دواین هەواڵ

بۆچی گۆڕان دۆڕا؟

‌كوردستان ئەحمەد

14/10/2021

 یەكێك لە هەرە هاوكێشە سیاسییە گرنگەكان لەدوای ساڵی ١٩٩١ كە دروستبووبێت، دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە ڕابەرایەتی نەوشیروان مستەفا، ئەمە گرنگترین هاوكێشەی سیاسی بوو كە توانی وەك گورزێكی گەورە هەرێمی كوردستان بجوڵێنێت.

 نەوشیروان موستەفا، دەستی بۆ ترسناكترین و گەورەترین بابەت لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست برد، كە بریتیبوو لە دروستكردنی ئۆپۆزسیۆن كە خۆی لە خۆیدا گەورەترین هەڵەی سیاسی و كۆمەلایەتی و ئابووری بوو لەبەر ئەوەی ڕەچاوی چەند پرسێكی گرنگی وەك ( هێز، پارە، ئایدۆلۆژیا، فكر ،لە هەمووی گرنگتر هەواڵگری نەكرد).

 بۆچی گۆڕان دۆڕا؟

 خەڵكانێكی زۆر پێیان وایە دەستلەكار كێشانەوەی بەڕێز عومەری سەید عەلی و ئەندامەكانی دیكە دەتوانێت بزوتنەوەی گۆڕان هەلسێنێتەوە و جارێكی دیكە وەك هێزێكی كاریگەر لە كوردستان و سلێمانیدا قورسایی هەبێت.

 بەڵام لە ڕاستیدا بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێك كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و لایەنگرانی بێزاركرد، كە ئەگەر چەندین نەوشیروان موستەفای دیكە و چەندین میدیای دیكەی هەبێت، جارێكی دیكە ناتوانێت هەڵسێتەوە سەر پێیەكانی خۆی

كەفوكوڵى بزوتنەوەی گۆڕان هێندە بەقورسی داکشا، كە هەرگیز هیچ هێزێكی تر هیچ عەسایەكی دیكەی سیحری ناتوانێت ئەو كەمانە شڕە بژەنێتەوە كە نەوشیروان مستەفا، بە توڕەییەوە دەیژەنی و عومەری سەید عەلی ئاوازی بەیانیانی فیروزی پێ دەچڕی و ئەمسالەكانی دیكە لە پەنجەرەی باڵەخانە سورەكانی گردەكەوە بەدیاریەوە دادەنیشتن، ئەو دوو پاروو پەنیرەیان قوتدەدا كە لە خێری خوا لە هەولێرەوە پێیان دەگەیشت.

 ئێستا دەنگۆی زۆر هەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت گۆڕانكاری ڕیشەیی لە كاری سیاسی و حزبی و میدیای و رێكخراوەییدا بكات، بە هیوای هەستانەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئیدی ئەو بزوتنەوە لەلایەن خەڵكی ڕەشوڕوت و بەشمەینەت و نەداری وڵاتەوە هێندە بە خەستی داخكرا، جارێكی دیكە ئەستەمە شوێنی ئەو زەخمە بە جەستەی سلێمانییەوە چاك ببێتەوە، كە من باوەڕم وایە نەوشیروان مستەفا، لێی بەرپرسیارە و عومری سەید عەلی، دەبێت لەسەری دادگای بكرێت و هۆشیارەكان دەربكرێن لەسەری.

 بزوتنەوەی گۆڕان دۆڕا، چونكە كۆمەلێك دەمو چاوی دووبارەی كۆنی دەباشانی كردە دەمڕاستی ملیۆنان دەنگدەری تێگەیشتوو پێگەیشتووی وڵاتەكە و حزبەكەی، كە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبوون گەل ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و سزایان بدات.

 هیچ تەزویرێك لە گۆڕان نەكراوە، دەنگەكانیشی نەدزراون، كەمی خەڵكیش لە بەشداری هەلبژاردندا ئەو حزبەی وێران نەكرد، بەڵكو ئەوەی گۆڕانی توشی شكست و لەناوچوون و پوكانەوەكرد، دەموچاوە سواو دووبارەكانی سەری سەرەوە و نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەدابوو.

 گۆڕان و ئەمریكا و ئەوروپا، كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو، زۆرێك لە قەڵەمبەدەستانی بزوتنەوەكە و دەرەوەی بزوتنەوەكە داوایان لە نەوشیروان مستەفا كرد، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپاو ئێران و توركیا دروستبكات، بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە چونكە دەیگوت نایەوێت پیاوی هیچ هێزێكی نێودەوڵەتی بێت، ئەوە ئەمڕۆش دەرئەنجامی بیركردنەوەی ناو شەستییەكەمان بینی كە بەكوێ گەیشت.

 لەگەڵ ئەوەی ئەوروپی و ئەمریكییەكان سەردانی گردەكەیان دەكرد، بەڵام بۆ كاك نەوشیروان و دواتر كاك عومەر و دواتریش كاكەكانی دیكە هیچ گرنگ نەبوو، چونكە پێیانوابوو هەڵەیە پەیوەندیت لەگەل دەرەوە بێت، بێ ئاگا لەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و هەموو حزبەكانی ناوچەكەش دامی شەترەنج و دۆمینەی دەستی ڕۆژئاواو زلهێزەكانن بۆ یەكلایكردنەوەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان.

 ئایا گۆڕان دروست دەبێتەوە؟

 خەونی سەدساڵەی نەوشیروان مستەفا و گۆڕانخوازانیی ئیدی نایەتەدی، مۆمی نیلی جارێكی دیكە ناتوانێت ڕوبەڕوی گەل بوەستێت و شەرم نەكات و داوابكات دەنگ وەربگرێت، لە یەك حاڵەتێكدا نەبێت ئەویش ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان پشت لە پارتی و سەرۆك بارزانی بكات و داوا لە خەڵكی بكات بەو بیانوەوە بۆ ئەوەی لایەنگر دروستبكات، ئەوەش خاڵێكە هیچ سەركردەیەكی گۆڕان لە دوای كارەكەی یوسف محەمەد، هیچ كەس بوێری ئەوەناكات دەستی بۆ ببات.

 گۆڕان دۆڕا، ئێستا هێزی دیكە لە نێو شەستییەكە و كوردستان هەڵتۆقیون، ئەكرێ سێ بۆ چوار خولی دیكە تەمەنیان هەبێت، لێ ئەبێت بیریان نەچێت، هێزێك كە دامەزرێنەرەكەی شەش زمانی دەزانی، دامەزرێنەری دەزگای هەوالگری یەكێتی بوو، هێز و پارە و چەك و خەڵكی هەبوو، لە ژێر ئیرادەی گەلدا دەرنەچوو توایەوە، ئایا ئەو دەتوانێت ، بە كۆڵێك قەرزی چاڤی لاند و گوندێكی شڕی ئەڵمانی و میدیایەكی ماندوكەر و گوتارێكی پۆپۆلیستییەوە بەرگەی قورسایی دەنگ و توڕەیی گەل بگرێت و بمێنێتەوە!؟

 بە هەر شێوەیەك سەیری تۆپەكە دەكەیت، ڕوی لە ڕوخان و بچوكبوونەوەی حزبەكانی دیكە و گەورەبوونی پارتییە، ئەم جارە خەلك ڕودەكاتە پارتی، متمانەی هێز و دەسەڵات و دەنگی ناوچەكە وەردەگرێت، خۆ ئەگەر جولانەوەكە وەك گۆڕانی لێبێت ئەوا دەنگدەرێكی بێشومار لە سلێمانی، ڕودەكەنە پارتی بەبێ هیچ داواكاری و مەرجێك.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP