دواین هەواڵ

هەڵبژاردن و نەتەوەیەكگرتووەكان

‌بورهان شێخ رەوف

18/09/2021

پرۆسەی هەڵبژاردن كۆڵەكەیەكی گرنگ و بنەڕەتی ژیانی دیموكراسیەتە لە جیهاندا ، سەرەڕای بوونی زۆر تێبینی لە سەر دیموكراسیەت لە دێر زەمانەوە ، بەڵام تائێستاش گونجاوترین میكانیزمە بۆ دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەستەڵات ،ئەڵتەرناتیفێكی باشتر بەردەست نیە .

هەرلەبەر ئەو گرنگیەشە نەتەوەیەكگرتووەكان وەكو ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی كۆمەك و هاوكاری پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكات لە زۆر شوێنی جیهان ، بەڵام بەمەرج گەلێك لەوانە:-

1. داواكاری لەلایەن ئەو دەوڵەتەی كە هەڵبژاردنەكەی تێدا بەڕێوە دەچێت كە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت .

2. داخوازی و پێشنیاری  ئەنجومەنی ئاسایش یان خودی  نەتەوەیەكگرتووەكان .

نەتەوەیەكگرتووەكانیش پێش بڕیاردان لە سەر كۆمەك و هاریكاری پرۆسەكە لە هەر وڵاتێك بێت ،سەرەتا توانای ئەندامانی خۆی  هەڵدەسەنگێنێت ئایا تاچەند دەتوانێت بچێتە ژێرباری ئەوەی كە دەتوانێت پێداویستیەكانیان دابین بكات و پرۆسیسەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدات ، دواتر بڕیار دەدات .

كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە زۆر بۆنەی جیاوازدا پێداگیری لەسەرئەوە كردووە ،ئەو كۆمەك و هاریكارییانەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەشی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی دەكات دەبێت زۆر بابەتیانەو بێلایەنانەو پاك و بێگەردوسەربەخۆیانە بێت ،لە هەمانكاتدا سەروەری دەوڵەتی دیاریكراو بپارێزێت .

نەتەوە یەكگرتووەكان بڕوای تەواوی بەوە هەیە كە بەرپرسیارێتی و ئەركی  ڕێكخستنی هەڵبژاردنەكە لەسەر وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكانە .

هەربۆیە لە ساڵی 1991 ەوە تا ئێستا زیاتر لە (100) دەوڵەت  داوای كۆمەك و هاریكاری هەڵبژاردنیان لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە ، ئەو دەوڵەتانەش ئەو كۆمەك و یارمەتیانەیان وەرگرتووە، نەتەوەیەكگرتووەكان قەوارەو دامەزراوەی زۆری تایبەتمەندی بە هەڵبژاردن هەیە كە پشتیوانی چالاكیەكانی هەڵبژاردن دەكەن  بە شێوازی جۆراوجۆر ،كە لایەنی كاریگەرو بەتوانا لە خۆدەگرێت .

هەرلەبەرئەوەشە كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان  پێداگری زۆر لە سەر هەماهەنگی تەواو دەكات لە ژێر چاودێری ڕێكخەری گشتی تایبەت بە هەڵبژاردن لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان  ، لەسەر ئەو بنەمایەشە كە تاكە لایەنی بەرپرسی هەماهەنگی دارێژەری  سیاسەتی پشتیوانی  هەڵبژاردنە ، كە هەموو پێوەرەكانی پێشكەشكردنی هاریكاری دیاری دەكات بە ڕاوێژ ، بۆ ئەو وڵاتانەی كە خوازیاری كۆمەكن .

لەلایەكی ترەوە هۆبەی پشتیوانی هەڵبژاردن  سەربە ئیدارەی كاروباری سیاسی وبنیتنانی ئاشتی سەربە ئەمیندارێتی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان هاریكاری ناوەندی هەماهەنگی هەڵبژاردن دەكات ، هەروەها پێشنیارو ڕاوێژی پێویستیان دەداتێ‌ لە سەر چۆنێتی و پێدانی ئەو كۆمەك و هاریكارییانە بۆ ئەو وڵاتانەی كە داوایان كردووە ،ئەم هۆبە گرنگەی ڕێكخراوەكە سەرەڕای داڕشتنی سیاسەتی هەڵبژاردن لە جیاتی ناوەندی هەماهەنگی  ڕێنمایی سیاسی و تەكنیكی پێویستیش  بە هەموو قەوارەكانی نەتەوەیكگرتووەكان دەدات كە بەشدارن لە كۆمەك و هاریكاری پرۆسەی هەڵبژاردندا ، هەروەها لە كاتی پێویستیشدا هاوكاری ئەمینداری گشتی و هەموو نێردەكان و نوێنەرەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات لە بواری سیاسی  و نێردەكانی ئاشتی پارێز و لە بوارەكانی بەرگرتن بە سەرهەڵدانی قەیرانی هەڵبژاردن و هەروەها هاریكاری تەواوی هەموو ڕێكخراوە ئیقلیمی و حكومیەكان كە لە بواری هەڵبژاردندا چالاكن و هەوڵی بەرزكردنەوەی تواناكانیان دەدات .

شوێن و كاتەكانی كۆمەكی نەتەوە یەكگرتووەكان

مێژووی نەتەوەیەكگرتووەكان پەیوەستە بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانەوە ،بە تایبەتی لە كۆتایی سەردەمەكانی كۆلیانالیزمی و ژێردەستی میللەتاندا چاودێری و سەرپەرشتی زۆرێك لە پرۆسەكانی ڕاپرسی و ڕاوێژكاری و هەڵبژاردنەكانیان دەكرد لە هەموو جیهاندا .

بە تایبەتی لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی  ڕاپرسی و هەڵبژاردنی كرد لە تەیموری خۆرهەڵات و باشووری ئەفریقیا و موزامبیق و سلڤادۆر و كمبودیا ، لەم ساڵانەی دواییشدا نەتەوە یەكگرتووەكان كۆمەكی تەكنیكی لۆجستی پێویستی زۆر گرنگی پێشكەشی هەڵبژاردنی چارەنووسسازلە زۆر لە وڵاتانی جیهان كرد لەوانە ئەفغانستان و عێراق و سودان و كۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست و كۆماری كۆنگۆی دیموكراسی و سیرالیۆن و نیپاڵ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP