دواین هەواڵ

ئایا ئێران و ئەمریکا دەگەنە ڕێککەوتن؟

‌د.سەردار عەزیز

28/07/2021

ئێران و ئەمریکا لە سەر سێ پرس بە ناڕاستەوخۆیی لە دانوستاندان. پرسەکان بریتین لە چەکی ئەتۆمی، ڕۆکێتی بالیستی لە گەڵ هاوکاریی ئێران بۆ میلیشیاکان لە دەرەوەی ئێران. ئێران تەنها دەیەوت لە سەر پرسی پیتاندنی ئەتۆمی دانوستان بکات، بەڵام ئەمریکا لە ژێر فشاری کۆمارییەکان و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، دەیەوێت ئەو دوو پرسەی تریشی بۆ زیاد بکات. بەڵام پێش ئەوەی ئێران هەر زیادەکردنێک قبوڵ بکات، دوودڵ و پڕ لە گومانە لە دانوستان لە گەڵ ئەمریکادا.

هۆکاری هەرە سەرەکی ئەم گومانەش پەیوەستە بە دۆخی سیاسی ئەمریکاوە. ئێرانییەکان وەها دەبینن کە ئەگەر هاتوو لە گەڵ بایدندا ڕێککەوتن، پرۆسەی ڕێککەوتنەکە هیچ نەبێ ساڵێکی دەوێت. ئەگەر هاتوو بایدن تەنها یەک خول سەرۆک بوو، لە هەڵبژاردنی داهاتودا کۆمارییەکان هاتنەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێننەوە، چونکە ترەمپ بە هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکە لە ٢٠١٨، پرسی هەڵوەشانەوەی کردە بەشێک لە خواست و ئامانجەکانی کۆمارییەکان و هەروەها هاوەڵەکانی.

بەم پێییە ئێران لە ئەوە نیگەرانە کە ڕەنگە ڕێککەوتن هیچ سودێکی نەبێت کاتێک تەنها بۆ چەند ساڵێکی کەمە و لە ئەنجامدا ئێران هێندە سودی لێنابینت.

ئەوەی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ئەدەن بە دەستهێنانی جۆرێک لە دڵنیاییە. بەڵام بە دەستهێنانی دڵنیایی لە ناو کایەی دیموکراسیدا بە گشتی کارێکی ئەستەمە، چونکە چ لە قۆناغی کەمپەین و چ لە قۆناغی بەڕێوەبردندا، ڕوداو لە گەڵ دۆخی ساتەوەختەکە بڕیار لە سەر ئاراستەی کارەکان دەدەن.

ئەوەی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ئەدەن، بەڵام هێشتا نەیانگوتوە، بە دەستهێنانی ڕەزامەندی فەرمی کۆنگریسە بۆ ڕێککەوتنەکەیان لە گەڵ ئەمریکادا. ئەمەش نە بایدن خواستی هەیە و نە لە کۆنگریسێکی جەمسەرگیری ئێستادا فەراهەم دەبێت. لە ڕاستیدا بایدن ناتوانێت ئەم پرسە بوروژێنێت لە کۆنگریس هەتا پاش هەڵبژاردنی مید-تێرم.

مید-تێرم ئەو هەڵبژاردنە ناوەندییە کە ساڵی داهاتو بۆ بەشێک لە کورسییەکانی کۆنگریس دەکرێت. ئەگەر هاتوو جارێکی تر کۆمارییەکان بوون بە زۆرینە، ئەوا ڕێککەوتن لە کۆنگریس مەحاڵ دەبێت.

ئەوەی وەهای لە بایدن دەکات کە ئەم پرسە گەورە نەکات، ئەوەیە بایدن نایەوێت لە پرسێکی وەک پرسی ئێران، کە هێندە ستراتیژی نیە، کۆنگریس بکات بە نەیاری خۆی، چونکە پێویستی بە کۆنگریسە بۆ ئەو چاکسازییانەی کە لە ناوەوە دەیەوێت بیکات.

دیارە ئێران لە پلەی پێنجەمیندایە لە پرسە ستراتیژییەکان بۆ ئیدارەی بایدن. هۆکاری بونی ئەم پرسە لە پلەی پێنجدا، ئەوەیە کە ئەمریکا بە گشتی نایەوێت پرسی ئێران ببێت بە پرسێکی گەورە لە ناوچەکەدا و ئەمریکا ناچار بکات جارێکی تر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە بە پرسێکی سەرەکی.

ئەم دۆخە ئاڵۆزە و ئەم دانوستانە لەرزۆکە چێمان پێدەڵێت؟

وەک دەردەکەوێت ئامانجی بایدن ئەوەنیە کە بگاتە ڕێککەوتن لە گەڵ ئێراندا، هێندە ئەوەیە کە چۆن ئێران نەبێتە هۆکاری هاتنەوەی ئەمریکا بە چڕی بۆ ناوچەکە. بە زانینی ئەم ستراتیژە، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە بە لای ئیدارەی بایدنەوە کێشە نیە ئەگەر دانیشتنەکان درێژە بکێشین و ناو بە ناو پچڕییان تێبکەوت. وەک دەزانین ئێستا ڕەوتی دانوستانەکان وەستاوە، هەتا ناوەڕاستی مانگی ئاب دەست پێناکاتەوە. لە هەمانکاتدا ناوەندە جیاوازەکانی ئێران پەیامی ئەوە دەنێرن کە نابێت دەست پێبکاتەوە. دیارە سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێی ئێران سێی مانگی ئاب دەست بە کار دەبێت.

پاش دەستبەکاربونی بە فەرمی بڕیار لە سەر ئەو پرسە دەدات. بەڵام ڕاڕایی ئێرانییەکان وەهای لێدەکات کە بە حەماسەوە بەرەو ڕێککەوتنەکە نەڕۆن، بە تایبەتی ئەگەر بایدن سوربێت لە سەر پرسی بالیستی لە پەیوەندی لە گەڵ میلیشیاکاندا.

دەستبەرداربون لە ئەو ئامرازنە بە لای حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانەوە سەخت دەبێت چونکە ئەوان ئەو ئامرازانە وەها دەبینن کە سەرچاوەی هێز و کاریگەرییانە لە ناوچەکە. بۆیە ئەگەری هەیە لە فشاری ئەمریکا، ئەوان زیاتر جەخت لە سەر ئەو دوو بوارە بکەنەوە.

ئەم هۆکارەشە کە پاڵنەرە لە پشت چالاکی زۆری میلیشیاکان دژ بە ئەمریکا لە ناوچەکە، بە تایبەتی عێراق. ئەو پەیامەی ئێران دەیەوێت بیگەیەنێت ئەوەیە کە ئەو میلیشیایانە دەتوانن ئەمریکا لە ناوچەکە هەراسان بکەن و وەک چۆن تالیبان ئەمریکای لە ئەفگانستان ناچار بە کشانەوە کرد ئەوانیش هەمان کار بکەن. ئەم ئەگەری هەراسانکردنە، لە لایەن ئێرانییەکانەوە وەک کارتێکی فشار بەکاردێت بۆ سوککردنی داواکاریی و خواستەکانی ئەمریکا لە سەر ئێران.

ئەمریکاییەکان لە وەڵامدا هەوڵی بەکارهێنانی چەند ئامرازێک دەدەن. ئامرازی یەکەم، ئاماژەدان بەوەی کە دانوستانەکان ناکۆتا نین. هەرچەندە من گومانم هەیە لەوەی کە ئەمریکا لە درێژەکشانی دانوستانەکاندا هیچ کێشەیەکی هەبێت. چونکە لە ئێستادا کەسێکی وەک ڕۆبەرت مالی بۆ ئەو پرسە دیاریکراوە و حکومەتی ئەمریکی هێندە پێوە سەرقاڵ نیە.

ئامرازێکی تر کە ئەمریکاییەکان ئاماژە بە پەنابردن دەبەن بۆی سیاسەتی کۆنتەینمێنت یان ئیحتیوایە. ئەوەی دەرخەری پەنابردنە بۆ ئەم پرسە، هەوڵی ئێستای ئەمریکایە بۆ کەمکردنەوە یان وەستاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بە چین. هەرچەندە وەک سەرچاوە تایبەتەکان ئاماژەی پێدەدەن، ئێران بە ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگای هەندێک وڵاتەوە، وەک عومان، مالیزیا، نەوت بە چین دەفرۆشێت، بەڵام پەنابردنی ئەمریکا بۆ ئەم ڕێگایە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا بیر لە ئیحتیوا دەکاتەوە. ئیحتیوا، کە نازانم وشەی گونجاو چیە لە کوریدا بۆی، پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئەمریکا سەردەمێکی زۆرە ئێران ئیحتیوا دەکات.

لە سەردەمی کلینتۆندا هەردوو عێراق و ئێران پێکەوە ئیحتیوا کرابون. هەندێک لە چاودێران دەڵێن لە کاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت ئامادەبونی راستەوخۆی لە ناوچەکە لاوازبکات، ئەوا ئیحتیواکردنی ئێران ئاسان نابێت. بۆ نمونە بۆ ئەوەی ئێران دەورەبدەی و لە دونیا دایببڕیت، کە ئامانجی پرۆسەی ئیحتیوایە، ئەوا دەبێت ئەمریکا لە ئەفگانستان بونی هەبێ، بەڵام وەک دەبینین ئەمریکا لە ئەو وڵاتە دەکشێتەوە، لە عێراقیش هەتا ئێستا ڕون نیە کە دەیەوێ چی بکات، بەڵام ڕۆژانە لە ژێر فشاری زیاتردایە بۆ کشانەوە. ئێستا کە عێراق و ئەمریکا لە دوا قۆناغی دانوستانیاندان، ئێران بە کازمی گوتوە کە دەبێت داوا لە ئەمریکا بکات کە هێزی شەڕکەری لە عێراق بکێشێتەوە و تەنها لۆجستی و ڕاهێنانی لە وڵاتەکەدا بهێڵێتەوە.

ئەم پێشنیارە بە سودی گەورەی میلیشیا دۆستەکانی ئێرانە لە عێراق. هەرچەندە هەندێک سەرچاوە جەخت لە سەر ئەوە  دەکەنەوە کە برێت مەکگۆرک پەیامی ئەوەی بە عێراقییەکان داوە، کە ئەمریکا قۆناغ قۆناغ بە تەواوی دەکشێتەوە.
ڕەنگە ئەو کشانەوەیەی کۆمپانیا نەوتییە ڕۆژئاواییەکان و جێگرتنەوەیان بە کۆمپانیای چینی سەرەداوی ئەوەمان پێبدات کە چ لە ئاستی سەربازی و چ لە ئاستی بازرگانی ڕۆژئاوا دەستبەرداری عێراق دەبێت.

ئایا عێراقێکی بێ ئەمریکا قازانجە بۆ ئێران؟ ڕەنگە لە ئاستی ئاسایشیی و سەربازی بە سودبێت. بەڵام عێراقی بێ ئەمریکا عێراقێکی داڕماوی هەژاری پڕ لە قەیران دەبێت. ئەمەش بە سودی ئێران نیە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP