دواین هەواڵ

رەهەندە ئابورییەكانی هەڵبژاردنی عێراق

‌ئاراس عەبدولکەریم مەعروف

13/10/2021

١٠ی١٠ عێراق پرۆسەیەکی مێژووی تێپەڕاند، کە بۆ پێنجەمین جار لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لەساڵی ٢٠٠٣، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا. هەلبژاردن یەکێکە لەبنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی، کە نەک هەر هاوکێشەی سیاسی چوار ساڵی داهاتووی عێراق دیاریدەکات، بەڵکو ئاڕاستەی بازاڕو سیاسەتی دراوو بازرگانی‌و ئابوری عێراقیش دادەڕێژێت. 

ئەوەی بەلای ئەهلی بازاڕو ناوەندە ئابورییەکانەوە گرنگ‌و جێی پرسیارە: ئایا ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هاوكێشە ئابورییەكان ئەگۆڕێت‌و نەخشەی سیاسی‌و ئابوری عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات؟

هێشتا زووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، بەڵام ئەوەی لەڕووی ئابورییەوە روونە هێشتا بەشێوەی زانستیانە وەبەرهێنان لەسامانەكانی عێراق‌و كوردستاندا نەكراوە، ئەگەر نا عێراق‌و کوردستان توانای ژیاندنی چەند هێندەی دانیشتوانی ئێستایان بەزیادەوە هەیە. 

ئەگەر لەعێراق‌و كوردستان پلان‌و ستراتیژیەتێكی زانستی بۆ بەڕێوەبردنی ئابوری‌و سامانە سروشتییەکان پەیڕەو بکرایە، ئەگەر داهات‌و پڕۆژەكان بەشێوەیەکی دادوەرانەو دوور لەقۆرغکاریی دابەش بکرانایەو رێگە بەداهێنان بدرایەو وەبەرهێنەری راستەقینە رێگەی پێبدرایە وەبەرهێنان بكات، ئەوا ئێستا بێکاریی‌و هەژاریی‌و دەستکورتی تەنگی بە بەشێکی بەرچاو لەگەنجان‌و هاوڵاتیان هەڵنەدەچنی، تەنگەژەو كێشەكانی ئاوو كارەباو سوتەمەنی‌و نیشتەجێبوون‌و دەردی پیریی‌ خەمێکی كۆمەڵایەتی‌و ئابوری بەشێک لەدانیشتوانی كوردستان‌و عێراق نەدەبوو. 

ئەوەی بەلای ئێمەی بازرگانان‌و پیشەسازکارانی کوردستانیشەوە روونە، کە دوای ئەم هەڵبژاردنەش ململانێیەکی قورس‌و گران لەنێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی دیسان دەستپێدەکاتەوە، لەم ململانێیەدا ئەرکی لەپێشینەی نوێنەرانی تازە هەڵبژێردراوی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرگری کردنە لەمافە ئابورییەکانی هاوڵاتیانی كوردستان‌و کار کردنە بۆ ئەوەی گرفتەکانی بەردەم گەشەی ئابوری كوردستان لەبەغدا كەم بكەنەوەو شێلگیرانە هەوڵی چارەسەر كردنی گرفتە ئابورییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی عێراق بکەن. بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەپرۆسەی  بریاڕدانی ئابوری‌و دارایی‌و گومركیی لەبەغدا سەنگ‌و قورسایی خۆی هەبێت.

بەدڵنیایی ئەرکێکی قورستر لەچوار ساڵی داهاتو دەکەوێتە ئەستۆی نوێنەرانی نوێی کوردستان لەبەغدا، بۆ ئەوەی مافە ئابورییەکانی هەرێم مسۆگەر بکەن، لەپێشیانەوە مسۆگەر كردنی رێژەی راستەقینەی كوردستان لەبودجەی عێراق‌و دڵنیا بوونی خەڵكی كوردستانە بۆ ئەوەی ترسی بڕین‌و كەمكردنەوەی بودجەو موچەی نەمێنێت، ئەمەش وا لەکاربەدەستانی کوردستان دەخوازێ کە پابەند بن بەرێککەوتنەکانی رادەست کردن‌و هەناردەکردنی نەوت‌و داهاتەکانی دیکەوە، تا بتوانن ئاسانکاریی بۆ نوێنەرانی هەرێم بکەن‌و پێگەی کورد لەچوارچێوەی عێراقدا بەهێز بکەن.

هاوڵاتیانی کوردستان چاوەڕوانن نوێنەرانی کوردستان لەبەغدا ئەو ئیمتیازو ئاسانکارییە ئابورییانە بۆ هاوڵاتیان‌و پیشەسازکاران‌و جوتیاران‌و خاوەنکارو کارمەندان دەستەبەر بکەن، کە حکومەتی ناوەندی دەیبەخشێتە هاوڵاتیانی ١٥ پاریزگای ناوەڕاست‌و باشوری عێراق‌و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لێی بێبەشن.

نوێنەرانی کوردستان دەتوانن کار بۆ یەکخستنی ئەو یاساو رێنماییە ئابورییانە بکەن کە بەشێوەی جیاواز لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراق‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع بەریەککەوتن دروست نەبێ‌و بازرگان‌و خاوەنکاران‌و هاوڵاتیانی کوردستان نەبنە زیانمەندی سەرەکی ئەم یاسا جیاوازو ناکۆکانە. 

ئەرکی نوێنەرانی کوردە کار بۆ ئەوە بکەن کە هەرێمی کوردستان رۆڵی لەدانانی سیاسەتی ئابوری‌و دارایی‌و بازرگانی‌و پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەكان هەبێت. لەڕێگەی پڕۆژە یاساوە هەوڵ بدەن هەرێمی کوردستان بانکی ناوەندی خۆی هەبێت‌و لەداڕشتنی سیاسەتی بانكی‌و نەختیدا بەشدار بێت. هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی گومرگی‌و كردنەوەی سنووری بازرگانی نێودەوڵەتی هەبێت.

هاوکات پەرلەمانتارانی خولی نوێ، ئەوانەی کە نوێنەری کوردستانن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەركیان چاودێریی‌و كۆنترۆڵی بودجەو پلان‌و پڕۆژەكانی هەموو عێراقە تا سەرمایەی ئەم وڵاتە بەفێرۆ نەچێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP