دواین هەواڵ

ئەو حەزەتان ناهێتە دی

‌زكری موسا

13/06/2021

ساڵانێكی دوورودرێژە هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان پەكەكە باش دەناسن و، ئاشنای پلان و بیر و ئایدۆلۆجیا و كردەوەی نكۆلیكاری ئەو حزبەن. هەمووان زۆر چاك ئاگاداری ئەوەن، دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و دامودەزگای هەرێم بەشێكی نەگۆڕی سیاسەت و جیهانبینیی پەكەكەی پێكهێناوە.

بەڵام سەیر لەوەدایە هەر كە چەكدارانی پەكەكە دەستیان دایە شەڕفرۆشتن و نانەوەی گرفت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەندێ میدیا و باڵ و لایەنی سیاسیی كوردی خێرا پارتی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە بیر لە شەڕی ناوخۆیی دەكاتەوە یانیش نەخشە بۆ شەڕی كورد و كورد دادەڕێژێت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە پارتی چ پەیوەندییەكی بە ڕەفتاری نابەجێی و شەڕخوازانەی پەكەكەوە هەیە؟

كە ئەمە نەهج و سیاسەتی پەكەكە بێت پارتی چ تاوانێكی هەیە و بۆچی دەبێ بەوە تاوانبار بكرێت كە بیر لە شەڕی ناوخۆی و كوردكوژی دەكاتەوە؟ ئایا پارتی شەڕی دەستپێكردووە یان ئەوە پەكەكەیە كە پێشمەرگەی شەهید كردوون؟

لە هەموو گەڕەكانی دەستپێكردنی شەڕفرۆشی و ئاڵۆزی لە لایەن پەكەكە بە كردەوە زاڵمانەكەی چیای مەتین لە پێنجی حوزەیرانیشەوە، ئەوە چەكدارانی پەكەكە بوونە بێباكانە پێشمەرگەیان شەهید كردووە و هەر ئەوان بوونە هێزەكانی ئاساییشی هەرێمیان كردۆتە ئامانج و كردەوەی ڕفاندنیان ئەنجام داوە. ئەگەر پێشمەرگە و ئەو هێزانەی ئاساییش و پاراستنی هەرێمیان لەسەر شانە و سەر بە دامودەزگەی هەرێمن لە لایەن پەكەكەوە شەهید بكرێن بۆچی نابێ بەرپرسیارێتی بخرێتە سەر شانی پەكەكە و هەر دەبێ پارتی تۆمەتبار بكرێت؟

جێگەی داخە كە لەم چەواشەكاری و ناحەقیەدا بەشێكی یەكێتییش بەشدارە و، ئەگەرچی ڕاستییەكان باش دەزانن بەڵام چاوپۆشی لە دەستدرێژیەكانی پەكەكە دەكەن و بێشەرمانە پارتی بە شەڕی كورد و كورد تۆمەتبار دەكەن. ئەوان و هەندێ لایەنی تریش لەسەر ئەوە ڕاهاتوون كە لەپێناو ئازاردان و نانەوەی گرفت بۆ پارتی هەموو شتێك بكەن و دەست بۆ هەموو جۆرە هەڵوێست و كردەوەیەك ببەن تەنانەت ئەگەر بە زیانی هەرێمی كوردستان و خودی خۆشیان بێت.

لە بەرانبەر شەڕفرۆشی و تاوان و كارە نابەجێكانی پەكەكە لەدژی هەرێمیش بەردەوام لەڕێی موزایەداتەوە پاساو بۆ كردەوە و تاوان و خۆسەپاندنەكانی پەكەكە دەهێننەوە و بەو هەڵوێستەیان بێڕێزی بە خوێنی ئەو پێشمەرگە شەهیدانە دەكەن كە لەسەر خاكی خۆیان لە لایەن پەكەكەوە بە زوڵم شەهید كراون. كە سەیری بەشێك لە مێدیاكانی هەندێ لایەن و تاقمی كوردی دەكەی و موزایەدات و لێدوان و هەڵوێستیان دەبینی ئەو هەستەمان لا دروست دەبێ كە لە دڵەوە حەز بەوە دەكەن پارتی لە كێشە و گرفت و شەڕ تێوەبگڵێندرێت و كاریشی بۆ دەكەن.

ئەوە حەزێكی گڵاو و نانیشتیمانی و قێزەوەنە و ڕادەی بێباكی و نابەرپرسیارێتیان دەخاتە ڕوو و، خەڵكی كوردستانیش لێیان تێگەییشتووە. دەبێ ڕۆژێك بێت بە خۆیان بێنەوە و دەستبەرداری ڕقی كوێرانە لەبەرانبەر پارتی بن و باشیش بزانن ئەو حەزەیان هەرگیز ناهێتە دی كە پارتی تووشی شەڕی كورد و كورد بكرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP