دواین هەواڵ

چۆن وەبەرهێنان لە دۆستایەتیی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستاندا بکەین؟

‌زوبێر ڕەسووڵ

14/09/2021

پێشەکی

ئەوەی شارەزای بواری دیپلۆماسیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بێت، تێ دەگات کە سەردان و دیداری سەرۆک ماکڕۆن زۆر تایبەت و ئاماژەبەخش بوو بۆ هەرێمی کوردستان؛ لە هەمان کاتیشدا گوزارشتی لە گرنگیپێدانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەکرد. دەتوانین بڵێین تا ئێستا ئەوە یەکەم جارە بەو شێوەیە و لەو ئاستەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەکرێت؛ بە جۆرێک پەیوەندییەکانی ماکڕۆن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا گوزارشتیکی زیاتر لە کاری سیاسی و ئەته‌کێتی دیپلۆماسی بوو. ئەوەی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، کارکردن و گەشەپێدان و وەبەرهێنانە لەو پەیوەندییانەدا.

ماکڕۆن دێت و دەڕوات و لەوانەیە دوو ساڵی تر لە دەسەڵات نەمێنێت، بەڵام فەڕەنسا هەر دەمێنێتەوە. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە هەرێمی کوردستان پلانی تۆکمەی هەبێت، بەتایبەت کە ئێستا ماکڕۆن هەر لە دەسەڵاتدایە؛ هەرچەندە بوونی کەسایەتیی نزیک و دۆستی کورد لە گشت وڵاتاندا دواجار کاریگەریی خۆی هەر دەبێت، چ لە ڕێگەی حزبە سیاسییەکانیانه‌وه‌ یاخود لە ڕێگه‌ی ڕای گشتی و گوشاردروستکردن لەسەر دەسەڵاتی سیاسی.

بۆ ئەم مەبەستە هەرێمی کوردستان پێویستە لە چەند بوارێک په‌ره‌ به‌ پەیوەندی خۆی لەگەڵ فەڕەنسادا بدات، بەتایبەتیش بتوانێت ئەو پەیوەندییە بەدامەزراوەیی بکات. لەگەڵ دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکانی فەڕەنسادا، هەرێم دەبێت زیاتر لەسەر ئاستی ئەوروپایش کار بکات و بچێتە ناو دامودەزگه‌کانی یەکێتیی ئەوروپا. بۆ ئەم مەبەستە، دەکرێت بیر لە چەند بوارێک بکرێتەوە کە بەشێکی سەرەکین لە سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا لە جیهان و ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاستدا:

بواری سیاسی و ئەمنی

فەڕەنسای سەردەمی ماکڕۆن دەیەوێت چالاکتر، بێتەوە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتیش لە لوبنان و سووریا و عێراقدا. فەڕەنسا بە سیاسەتێکی دەرەوەی نوێ هاتۆتە مەیدانەوە کە ڕێچکەی دەگەرێتەوە سەر جەنەراڵ شارڵ دیگۆل. ڕۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەڕەنسی دەڵێت: جەنەراڵ دیگۆڵ لەسەر ڕێچکەیەکی دیپلۆماسیی فەڕەنسیی تایبەت بوو، کە بریتی بوو لە "ڕێزگرتن لە هاوپەیمانێتییەکان بەبێ لاساییکردنەوە، یان بوون بە پاشکۆی سیاسەتی ئەمریکا". ئەم ڕێچکەیە لە سیاسەتی دەرەوەی فەڕەنسادا درێژەی هەبوو تا گەیشتە سەرۆک جاک شیراک. بەڵام هەر یەکە لە نیکۆلا سارکۆزی و فڕانسوا ئۆڵاند لەم ڕێچکەیە دوور کەوتنەوە؛ ئەمەیش زیاتر بۆ هۆکاری باڵادەستیی ژمارەیەک دیپلۆمات بەسەر دیپلۆماسییەتی فەڕەنسا لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە، کە دەتوانین لە خانەی پارێزگارە نوێیەکان (neoconservatives)دا پۆلێنیان بکەین.

ماکڕۆن به‌ سیاسه‌تێكی دەرەوەی کۆن و نوێ (Neoclassic) هاتۆتە مەیدانەوە، کە ڕێچکەی دەگەڕێتەوە سەر زیندوکردنەوەی میراتی دیگۆل، بەتایبەت سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی ڕووسیا و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ جیاواز لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئێستا لە لاوازترین دۆخی کاروباری دەرەوەدایە. لەم سۆنگەیەوە فەڕەنسا دەیەوێت سیاسەتێکی تایبەت بە خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبێت. ئەم سەردانەی ئەو جارەی ماکڕۆن بۆ هەرێمی کوردستان و لە نزیکەوە تێکەڵبوون لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگه‌ی کوردیدا (وەک سەردانی ماڵی شەهید و کەمینەکان و شەوێک مانەوە لە ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان)، گوزارشتێکی سیاسی و مۆراڵییە بەرامبەر پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.

دوای ده‌رچوونی بریتانیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، فه‌ڕه‌نسا کاندیدی سەرەکییە کە بتوانێت شوێنی بریتانیا بگڕیتەوە بۆ وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌وه‌. ڕاوێژكاری داهاتووی ئه‌ڵمانیا هه‌م لاواز و هه‌میش زیاتر لایه‌نگیریی بۆ فه‌ڕه‌نسا هه‌یه‌ وه‌ك له‌ ئه‌نگێلا مێركڵ. هه‌روه‌ها "ماریۆ دراگی"ی ئیتاڵییش زیاتر خۆی به‌ هاوپه‌یمانی ماكڕۆن ده‌زانێت، بەتایبەت ئه‌گه‌ر ئه‌و دووباره‌ له‌ مانگی نیسانی داهاتوودا هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌، ئه‌وا سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ده‌بێته‌ هه‌ره‌ دیارترین سه‌رۆكه‌كانی ئه‌وروپا. لە ڕووی ئابوورییشەوە ئێستا فەڕەنسا کۆی داهاتی ناوخۆی بۆ هەر تاکێک، بەرزترە لە هی بریتانیایش.

لەبەر ڕۆشناییی ئەم پەیوەندییانە، گرنگە لێکتێگەیشتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا هەبێت بۆ ئەوەی بەشێک لە سەربازەکانیان لە هەرێمی کوردستان بهێڵنەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی سیمبوڵییش بێت. هەروەها لە ڕووی لۆجستی و ڕاهێنان و چەکی پێشکەوتووەوە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن؛ بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، هەرێم بتوانێت سوود لە ئەزموونی فەڕەنسا وه‌ربگیرێت.

بواری ئابووری و وەبەرهێنان

فەڕەنسا مەبەستیەتی گرنگی بە هاوکاریکردنی ناوچە ڕزگاربووەکانی ژێردەستی داعش بدات، بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێتەوە و سەقامگیریی سیاسییش بێتە ئاراوە. لە ساڵی ٢٠٢٠ عێراق لە پلەی دووەم وڵات دێت لە ڕووی پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی لەلایەن فەڕەنساوە، بە گوژمەی ١٠ ملیۆن دۆلار کە لە ڕێگه‌ی سەنتەری قەیرانەکان و پاڵپشتیی سەر بە وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری، هاوکاریی عێراقی کردووە. بەشێک لەم پارەیە بۆ بنیاتنانەوەی بەشی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی شنگال تەرخان کراوە؛ هەروەها دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی نوێ لەلایەن فەڕەنسا کە کاتی خۆی ماکڕۆن بەڵینی بە "نادیە موراد" دابوو.

لە ساڵی ٢٠١٧ تا ئێستا فەڕەنسا زیاتر له‌ ٦٠ ملیۆن یۆرۆی لە سەقامگیریی عێراق خەرج کردووە. فەڕەنسا لە ڕێگه‌ی ڕێکخراو و ئاژانسەکانی، ڕۆڵێکی چالاکی لە عێراق گرتۆته‌ ئه‌ستۆ؛ چەند ڕێکخراویکی فەڕەنسی لە بواری تەندروستی، کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن؛ هەروەها لە بواری پرۆژەی گەنجان و پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسان لە بواری ڕۆژنامەگەری لە عێراقدا.  لە ساڵی ٢٠١٩ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و فەڕەنسا، ٣١،١ ملیار یۆرۆ بوو.

لە دوای ٢٠١٣ ئەمە بەرزترین ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و فەڕەنسایە؛ واتا لەسەر ئاستی هەناردە، ٤٤٪ زیادی کردووە، لەسەر ئاستی هاوردنیش دووئەوەندە؛ هەرچەندە بەشی فەڕەنسا لە بازاڕەکانی عێراقدا زۆر کەمە کە نزیکەی ١٪ بازرگانیی عێراق پێک دێنێت، ئەمەیش لە چەند ئاستێکدایە: بواری وزە (تۆتال و برینکۆ)؛ بواری کارەبا (شنایدەر ئیلیکتریک و فرانساڵتوم)، بواری گواستنەوە (ئیرباس، ا.دی.بی.ئەی، ئاڵستۆم، سی ئێم ا-س جی ئێم، ڕینۆ، تراکس، تالیس)، لە بواری ژینگە (دیگریمۆن و فیئۆلیا)، بواری بینا (لاڤارج)، بواری تەندروستی (سانوفی)، بواری دابەشکردن (کارفور) و بواری خۆراک (دانون).

دوای سەردانەکەی ماکڕۆن، کۆمپانیای "تۆتاڵ"ی فەڕەنسی ڕێککەوتنێکی 7 ملیار دۆلاری لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژوو دەکات کە لە چوار پڕۆژە پێک دێت، لە بوارەکانی: ژێرخانی گواستنەوەی گاز، دابینکردنی کارەبا و بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا. ڕێککەوتنەکە ڕۆژی یەکشەممە (5ی ئەیلوول)ی ئەمساڵ لە بەغدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ واژوو کرا.

هەرێمی کوردستان پێویستە ئاگاداری ئەم جموجۆڵە بازرگانی و هاوکارییەی فەڕەنسا بێت و وا بکات کە هەرێم ناوەندێک بێت لە بواری بازرگانی و ئابووری بۆ بەشەکانی تری عێراق؛ ئەمەیش لە ڕێگه‌ی هاندانی کەرتی تایبەت دەبێت، کە کۆنفرانسێک لە نێوان ژووری بارزگانیی هەرێم و فەڕەنسادا بکرێت و، کۆمپانیا عێراقییەکانیش میوان بکرێن؛ بە جۆرێک کە فەڕەنسا لە ڕووی بەرژەوەندیی ئابووری و بازرگانییشەوە بە هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە؛ واتا ئەم پەیوەندییە تەنیا لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی نەبێت بەڵکوو لەسەر ئاستی ئابوورییش بێت. هەروەها هەوڵ بدرێت فەڕەنسا هاوکاریی بنیاتنانەوەی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بکات، بەو پێیەی فەڕەنسا ئەزموونێکی باشی هەیە لەو بوارەدا.

بواری کەلتووری

فەڕەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گرنگییه‌كی زۆر بە پەیوەندیی که‌لتووری دەدات لەگەڵ وڵاتانی تردا، بەتایبەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بیەوێت کاریگەریی سیاسیی بەسەریانەوە هەبێت؛ بۆ نموونە کۆمەڵەی وڵاتە فرانکفۆنییەکان (La Francophonie)؛ واتا ئەو وڵاتانەی فەڕەنسیزمانن، کە نزیکەی ٥٠ وڵات دەبن؛ تا ئێستایش فەڕەنسا پەیوەندییەکی سیاسی و که‌لتووریی تایبەتی لەگەڵیاندا هەیە. لەو بوارەیشدا هەرێمی کوردستان دەبێت هەوڵ بدات کە لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری و که‌لتووری، پەیوەندییه‌كی زیاتری لەگەڵ فەڕەنسا هەبێت؛ تا ئاستێک کە فەڕەنسا هاوشێوەی لوبنان و ئەو وڵاتە فرانکفۆنییانە سەیری هەرێمی کوردستان بکات و، هەست بە پابەندبوونی سیاسی و که‌لتووری و ئابووری بکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە ئێستا پەیمانگه‌ی فەڕەنسی بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و ڕۆڵێکی کارای هەیە لە هاوکاریی دامەزراوە ئاکادیمی و ڕۆشنبیری و فێرکارییەکان، بەتایبەت لە بواری زانستە مرۆیییەکان. ئەم پەیمانگه‌یە بە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە زانستی و که‌لتوورییەکانی ئەوروپا تا ئێستا چەندین خول و ڕاهێنانی بۆ فەرمانبەر و ڕۆژنامەنووس و گەنجان و یاساناسان کردۆتەوە.

لە بواری خوێندنی زمانی فەڕەنسییشدا نزیکەی ٦٠ قوتابخانەی ئاماده‌ییی نموونەیی لە سەرتاسەری عێراقدا هەن کە خوێندن تێیاندا بە زمانی فەڕەنسییە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠ دوو قوتابخانەی فەڕەنسی لە هەولێر و سلێمانی لەلایەن نێردەی سێکیولاری فەڕەنسی کرانەوە. ئیستا لەو قوتابخانانەدا کۆمەڵەی هاوڕێیەتیی فەڕەنسا و کورد هەیە (کۆمەڵەی دیالۆگ)؛ بێجگە لەوە ئێستا هەردوو قوتابخانەکە بوونەتە هاوبەش لەگەڵ تۆڕی نوێنەرایەتیی خوێندنی فەڕەنسی لە دەرەوەدا. قوتابخانەی دانیاڵ میتڕان لە سلێمانی و هەولێر تا پۆلی شەشی سەرەتایی بە زمانی فەڕەنسی تێیدا دەخوێندرێت.

شایەنی باسە هەردوو قوتابخانەکە لەلایەن باڵیۆزخانەی فەڕەنساوه‌ پاڵپشتی دەکرێن. باڵیۆزخانەی فەڕەنسا پشتگیریی چالاکیی هونەرییش دەکات، بەتایبەت لە بواری نواندن و سینەما و وێنەكیشان، لە ڕێگه‌ی ئەنجامدانی چالاکیی ڕۆشنبیری؛ هەندێک جاریش لە خول و ڕاهێنان لە فەڕەنسا به‌شداری به‌ خه‌ڵك دەکات. هەرێمی کوردستان دەبێت ئەو جموجۆڵە که‌لتووری و ڕووناکبیرییانە زیاتر بکات، وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لەو شوێنانەی کە فەڕەنسا بە نزیکایەتی لە که‌لتوور و پێگەی هێزی نەرمی خۆی بیبینێت. ئەمە لە ڕاستیدا بۆ هەرێمی کوردستان دەبێتە پاڵپشتییەکی سیاسییش.

دەرەنجام

پوختەی ئەم پێشنیارەی ئێمە ئەوەیە؛ ئێستا دەرفەتێک هەیە کە فەڕەنسا دەیەوێت هەم سەرکردایەتیی یەکێتیی ئەوروپا بکات، هەمیش لەناو ناتۆ ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی ئەوروپا بگێڕێت. بوونی کەسێکی وەک سەرۆک ماکڕۆن، کە لە نزیکەوە دۆستایەتیی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێم، دەرفەتێکە کە هەرێمی کوردستان لەو سێ بوارەی ئاماژەمان پێ دا، ببێتە بەشێک لەو هەرێم و وڵاتانەی کە فەڕەنسا هەست بە پابەندبوونێکی سیاسی و که‌لتووری بکات لەگەڵیدا. هەرێمی کوردستان تا ئێستا دۆستێکی هەمیشەییی نییە لە ناوچەکەدا؛ ئەوەی هەیە ئەمریکایە، ئەمریکایش سیاسەتەکانی لەگەڵ هاوپەیمان و هاوکارەکانی جێگیر نین.

ئێستا نەک هەر هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیشی لە ئەمریکا نیگەرانن، ئه‌ویش بەهۆی ئەو کشانەوە لەناکەوەی لە ئەفغانستان، کە پرسی بە هاوپەیمانەکانیشی نەکردووە. لەم سۆنگەیەوە، گرنگە لە ستوونەکانی سیاسەتی فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا تێ بگەین؛ "چارلس ثیبۆت"، کە پیشتریش باڵیۆزی فەڕەنسا بووە دەڵێت: "سیاسەتی فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەرده‌وام لە نوێبوونەوەدایە،

بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەسەر پێنج ستوونی سەرەکی دەمێنێتەوە: بەرژەوەندیی ئاساییشی، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئابووری، چالاكیی دیپلۆماسی، پەیوەندیی ڕۆشنبیری و، هەروەها بەهێزکردنی توانا خۆپارێزییەکانی ئەوروپا. بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لەو چەند ستوونانەی سیاسەتی دەرەوەی فەڕەنسا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP