دواین هەواڵ

تڕەکەڵەکی کازمی

‌د.سەردار عەزیز

24/07/2021

ڕۆژی دووشەمە کازمی لە کۆشکی سپی بایدن دەبینێت. پرسی سەرەکی ئامادەیی سوپای ئەمریکایە لە عێراق. هەتا ئێستا پلان وەهایە کە ئەو ٢٥٠٠ سەربازەی کە لە عێراقن، ناویان بگۆڕێت بۆ هێزی یارمەتیدەر و هەموو کارە هێرشکەریی و سەربازییەکانیان بوەستێنن و هاوکاری دەوڵەتی عێراقی بکەن لە شەڕی لە گەڵ داعشدا.

هەتا ئێستا ڕون نیە کە ئایا هەموو ئەو سەربازانە دەمێننەوە، یان ژمارەیان کەم دەکات؟ ئایا ئەم ناوگۆڕینە بەشێکە لە یاری بۆ کەمکردنەوەی فشاری میلیشیاکان و نەرمی نواندن بەرامبەر ئێران؟

میلیشیا وەلائییەکان زۆر توندن لە سەر ئەم پرسە و دژ بە ڕۆڵی هاوکاریی و ڕاوێژکاریی ئەمریکان لە دەربڕینەکانیاندا. بەڵام قسەی ئەوان هێندە سەنگی نیە.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە مەکگۆرک ئەوەی بە عێراقییەکان ڕاگەیاندوە کە ئەوان قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنەوە. هەندێکی تر دەڵین، ناکشێنەوە تەنها ناویان دەگۆڕن، هەندێکی تر دەڵێن هەموو ئەو سەربازانەی کە ڕۆڵی کۆمبات شەڕکەریان دەبینی لە سەری ساڵدا دەکشێنەوە.

کازمی دەیەوێت ئێران و ئەمریکا و میلیشیاکان ڕازی بکات. هەریەکەیان بەرژەوەندی و ئەجیندای خۆی هەیە. لە کاتێکدا لە ژێر فشاری هەموو ئەمانەدایە، بەڵام ئامانجی شەخسی ئەوەیە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، پاش ئەوەی شکستی هێنا لە دروستکردنی حیزب یان بەرە. ئەستەمە ئەم تڕەکەڵەکە سەربگرێت.

عێراق بایەخی نەماوە، نە وەک سەرچاوەی نەوت نە وەک جیوپۆلەتیک، کۆمپانیا نەوتییە ڕۆژئاواییەکان دەکشێنەوە، سەربازەکانیش دەکشێنەوە. چین و ئێران و تورکیا دەبنە خاوەنی ئەم وڵاتە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP