دواین هەواڵ

رۆحی نووسین

‌ڤینۆس فایەق

02/07/2021

نووسین جیهانێکی تایبەتە نووسەر دروستی دەکات و تیایدا دەژی، لە نووسینیشدا شتێک هەیە پێی دەگوترێ رۆحی نووسین، بەو مانایەی کە دەنووسیت، شتێک لە رۆحت وەکو بەهارات تێکەڵ بە وشەکانت دەکەیت، خوێنەری زیرەک هەست بەمە دەکات، ئەمەیە کە چێژ بە نووسین دەدات.

واتا شتێک لە خۆت لەناو نووسینەکەدا بەجێدەهێڵیت، بەڵام چی دەمانکات بەو نووسەرەی لە خۆمان رازی بین؟ خۆسێ ساراماگۆ، رای وایە باشترین ئامۆژگاری بۆ نووسەر «بخوێنەرەوە»یە، ئەو هێندەی جەخت لەسەر خوێندنەوە دەکاتەوە، جەخت لە زۆر نووسین ناکاتەوە، چونکە ئەوەی رۆحی نووسین پێی گەشە دەکات خوێندنەوەیە نەک خودی نووسین.

یەکێک لە هەرە خورافاتە باوەکان سەبارەت بە نووسین، گوایە نووسەرەکان پێویستیان بە کاتی زۆر هەیە لەگەڵ خۆیان بە تەنها بمێننەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە نووسین. لە کاتێکدا ئێمە پێویستمان بە کات هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆمان تەنها بین، بەڵام مەرج نیە بە نووسینەوە بەسەری بەرین. چونکە نووسین کاتی دیاریکراوی نییە، ئەرک نییە لێمان داواکرابێت، نووسین پێویستییە، ئەو کاتە کاتێتی کە رۆحت داوای کرد.

ژنە نووسەری بەریتانی جانێت ونترسۆن لە وەڵامی پرسیاری بۆچی دەنووسین دەڵێت: «بە نووسین هەوڵدەدەم جیهانێک بهێنمە کایەوە، لە کاتێکدا چیرۆکی خۆمم بۆ خۆم دەگێڕایەوە، بەڵام نووسین زۆر لە ناوەڕۆکەکەی گەورەترە. ئەدەب بە قووڵی بەخۆمانەوە سەرقاڵمان دەکات، زمانێکی نوێ بۆ گوزارشتکردن لە ناسنامەکانمان و دوور لە دەستەواژە ناشیرینەکان و گشتاندن و نیو راستییەکان دادەڕێژینەوە».

لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا لە زۆر کەس وایە ئاسانترین شت ئەوەیە بنووسیت و نازناوی «نووسەر» هەڵگریت، ئەوان نازانن نووسین چەند بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، چ وەزیفەیەکی سەختە و چەند سەختە بە نووسینەکانت جێگەیەک لە بەشە رووناک و پاکەکەی زاکیرەی خەڵکدا بگرێت. تەنها «نووسین»ە کە ئارەزوومەندانە دەستی دەدەیتێ و بیر لەوە ناکەیتەوە بەهۆی نووسینەکانتەوە ژیانێکی شاهانە بۆ خۆت دابین بکەیت، بەڵام کە بووی بە مەکینەیەکی نووسین باشیش دەنووسیت و خراپیش، هەروەها نووسین بە مانای ئەوەش نایەت لەگەڵ هەموو رووداوێکدا یان لە هەموو بوارێکدا تۆ نووسینت هەبێت، ئەگەر وابکەیت دەبیتە ئەو پیشەوەرەی کە حەوت بەهرەت هەیە و شانست ونە.

لەو بارەیەوە رۆماننووسی ئەمەریکی ریتشارد فۆرد دەڵێ: «نووسین گومڕا و سەختە، کەسیش ناچارت ناکات بیکەیت.. زۆربەی نووسەرەکان زۆر دەنووسن، هەندێکیش زیاد لە پێویست دەنووسن، ئەمەش بە کوالیتی بەرهەمە ئەدەبیە کەڵەکەبوەکانیان مەزەنەدەکرێت.

هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە پاڵم پێوەنرابێت بنووسم. من تەنها خۆم بڕیارم داوە ئەوە بکەم. زۆرجار کاتێک دەنووسم کە نەتوانم شتێکیتر بکەم، یان کاتێک کە هەستێکی ناخۆشی بێهوودەیی داگیرم دەکات، یان کاتێک دەکەومە دڵەڕاوکێوە و هەندێ کاتم بەدەستەوەیە».

جان پۆل سارتەر دەڵێ: «نووسین پەرۆشییەکی بێهوودەیە.» رەنگە سارتەر مەبەستی ئەو کەسانە بووبێت کە دەنووسن بەبێ ئەوەی بزانن بۆچی و بۆ چ مەبەستێک دەنووسن، بەڵام رەنگە ئەوەش پەیوەندی بەو پرسانەوە هەبێت کە باوەڕیان پێیانە و سەرقاڵن پێیانەوە. ماریانۆبراین پۆل دەڵێ: «هەر لە زانکۆوە دەستمداوەتە نووسین، بەڵام بەلای منەوە نووسین تەنها بریتییە لە نووسینەوەی یادەوەرییەکانی خۆم، چونکە زیاتر بیرۆکە و هیوا و هەوڵ و بیرەوەرییەکانی خۆمی تیایە، ئیتر بۆ من نووسینی شیعر جۆرێکە لە پاکبوونەوە».

خۆ ئەگەر نووسین پاکبوونەوەش نەبێت، ئارامبەخشە، دانیشتن لە تەسکترین رووبەردا و بەسەربردنی کات بە خوێندنەوە و نووسینەوە چێژبەخشترە لە دانیشتن لە فراوانترین شوێندا و نەزانیت چی لە خۆت بکەیت. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە بۆ شکستەکان و سەرلەنوێ هەستانەوە ئامادەبیت. ئێمە پێویستە بە پلەی یەکەم بۆ خۆمان بنووسین، نەک بۆ رازیکردنی ئەوانی تر، چونکە رازیکردنی خەڵک شتێکی ئەستەمە، واتا نەبینە کەسێکی تر بۆ ئەوەی ئەوانی تر رازی بکەین. با رۆحەکەی ناو نووسینەکانمان رۆحی خۆمان بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP