دواین هەواڵ

کوردبوون خەمگینە

‌شێركۆ كرمانج

11/06/2021

دەردی کورد
لەم لەحزەیە لە ڕێگەی گەڕانەوەم بۆ ئوسترالیا لەناو تەیارە کچە وەیترێسێک، موزیفە، ھاتە لام، گوتوی ئەوە چ کتێبێکە دەیخوێنیەوە، عەرەبییە؟ منیش گوتم، نا کوردییە (من لەو لەحزە بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەرم دەخوێنمەوە کە پڕیەتی لە دەرد و ئێش و ئازاری کوردبوون).

گوتی تەماشای بۆردینگ کارتەکانم دەکرد نازناوی ئێوەم دیت نوسرابوو کرمانج! بۆیە ھاتم بپرسم ئێوە کرمانجن؟ گوتم بەڵێ ئێمە کوردین، واتە کرمانج... گوتی من بە ڕەچەڵەک کرمانجم، لە ناوچەی خوڕاسان لە ئێران. گوتی داپیرەم کورمانجی دەزانێ بەس من نا... منیش گوتم، ئێوە لەو کوردانەن کە چەند سەد ساڵێک پێش ئێستا لەناوچەی خۆیی و سەڵماس بەزۆر لە نیشتیمانی خۆتان دوورخراونەتەوە... گوتی بەڵێ داپیرەم باسی دەکات، بەس ئێمە ھیچمان زمانی کورمانجی نازانین.

لەم سەفەرە کە ١٣ سەعاتە، دەیان بەسەرھاتی لەم شێوەیەم لە کتێبەکەی موسا عەنتەر بە کوردی خوێندەوە.

ھەندێک دەڵێن بێدەوڵەتی گرنگ نیەو نەتەوە بێدەوڵەتیش بێت دەمێنێتەوە. ئەم دیدە لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتێکی بەناسێنتڕاڵکراوی وەک سەفەوییەکان⁄قاجارییەکان یان عوسمانییەکان دەکرێت ڕاست بێت، بەڵام لە دەوڵەت نەتەوەی، تاک نەتەوەی، وەک ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق (دۆخی عێراق ھەندێک لەوانی دیکە جیایە لانیکەم ٣٠ ساڵە سەنتڕاڵیزمی لەدەستداوە).

سەدەیەک دەوڵەت نەتەوە بەتەواوی سەلماندویەتی نەتەوە بێدەوڵەتەکان دوومد (doomed)، واتە لەناودەچن.

ئەم کچە ناوی لەیلا بوو، وەک لەیلای خوشکم کە بەناوی لەیلا قاسم کراوە، ئەویش دەردێکی دیکەی کوردبوون، بەڵام ھیچ کوردی، کرمانجی، نەدەزانی، ئەوە نەبێت بەڕەچەڵەک کورمانجن...

لەگەڵ نوسینی ئەم دێڕانە دڵم قوڵپەدا
فرمێسک لەچاوانم ھاتەخوارێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP