دواین هەواڵ

ئەخلاقی دار

‌د.سەردار عەزیز

14/06/2021

ئەخلاق وەها دادەنرێت کە خەسڵەتێکی مرۆیی بێت. بەو مانایە، مرۆڤ خۆی، کردوە بە بونەوەری خاوەن ئەخلاق لە دونیادا. ئاینداران هەوڵدەدەن، خاوەندارێتی ئەخلاق قۆرغ بکەن. بەوجۆرە بۆ ئەوەی ئەخلاقت هەبێت دەبێت مرۆڤێکی ئاینداربیت. لە سەردەمی مۆدرێرندا ڕەچەڵەکی ئەم دیدە دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەند و نوسەری گەورەی ڕوسی فیدۆر دۆستیەڤیسکی. ڕستە بە ناوبانگەکەی کە دەڵێت بەبێ خودا و ژیانی نەمریی هەموو شتێک ڕەوایە یان ڕێگەپێدراوە. ڕستەیەکە هەمیشە هەوادارانی ئاین، وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەیڵێنەوە. گوایە ئەم ڕستەیە لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆفدا نوسراوە.

وەک زانراوە، دۆستیەڤیسکی نوسەرێکی خاوەن دید و ئەخلاقی مەسیحییە، نەک تەنها وەک خۆی، بەڵکو لە سەرجەم نوسینەکانیشیدا. ئەم پێکەوە گرێدانەی ئاین و ئەخلاق بەبێ کێشە نەماوەتەوە. دیاریترین ڕەخنە لە ئەم دیدە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە لایەن سلاڤۆ ژیژاکەوەیە. بە ڕای ژیژاک، مرۆڤ بە گشتی دژ بە ئازاردان و کوشتنن، بەڵام ئەوەی دەتوانێت وەهایان لێبکات کە هەست بکەن کە ئازاردان و کوشتن پێویستە یان ڕەوایە یان ڕێگەپێدراوە جۆرێکە لە ئاین. لە سەر ئەم بنەمایە ئەگەر ئاین داڕێژەری ئەخلاق بێت، ئەوا یانی بونیادنەری دونیای مرۆڤە، کە تیایدا سنورڕێژی باشە و خراپەی بۆ دەکات. لە هەمانکاتدا ڕستەکە خۆی هەڵگری جۆرێک لە پۆلنکارییە، کە ئەخلاق و باڵایی دەدات بە ئاینداران و هەبونی ئەخلاق لە نائاینانان مەحاڵ دەکات. بەڵام ئەگەر ئاین بتوانێت مرۆڤ بکاتە کەسێکی ئەخلاقی بە هەمانشێوە دەتوانێت بیکاتە کەسێکی تەواو نائەخلاقی. چونکە ئەوە مرۆڤ خۆی نیە کە خاوەنی ئەخلاقە، بەڵکو ئەخلاق بەهایەکی دەرەکییە. بۆ نمونە زۆرێک لە ئەوانەی کە پیرەژنە ئێزیدییەکانیان کوشت، چونکە بە کەڵکی سێکس نەدەهاتن، ئەوانەی کە بە کەڵکی سێکس دەهات کردنیان بە سەبایا، خەڵی گوندە دراوسێکانی ئێزیدیەکان بوون. ئەوەی ڕێگەی دان کە ئەو کارە بکەن، باوەڕی توندڕەوەیی داعش بوو.
بەم پێیە ئەوە ڤێرژنێکی ئاین بوو کەسێکی ئاسایی کردە دڕندەیەک لە دۆخێکی کەمدا. کەواتە لێکدانەوەکەی ژیژاک زیاتر لە ڕەهەندێکی باوەڕی ئاینی دەبینێت، بەڵام دۆستیوڤیسکی تەنها یەک ڕەهەندی دەبینێت.
کاتێک کە دەزانین دۆستیوڤیسکی باوەڕدارە و بانگەشە بۆ دیدی لە ئەوجۆرە دەکات، ئەوا دەستوبرد دەبێت ئەو ژینگە سیاسی و فیکرییە ببینین کە تیایدا گەشەی کردوە و بۆچی وەها قسەی وەهایکردوە یان لە زاری پاڵەوانی ڕۆمانەکەیەوە دەریبڕیوە. ڕوس لە پەراوێزی ئەوروپادان. ئەم پێگە جیوپۆلەتیکییە، دۆخێکی برینداری بۆ دروستکردوون، بۆیە ڕەوتی بەرەو ئەوروپی و ڕەوتی پێچەوانەکەی سەردەمێکی زۆرە لە ئەدەب و بیری ڕوسیدا بونیان هەیە. ڕۆمانی کوڕ و باوکی تۆرگینف بۆ نمونە, یەکێکە لەو دەقانەی کە ئەم ململانێییەی بە زەقی تیادا بەرجەستەبوە.
بەم پێیە دۆستیوڤیسکی لە میانەی ململانێیەکی فیکریی سیاسیدا ئەم دیدەی دەربڕیوە. کەواتە گرێدانی ئەخلاق بە ئاین و بینینی ئەوروپا وەک سەرزەمینی بێ ئاین، هەوڵێکە بۆ بێئەخلاقکردنی ئەوروپا. ئێمە دەزانین لە سەفەرنامەکەی ئەودا بۆ ئەوروپا ئەم دیدە زۆر باشتر بەرجەستەبوە. ئەمەشە وەها دەکات کە کیسنجەر خوێندنەوەی دۆستەیوڤیسکی بە گرنگ بزانێت بۆ تێگەیشتن لە پوتین. هەمومان دەزانین کە چەندێک ئەم دیدە لە ناو خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بڵاوە. بەڵام هەمومان باش دەزانین کە ئەم دەربڕینە هیچ پەیوەندی بە واقیعەوەنیە، ئەوەندەی پڕوپاگەندەی ململانێی شارستانیەتەکانە.
بەڵام با لە ڕوانگەیەکی ترەوە لەم پرسە بنواڕین.
چەند ساڵێک لەمەوپێش دارستانناسی ئەڵمانی پیتەر ڤۆڵبین کتێبێکی بە زمانی ئەڵمانی نوسی لە ژێر ناونیشانی ژیانی نهێنی دارەکان: چۆن دار هەست دەکات، پەیوەندی دەکات.
The Hidden Life of Trees: What They Feel, How They Communicate – Discoveries from a Secret World
کتێبەکە یەکێکە لە ئەو کتێبانە کە خێرا بوو بە دیاریدە. دیارە کتێبەکە پڕاو پڕ زانستیە بەڵام بۆ هەموان نوسراوە. سەرباری ئەوەش لە کاتی خوێندنەوەیدا پێویستت بە فەرهەنگی زمانییە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵێک زاراوەی زانستی تایبەت.

لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا، ڕوداوی داربڕینی سوپای تورکیا لە کوردستان ڕوداوی زاڵی ئەو ڕۆژانە بوو. ئەگەرچی پێویستت بە خوێندنەوەی کتێبێکی وەهانیە بۆ ئەوەی لە دڕندەیی سوپای تورک و سەرانی داد و گەشەپێدان تێبگەیت، بەڵام کتێبەکە هێندەی تر، ئەو ئازارە بە سوێ دەکات.

بە پێی پیتەر دار ژیانێکی کۆمەڵایەتی دەژی. ژیانی کۆمەڵایەتی بە ئەو مانایەی کە دار تەنها لە پێناو خۆیدا ناژی و خەمی خۆی ناخوات بەڵکو بەردەوام لە پەیوەندی و هاریکاریدایە لە گەڵ دارەکانی تردا لە پێناو هاوکاری و گەیاندنی پەیام و خواردن و ئاگادارکردنەوە لە مەترسی. دارەکان لە ڕێگای ڕیشەکانیانەوە، لە ڕێگای دەردانی بۆنی تایبەتەوە، لە ڕێگای ئەو کەڕوە زۆرانەی کە خاکی ناو دارستانی تەنیوە کۆمەڵگایەکی چڕ پێکەوە دروست دەکەن. کاتێک دارێک نەخۆش دەکەوێت، یان ئازار دەدرێت هاوکاری دەکەن، خۆراکی بۆ دەنێرن.

دار پەیوەستە بە خاکیەوە، کاتێک دارێک دەگوێزرێتەوە بۆ جێگایەکی تر، ئەوا هەرگیز وەک سەرەتا بەو خاکەوە پەیوەست نابێت، بۆیە ئەو دارانەی کە بە گەورەیی لە جێگایەکی تر دەنێژرێن هەرگیز زۆر ناژین.

مرۆڤ کاتێک دەیەوێت دار بڕوێنێت بەبێ تێگەیشتن لە سروشتی دار وەک خۆی، تێگەیشتنی مرۆڤانە بە سەر داردا دەچەسپێنت. بۆ نمونە مرۆڤ دەیەوێت ماوە لە نێوان دارەکاندا زیاتر بێت هەتا باشتر گەشە بکەن. بەڵام دار لە سروشتی خۆیدا بەوجۆرە نیە. دار حەز دەکات داری جیاوازیش لە دەوری بێت، چونکە هەر دارێک بە جۆرێک پێداویستی خۆی دابین دەکات، ئەوکاتە لە بڕی کێبڕکێ گۆڕینەوە لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

دار بە گشتی حەزناکەن تەنها بن. داری تەنها زۆر ناژی. دار حەزی لە دارستانە. کەواتە ئەوە هەر مرۆڤ نیە بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، دار و ئاژەڵیش کۆمەڵایەتین. لە ناو کۆمەڵگای داریشدا داری وەها هەیە کە حەزی بە تێکەڵی و کۆمەڵایەتی بون نیە، (گەرمیانی واتەنی لارە) بەڵام خۆشبەختانە ناتوانێت کاریگەری نێگەتیف لە سەر سیستەمەکە دروست بکات.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە دار وەک مرۆڤ، زۆرجار بگرە زیاتریش، بونەوەری ئەخلاقین. دار خەم دەخوات، هاوکاری دەکات، پەیام دەگەیەنێت، گۆڕینەوە دەکات. هەموو ئەمانە بنەمای ئەخلاقن. بەم پێیە ئەخلاق نەک هەر ئاینی نیە، بەڵکو تەنانەت خەسڵەتێکی تاقانەی مرۆڤیش نیە.

ئەم زانیاریانە دەرخەری ئەوەن کە چۆن ئاینداران لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەخلاق قۆرغبکەن بۆ ئەوەی لە رێگایەوە مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەن. داهێنانی گوناه و توانای لێبواردن ئەو بنەمایانەن کە نیتچە وەک ئامرازی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ لە لای ئاینەوە بەکاردەهێنرێن. بەڵام چیدی مرۆڤ هێندە چاوبەستراو و توقیونیە.

ئەمرۆ کاتێک سوپای خەلیفە دارستانەکانی کوردستان دەبڕن و دەیدزن، بەهۆی تێکەڵی دین بە سیاسەت لە تورکیای ئەمڕۆ، خەڵکانێکی زۆر نەک هەر بێدەنگن، بەڵکو ڕەوایی پێدەدەن. دیسانەوە بەڵگەیەکی ترە کە دین دژ بە ئەخلاقە. بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان لە میانەی بەرنامەیەکی بەرفراوانی پارتی داد و گەشە پێدانی ئیسلامیدایە، دژ بە مرۆڤ و سروشت و ئاژەڵ و سەرتاپا ژینگە. ئەمە خۆی لە کەمکردنەوەی ئاوی ڕوبارەکان و کوشتنی ژینگەی مرۆیی و ئاژەڵی ملیونان مرۆڤ و ئاژەڵدا خۆی دەبینێتەوە. لە بڕین و دزینی دارستانەکان و بڕینی قوتی خەڵکی ڕەسەنی ئەو جێگایانە.
ئاین کاتێک پلەبەندی لە نێوان بونەوەرەکاندا دروست دەکات و مرۆڤ دەکاتە بونەوەری باڵا و هەموو ئەوانی تر دەبێت بۆی مسەخەربن، لە هەمانکاتدا لە نێوان مرۆڤەکاندا پلەبەندی دروست دەکات، هەرگیز ناتوانێت ببێتە بنەمای ئەخلاقی مرۆیی، بەڵام دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کە ئاین هەمیشە ڕۆڵی دووەمی هەیە، نەک ڕۆڵی سەرەکی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP