دواین هەواڵ

یەکەم بارانی پایز

‌محەمەد خۆشناو

13/10/2021

ئەمرۆ یەکەم بارانی پایز باری ، پایز هاتەوە نێو خاک و مرۆڤ ، لەوە دڵنیەبووین کە گەرمای هاوین ڕۆیی ، کە ئەمسال بەشێوەیەکی سەخیف هەلیکوتایە سەرمان ، پایز یەکێکە لە وەزە جوان و ڕازاوەکان ، ڕۆژانی پایز نزیکترین ڕۆژانن کە لە دڵمەوە نزیک بێت ،

وەرزی مەکتەب کرانەوەیە ، هاتنی تارکی پێشوەخت و كورتبوونەوەی رۆژ ، بایەخ و بەهای پایز لەوەدایە کە دەتباتەوە…یادەوەری بۆنی خاکی یەکەم باران و گەشتکردنی باڵندەکانە و ، تاکە وەرزە کە قورتار بووە لە توندرۆیی کەشوهەوا ، لەکن نزار قەبانی شاعێر پایز باشترین وەرزە و دەلێت«هیچ رۆژێک بەهار هاورێم نەبووە…تەنها پایزە بەمن دەچێت» ،

سالانی تەمەن کە دەگاتە تەمەنی پایز تاموچێژێکی دیکەی هەیە… سەیری ئەو درەختە بکە چەندن ئەو گەلایانەی هەڵیوەراندوون ، سەیری ئاسمان بکە ڕۆژانە چەندین جار وێنەی خۆی دەگۆڕێت ، خەفەت بۆ ئەو هاوڕیەت مەخۆ کە لەئاست هاوڕیەتیدا نەبوو ، بەتەنیا لەگەل پایزدا دەمینێیتەوە ،

لەپایزدا ئەوەم بیر دێیەوە کە چەند خۆشباوەڕ و دڵساف بووم لەگەل هاوڕێکاندا ، خۆ ئەمە نیشانەی پاکی مەعدەنی مرۆڤە ، هەروەک دەڵێن خەلک مەعدەنە ، ئاڵتون هەیە و تەنەکەش هەیە ، لەهەموو شوێنێک تەنەکە دەدۆزیتەوە ، بەلام تۆ زۆر بەدەگمەن نەبێت ئاڵتون نادۆزیەوە ، نەمدەزانی ڕۆژگارەکانی ساختەکاری دەتوانێت هەموو شتێک هەر لە ئادەمیزادەوە تا دەگاتە هەستەکان ساختە بکات ،

بەلام هەر کاتێک شنەبای پایز هەڵدەکات ، هەموو ئەوانەی دەووروبەرم کە بەساختە ، راستگۆیی و وەفایان پێشان دەدا بلاوەی لێدەکەن و ، ئەوکاتە خەمخواردن لەم و ئەو دەڕەوێتەوە ، جوانترین شت کە پایز سەردانت دەکات ئەوەیە کە تۆ سەفەر لەگەڵ خۆتدا دەکەیت. 

پایز خەڵک نابینێت بەلام لە بارودۆخیان دەپرسێت ، لەپایزدا هەست بە بۆنی فێنکایی خاک دەکەیت ، لە پایزدا هاوین لەکوێ هاتووە دەچێتەوە ئەوێ ، لەو وەرزەدا هەست بەگەرمایی هاوین و شنەبای زستان دەکەیت.

هاوین هەستەکان ڕاودەنێت و مرۆڤ هەست بەتووندی دۆخەکە دەکات ، بەهار وەرزێکی ساختەیە و رۆژەکان لە وەرزەکانی دیکەوە دەدزێت و جیهانێکی سەراوگێرە ،

زستان وەرزێکی سەخت و سامناکە ،  ئەوەی  دەمێنێت پایزە کە خۆشەویستی و فێنکایی و ئۆقرەیی و ئەمانی تێدا دەمینێتەوە و ، ئەو خەمانەت بۆ دەگەڕێنێتەوە کە رۆیشتبوون ، لەپایزدا کوردستان لە ئارامی و ئۆقرەیی دایە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP