دواین هەواڵ

خۆتان لادەن ، ( سەرۆکە ) کوردەکە ھات !!!

‌شیروان تاڵیب

14/06/2021

کۆنترین نەتەوەی ئەم ناوچەیە کە لەوەتای بەشەر ھەیە ھەیە و ھەر لەسەر خاکی خۆی بووە و نەجووڵاوە و ماوە ، کوردە ! بەڵام چونکە لێی نەزانیووە ، ھەمیشە یان سوورەی بەر لەشکر بووە ، یان ژێردەستە !

کورد دەستی ئەوەستێ ، بەڵام قەت زمانی ناوەستێ ، کەم کرداری دەم بەھاوارین ،، جا ھاواری بێ ئەساس و بێ نەتیجە !
جارێک یەکێک ( ھەر لەخۆیەوە ) وتی : دەستمان بۆ درێژ بکەن ، ئیسرائیل دێتە سەر خەت !

جارێکیش کە داوای مافی ئاسایی و یاسایی خۆمانمان ئەکرد ، ( ھەر لەخۆمانەوە ) ، ئاڵای ئیسرائیلمان لەناو قەرەباڵغییەکانی خۆماندا ھەڵکرد ، ئیتر بەر لە دوژمنە عەرەبەکانمان ، دۆستە عەرەبەکانمان ڕوویان گرژ کرد !

عەرەب خۆیان ، نیوەیان پیاوی ئیسرائیلن ، نیوەکەی تریشیان مەمنوونن ببنە پیاویان و ئەوە ئیسرائیلە کە نایەوێ ، کەچی کە باس دێتە سەر باسی کورد ، لەیەککاتدا بەیەک دەنگ و بەیەک تۆن ، عالمترین و جاھیلترینیان ، بە کورد ئەڵێن عەمیلی ئیسرائیل و بە خاکەکەیشی ئەڵێن ،، ئیسرائیلی دووەم !
زمان بووەستێ ، سەر سەلامەتە ،،،

ئەمڕۆ ئێمە بەھەزار حاڵ وا خەریکە ئێھ تۆزێک لەگەڵ شیعەی سیاسی لە عێراق لەیەک تێئەگەین و نزیک ئەبینەوە تا شتێک بە شتێک بکەین ، کەچی مانشێتێکی طۆخم خوێندەوە نووسرابوو : سەرۆکە تازەکەی پەڕلەمانی ئیسرائیل ،،، کوردە !

سەڵاحەددینی ئەیووبی ، محمەمەد عەلی پاشای والی ، عەبدولباسطی قورئانخوێن ، ئەحمەد شەوقی شاعیر ، مستەفا عەقادی دەرھێنەر ، فەرید ئەترەشی گۆرانیبێژ و کێ و کێ و کێی تر ، کورد ( بوون ) ، ئێ باشە بە کورد چی ؟!

نەک سەرۆکی پەڕلەمانی ئیسرائیل ( کە دەسەڵاتەکەی لە بینایەی کنێست تێ ناپەڕێ ) ، بگرە سەرۆک وەزیرانەکەیشی ( کە دەسەڵاتەکانی زۆر زۆرن ) کورد بێ ، ھیچ لە وەزعی ئەو کوردە ناگۆڕێ کە لەژێر زەحمەتی ئەنکەرا و تاران و لە چاوەروانی ڕەحمەتی بەغدادایە ،، بەغدایەک کە کاتی خۆی ئەوێش ھەر کوردان ( بەرمەکیەکان ) ، دەسەڵاتەکەیان جێگیر کرد !

ئێمە کوژراوی دەستی حەماسەتین ، ئەو حەماسەی کە بە خەیاڵ دروستی ئەکەین تا واقیعی حاڵی پێ تێکبدەین !
ئەوە کە جۆو بایدنیش بووە سەرۆکی ئەمریکا ، لای ئێمە بووە حەفلە ،،،

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP