل پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئۆپۆزيسیۆنێكی دروست و باش مامەڵە بكات، پارتی تێبگەیەنێت كەدژی كوردایەتی نین، بەڵكو بۆ بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان ئۆپۆزيسیۆنن ئەوەش هەردولا دەخاتە سەر بنەمای  ڕكابەریەتی نەك دژایەتی.

دەبێت هەر لەو چێوەیەشدا پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەمەریكا دابڕێژێتەوە و بتوانێت وەك هێزێكی  ئۆپۆزسیۆنی بونیادنەر خۆی نمایشی دەرەوە بەتایبەتی ئەمریكا بكات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP