دواین هەواڵ

پاترۆنەکان و عیسامیبوون

‌ڤینۆس فایەق

20/07/2021

جاران پێیان دەگوتین بخوێنە با وەکو کوڕی فڵان ببیت بە پزیشک، با وەکو کچی فڵان ببیت بە مامۆستا ھتد. ئەم بە نموونەکردنەی ئەوانیترە بۆ خۆمان و منداڵەکانمان کە لە خاڵێکدا گیرمان پێدەخوات. ساڵانێک بەر لە ئێستا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا لەبارەی ئەوەی سەر بە چ مەدرەسەیەکی ئەدەبی دەنووسم و کێ نموونەی باڵای منە، گوتم: سوودم لەو مەدرەسانە بینیوە کە خوێندوومنەتەوە،

بەڵام دواجار خۆم پەرەم بە خۆم دا، پەیڕەوی هیچ مەدرەسەیەک ناکەم، هەستدەکەم تەنها خۆمم. شتێک لە سینگمدا بوو بۆ دەرگایەک دەگەڕا لێوەی دەرچێ، باوکم کە یەکەمین هاندەرم بوو ھەرگیز پێی نەگوتم بخوێنە وەکو فڵان ببیت بە فڵان شت، یان وەکو فڵان ببیت بە نووسەر یان شاعیر، وازیلێھێنام خۆم بم. هیچ دەرگایەکی بۆ نەکردمەوە و هیچ پاترۆنێکی ئەدەبی بەسەرما نەسەپاند بیکەمە نموونە و جێ پێی هەڵگرمەوە، لێگەڕا خۆم رێگەی خۆم بدۆزمەوە و خۆم دروست بکەم، تەنها فێری خوێندنەوەی کردم. ئاخر زۆر گرنگە کە ویستمان (عیسامی-عصامی) بین، خۆمان نەدەینە دەست ئەوانی تر بڕیارمان بۆ بدەن، دەستبەرداری خۆمان نەبین و خۆمان بڕیار لە دونیاکەی خۆمان بدەین.

سەرەتای کاری رۆژنامەوانیم رۆژنامەنووسێک گلەیی کرد بۆچی هەرگیز ئاماژە بە ناوی نادەم کە گوایە وەکو مامۆستایەک رێنمایی کردووم. لە کاتێکدا ئەو رێنمایی نەدەکردم بەقەدەر ئەوەنەی دەیویست شێوازی خۆیم بەسەردا بسەپێنێ، ئەو مامۆستام نەبوو، بەڵکو زنجیرێکی بەدەستەوە بوو دەیخواست منیشی پێدا ھەڵواسێ.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە جیاتی ئەوەی لێگەڕێن خۆمان بین فێرمان دەکەن جێپێ هەڵگرینەوە. جێپێی ئەوانەی مەدرەسەبوون و دەبێت ئێمەش سەر بە یەکێکیان بین، یان ئەوانەی خۆیان دەکەن بە مامۆستامان، ئیتر ئەوەی لەو بەینەدا ون دەبێت خۆمانین.

تۆ کە رێگەت دا کەسێک دروستت بکات، کاتێک دێت پێت دەڵێ من نەبوومایە تۆ نووسەر نەدەبووی. هەر بۆ خۆشی لە ھیچ بوارێکدا ئیش لەسەر پەروەردەکردنی بەھرە و تواناکانی ئەوانیتر ناکرێ، بەڵکو ناھێڵن خۆشت بیت.

ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن (عیسامی) کە لە بوارێکدا بەھرەیەکیان ھەیە، دەوروبەرێکیش ھەیە کە دەبێت ھاندەریان بن و پشتگیرییان بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بن، کەچی بەناوی ھانداندانەوە دەیانەوێ شتێکی تریان لێ دروستکەن کە خۆیان نەیانویستووە و بەناوی رێنماییەوە بەلاڕێیاندا دەبەن.

ھیتلەر گوتویەتی: «ناونیشان مانای چییە؟ من پێویستم بە ناونیشان نییە، ئەو ناوەی بە توانای خۆم دروستمکردووە ناونیشانی منە، تەنھا ھیواخوازم نەوەکانی داھاتوو لەو راستییە تێبگەن من بە ئەمانەت و راستگۆییەوە کۆششم بۆ پڕۆگرامی خۆم کردووە» بەدەر لەوەی ھیتلەری نازی ئەمەی گوتووە، بەڵام لەڕاستیدا گوتەیەکی چەند سادەیە چەند پڕ مانایە، چونکە زۆرن ئەوانەی ھەوڵیان بۆ ناونیشان و نازناو و پلە و پایەیە، ھەن زویریش دەبن پیتی (د)ت بیربچێت بۆ ناویان، یان ئەوانەی بە پێشگری ناوی (مامۆستا) دڵخۆش دەبن، کەچی بە خۆشیان دەڵێن عیسامی، لە کاتێکدا یەکەم ئاماژەی عیسامییەکان لەخۆبردوویی.

جا بۆئەوەی لەھەر بوارێکدا عیسامییەکان بدۆزیتەوە، لە پانتاییە رووناکەکەدا نایاندۆزیتەوە، بەڵکو پێویست دەکات لە ریزەکانی دواوەی خاوەن ناونیشان و نازناوەکان و لە پەنا سیحراوییە نادیارەکاندا بیاندۆزیتەوە.

ئێمە دیێنە ژیانەوە، لە شوێنێکدا، لە بوارێکدا کە پێویستمان بە لەدایکبوونەوە ھەیە، دەمانەوێ دوور لە کاریگەری ئەوانیتر وەکو خۆمان لەدایکبینەوە، کەچی ھەوڵی لەباربردنیشمان دەدەن یان لە باشترین حاڵەتدا لەسەرپاترۆنێکی ناشیرین یان پاترۆنی ئەوانیتر ھەوڵی دروستکردنمان دەدەن.

چەند چێژبەخشە کە خۆمان بە ویستی خۆمان لە جێگەیەکدا ئیبداع بکەین، ئەو کات دڵمان بە چەپڵەی منداڵێکی نەفامیش خۆش دەبێت، نەک چاوەڕێی زرنگانەوەی چەپڵە قەبەکان بین و چاو لە رێی دەستخۆشیی نموونەکانی پاترۆنی لەدایکبوونەوەمان بوەستین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP