دواین هەواڵ

سلێمانی ،، شارە ھاروھاجەکە !

‌شیروان تاڵیب

23/06/2021

دۆستێکمان ئەیگێڕایەوە و ئەیووت : لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا ، شەوێکیان لە یانەیەکی شەوانە لەگەڵ ئەفسەرێکی ئیستیخباراتی بەعس بوومە ھاومێز ، ئەفسەرەکە کە سەرخۆش بوو ، ئیتر کەوتە قسەکردن و وتی : زۆر پێم سەیرە خەڵکی ئەم شارە ، پارە لە دروستکردنی بینا و خانوودا خەرج ئەکەن ، ئاخر ھەمووی چەند ساڵێکی ترە و ئەم شارە تەخت ئەکرێ ! 

جا لەسەرەتای ھەشتاکاندا ، بەعس لە ھەموو شارەکانی عێراق نەخۆشخانەیەکی گەورەی دروستکرد ، جگە لە سلێمانی ! دیارە نەیوویستوە پارە لە ئاواکردنی شتێکدا خەرج بکا ، کە سوور بزانێ ئەوەندە نابا تەختی ئەکا ! 

ئەوەی ھاتووە ، سلێمانی تەخت کردووە ،،، 

یەکەم بۆمب کە مرۆڤ لە ئاسمانەوە بەریدابێتەوە بۆ سەر زەوی ، ئینگلیز بەریداوەتەوە ، ئەویش بەسەر زەمین و خەڵکی سلێمانیدا !
بەدرێژایی ھەموو حوکمی مەلەکی لە عێراق ، سلێمانی تەنیا شاری کوردنشین بووە کە ماوە ماوە جووڵاوە و زوو زووش حاڵەتی طەواری تیادا جێبەجێ کراوە ، بەڵام لە ( ھاروھاجی ) نەکەوتووە !

لەسەردەمی جمھورییاتیشدا ، یەکەم بڕیاری عەسکەری عەبدولکەریم قاسم دژ بە ( گەلەکەی ) ، لەگەڵ خەڵکی سلێمانیدا بووە !
( تەسەور بکەن ) ، کاتێک بەعس و قەومییەکان قاسمیان کوشت و ( تەنیا بۆ چەند مانگێک ) دەسەڵاتی عێراقیان وەچنگ کەوت ، یەکەم کار کە کردیان ، ( زەعیم صدیق )یان بەردایە گیانی ئەم شارە و ئێ زەعیمی خوێنڕێژیش چەندانی لێ ڕەمی کردن ،، لەسەر چی ؟! تەنیا لەسەرئەوەی کە ئامادەنەبوون ( جنێوێک ) بە بارزانی گەورە بدەن ! 
سلێمانی ،، ئەو شارەی ئەوەی دێ ، ئەیەوێ دەستەمۆی بکا و بیکا ( بە ھی خۆی ) ، ئێ کە تەسلیم نابێ ، ئینجا ئەیکووتن ،، جا ھەریەک بە جۆرێک ئەیکووتێ !
ھەیانبوو جەستەی شارەکەی ئەکووتا ، ھەیشیانە ڕۆحەکەی ! 

ئەمڕۆ سلێمانی لەسایەی حوکمی خۆماڵی ، لە سەختترین قۆناغیدایە و لەوەتای ھەیە وانەبووە ،، جەستەی ماندووە و ڕۆحیشی لەبەردەم خەتەری کێشاندایە ! 
سلێمانی ناکەوێ ، بەڵام بۆ ئەوەی ( وەک ھەمیشە ) بە سەری بەرزەوە بمێنێ ،،،
خۆ تەکاندنێکی ئەوێ .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP