دواین هەواڵ

عێراق دەوڵەتێکى فاشیلە

‌د. ئەرسەلان بایز

14/09/2021

# دەڵێم و دڵم پڕ لە حەسەرت و ناسۆرە، بە بڕواى من هێشتا لە عێراقدا شتێک بە ناوى گەلى عێراق نیە. بەڵکو چەند گروپ و کۆمەڵەیەکى هەڕەمەکى مرۆڤ هەن، کە لەسەر خەیاڵ و دوور لە واقیع دەژین. دوورن لە هەموو فکرو هەستێکى نیشتیمانیی، سەر بە داب و نەریتى زۆر کۆن و گوتە خەیاڵیەکانن. هیچ شتێکى هاوبەش لە نێوانیاندا نیە. زیاتر گوێ لە وەعزو ڕێنمایی خراپ دەگرن. حەزیان لە ئاژاوەیە، هەمیشە ئامادەى پەلاماردانى هەموو جۆرە حکومەتێکن. ئەرکى ئێمە داڕشتنەوەى ئەو گروپ و کۆمەڵانەیە لە یەک چوار چێوەدا. ئەمەش پێویستى بە مەشق و ڕاهێنان و هۆشیارکردنەوەو پەروەردەکردنە. بێگومان جیا لەوەى ئەو کارە ماوەیەکى باشى دەوێ، ئەرکێکى زۆر قوڕس و ماندوو بوونێکى بێ ئەندازەشى پێویستە. (ئەمانەى سەرەوە قسەى مەلیک فەیسەڵى یەکەمى عێراقە).

# لە ڕاستیدا پاشاکانى عێراق هەر لە مەلیک فەیسەڵى یەکەمەوە تاکو مەلیک فەیسەڵى دووەم (1921-1958) بێوچان هەوڵیاندا عێراقێکى یەکگرتوو لەسەر بنەماى سەردەمى خۆى دابمەزرێنن. کارى زۆر باشیشیان کرد لەوەى عێراق بکەنە دەوڵەتێکى دامەزراوەیی، دەسەڵات بە شێوەیەکى نەرم دەستاو دەست بکات. عێراقێک ئاسودەیی و ئارامى تێدا بەر قەرار بێت. عێراقێک بایەخى بە خوێندن و کردنەوەى زانکۆدا، لە ساڵى (1936) یەکەمین وێستگەى ڕادیۆ لە پێش هەموو دەوڵەتانى عەرەب لە عێراق کرایەوە. عێراقێکى دەوڵەمەند، خاوەن پێگەیەکى بەهێز لە هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، تەنانەت لە کۆتایی پەنجاکان و پێش کودەتاکەى ساڵى (1958) عێراق بوو بە مەڵبەندى (هاوپەیمانى سەنتۆ).

# هەندێ لە مێژوو نووس و شارەزایانى بوارى سیاسى عێراق، دژى قسەکانى مەلیک فەیسەڵ دەدوێن، دەڵێن بۆ کابرایەکى غەیرە عێراق وەکو مەلیک فەیسەڵى یەکەم کە لە بنەماڵەى هاشمى بوو، بۆى نیە بەو جۆرە باسى عێراق بکات. چونکە عێراق خاوەن مێژوویەکى حەوت هەزار ساڵەیە، مێژووەکەى بۆ سەردەمى سۆمەرى، کلدانى، ئاشورییەکان دەگەڕێتەوە.

# گریمان قسەى ئەو مێژوو نووسە عێراقیانە لە بارەى قسەکانى فەیسەڵى یەکەم ڕاست بێت، باشە ئەى ئەو مێژوو نووس و زانایانەى عێراق چى لە بارەى قسەکانى زاناى کۆمەڵناسى عێراق (د.عەلى وەردى) دەڵێن کە بەمجۆرە وەێفى کەسایەتیە عێراقیەکان دەکات و دەڵێت: (هەر تاکێکى عێراق دوو کەسایەتیە. کە هەر یەکەیان دژى ئەویترە. ئەویش کەسایەتى عەقلیەتى (بەدو)ە لەگەڵ عەقڵیەتى شارستانى. کە بە هیچ جۆرێک لە یەکتر ناگەن و بەیەکیش ناگەن).

# ئەگەر چى عێراق خاوەنى دوو ڕووبارى گەورەى وەکو (دیجلەو فورات)ە بەڵام جوگرافیایەکى ئاڵۆزى هەیە چونکە بەشێکى زۆرى بیابانە. بیابانیش خاوەن نەریتى کۆچ و کۆچبارو شەڕو ئازایەتى و بێ یاساو تاڵانیە. بیابان کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر زۆرینەى پێکهێنانى کەسایەتیە عێراقیەکان دروست کردووە، کە تاکو ئەمڕۆش ئەو کاریگەرییە هەر ماوە. شەڕە لە نێوان عەقڵى بیابان و شارستانیەت. شەڕە لە نێوانى سەرجەم پێکهاتەکانى عێراق. سوننە و شیعە. هەردووکیان لە گەڵ کورد.

هەر سێ پێکهاتەکەش لە نێو خۆى یەکتر شەڕیانە. بەمجۆرە دەبینین عێراق تاکو ئەمڕۆش نەبۆتە عێراقێکى سەرکەوتوو، بەڵکو بۆتە ناوەندى شەڕو ناتەبایی و گەندەڵى و پشت بەستن بە هێزە دەرەکیەکان.
کەواتە بۆچوونەکەى سەد ساڵى بەر لە ئەمڕۆى مەلیک فەیسەڵى یەکەم و، وتە بەناوبانگەکەى (عەلى وەردى) ڕاست دەرچوو، عێراق دەوڵەتێکى فاشیلە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP