دواین هەواڵ

دینگ شیاو پینگ

‌محەمەد خۆشناو

12/06/2021

جاری وا هەیە، پیاوێک پەیدا دەبێت و دەبێتە هۆکاری رزگارکردنی ملیۆنەها کەس، ئەم پیاوە چی پێ بڵێین! پێغەمبەر، خۆ پێویست نییە یەکێک ئاینێک بێنێت بۆ ئەوەی پێی بڵێن پێغەمبەر. دینگ شیاو پینگ ئەندازیاری بووژانەوەی چین، پێغەمبەرێک بوو هات کیشوەرێکی بووژاندەوە و ملیۆنەها کەسی رزگار کرد و چینی گەیاندە دووەم زلهێزی ئابووریی جیهان.

ئەم پیاوە توانایەکی گەورەی کارگێڕی و ئابووری هەبوو، ئەمە چیکرد، تا دەست و بازووی ئەژدیهای گەیاندە هەموو جیهان؟!

دینگ شیاو پینگ جێگری ماو تسی تۆنگی سەرۆککۆماری چین بوو، لە سەردەمی ماو دا لە سەروی چل ملیۆن کەس لە برسان مردن، پینگ ئەو برسێتی و قاتووقڕییەی بە چاوی خۆی بینی و خۆیشی قوربانییەکی شۆڕشی رۆشنبیری بوو کە ماو دژی ئەندامانی  شۆڕشی چەواشە بەرپای کرد و ئەو پیاوە چەندین ساڵ لە بەندینخانە بوو، نکۆڵی ناکرێت کە ماو بە نیەتێکی باش کاری دەکرد، بەڵام ئەوە هاوڕێیانی هەرێمەکان بوون راپۆرتی هەڵەیان دەدا. ماو و وڵاتیان بەرەو وێرانەیی برد، سەرباری هەموو ئەمانە، ماو دامەزرێنەری چینی نوێیە و رەمزی چینە کە وێنەی لەسەر دراوی چینی دانراوە.

کاتێک لە ساڵی 1976دا ماو مرد، دینگ شیاو پینگ هاتە شوێنی و دەستیکرد بە پێداچوونەوە بە هەڵە و کەموکوڕییەکانی ماو، بە چاکسازی ناوخۆ و کرانەوە بەرەوڕووی دەرەوە دەستیپێکرد، بە هەموو ئەو ئامراز و شێوازانەدا چووەوە کە ماو گرتبوونیەبەر. دەستیکرد بە گۆڕانکاری لەنێو حیزب و بڕیاریدا کە ئیدارەدانی ئابووریی چین لە میانی دامەزراوەکانی حیزب و حکومەت بە پرەنسیپی سەرمایەداری ئابووریی بازاڕ + راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەوە بێت و، ئیدارەدانی ژیانی سیاسیش کۆمۆنیستی بێت و، دەستووری نوێی پەسندکرد و، بیروبۆچوونە کۆنەکان کە لەنێو کۆمەڵگەی چینیدا جێگیر بوون، گۆڕی.

ئەو پیاوە لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا دەستیکرد بە بووژانەوەی چین، لە ساڵی 1978 دا سەردانی سەنگاپووری کرد و بە لی کوان یوی دامەزرێنەری سەنگاپووری گوت، چۆن ئەم وڵاتی مێشوولە و چلپاوەتان گەیاندە ئەوەی ئێستا، سەرۆکی ملیارێک و 300 ملیۆن کەس شەرمی نەکرد داوای لە سەرۆکی ئەو وڵاتە بچووکە کرد کە یارمەتی بدات و ئەزموونی سەنگاپوور بگوازێتەوە چین.

ساڵی 1979 سەردانی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ واشنتۆن گەڕاندەوە و چینی لە گۆشەگیری نێودەوڵەتی دەرچوواند و لە ساڵی 1997 بە دانووستاندنێکی سەرکەوتوو لەگەڵ بەریتانییەکاندا، خەونی هاووڵاتیانی خۆی بە گەڕاندنەوەی هۆنگ کۆنگ بۆ باوەشی چین هێنایەدی، بێ ئەوەی هێنانەدی ئەم خەونە بەچاوی خۆی ببینێت! لەو تەمەنەدا چۆن مرۆڤ بەو پیاوە سەری سەرسام نەبێت، سەرسام بوون لە نیشانەکانی گەنجێتیە، کەسان هەن بە خودی خۆی سەرسامە، ئەمە نیشانەی لەخۆبایی بوونە.

لە گەرمەی جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی و بووژانەوەدا، پینگ بەربەستێک هاتە بەردەمی کە رێگر بوو لە بەردەم هێنانەدی خەونەکانی، ئەویش ئەوە بوو لە مانگی نیسانی 1989 دا خۆپێشاندانێکی کرێکاران و قووتابیان لە چەشنی بەهاری عەرەبی لە پەکین سەری هەڵدا کە ناسراو بوو بە ناڕەزاییەکانی تیانامین- گۆڕەپانی ئاسمانی، ئەو پیاوە رێگەی بەو خۆپێشاندانی نەدا، لە 4-6ـی هەمان ساڵ بە دەبابە لێیدان و خۆپێشاندانەکەی سەرکوتکرد و 241 کەس کوژران، ناوبراو ئەمەی بە بژاردەیەکی بەسیت دانا بەرانبەر ئەوەی کە هەموو وڵات ببێتە قوربانی ئەم ناڕەزاییانە و توانی چارەنووسی ملیارێک و 300 ملیۆن کەس لە بەهاری چینی بپارێزێت و چین بپارێزێت، ئەمەیە کە پێشکەوتن باجی دەوێت.

چیرۆکی ئەم پیاوە شایەنی پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەیە، چیرۆکی سەرکەوتنی وڵاتێک کە برسێتی گیانی ملیۆنەهای دوویبووە و، تا وایلێکرد ببێتە دووەم ئابووریی جیهان و 500 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاری دەرهێنا، نازانم چ بەو پیاوە دەگوترێت؟

پینگ بە هزر و پرەنسیپەکانی ماودا چووەوە چینی گۆڕی و کاتێکیش گۆرباتشۆف بە بیری باو و بڵاوی کۆمۆنیستیدا چووەوە، جیهان گۆڕا، پێداچوونەوە و بەخۆداچوونەوە بوو، دەیان گەل و وڵاتی ئازاد کرد، ئەگەر پێداچوونەوەی ئازایانە پشتگوێ بخەین دەبێتە مایەی تێکدانی خودی ئامانجەکان، ئەوەیە کە ئێستا ئێمەی کورد پێیەوە دەناڵێنین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP