کەسانی رونبین و بەئاگا رێگەنادەن شەپۆلی گوماناوی ئاراستەی بکەن و ھێڵی سیاسی بۆ دانێن .
بەربەرەکانێی ھەندێ بەناو دڵسۆز و کۆنە گۆڕان لە ململانێ تێپەڕیوە بۆ ئاستی دژایەتی و زیاتریش .
ئەم دژایەتیکردنەش لەبەرئەوە نیە گۆڕان لە خیانەتەوە گلابێ، یا سامانی میلەتی بەھەدەردابێ، یا تاوانی کردبێ، یا لەحزبەکانی تربچێ، بەڵکو تەنھا گوناھی گۆڕان ئەوەیە کەلەئاست چاوەڕوانی و سەقفی داواکاری خەڵکا نەبوە، ئەمەش نایکاتە ئەھریمەن.
بەپێی گشت یاسا و بنەما ئاینیەکانیش مرۆڤ لەسەر کردەوە خراپەکانی لێپرسینەوەی لێ ئەکرێ و بەپێی ئاستی گەورەو بچوکی تاوانەکەش سزا ئەدرێ.
لەھیچ یاساو لەھیچ ئاینێکا کەسو لایەن لەسەر ئەوە تاوانبارناکرێن کە نەیانکردوە.
راستە لەرابردوا گۆڕان نەیتوانیوە لێشاوی چەندین ساڵەی نادادی و بێدەربەستی کاستی سیاسی راست بکاتەوە، بەڵام لەبێدەربەستی و خەمساردی نەبوە رەنگە بەو قەبارەی ئێستا و لەو ژینگە نابەرامبەرەی سیاسەتە ھەرھێندە لەکردن ھاتبێ.
بۆیە ئەوەی ئێستا بەرامبەر گۆڕان ئەکرێ و لەچەندین لاوە بازاڕگەرمی بۆئەکرێ جۆرێکی نوێی دژایەتکردنی ئیرادەی بەرەنگاری و لەگۆڕنانی ھیوایە.
ھەوڵێکی نەزۆکانەیە بەئامانجی نائومێدکردنی خەڵک و ھەنگاوێکی حزبە سەردەستەکانە بۆ ناشرینکردنی ئەویتر، تا کەمێک لەدزێوی خۆیان کەم بکەنەوەو بڵێن ھەمومان لەیەک ئەچین.
بەرمەبنای ئەو وتەیەی ئەگەر خۆم پێ جوان نەکرێ ئەوا تۆش ناشرین ئەکەم.