دواین هەواڵ

سەرۆکێک ،، ماندووکردن ماندووی ناکا !

‌شیروان تاڵیب

10/06/2021

دوو ساڵە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمە ، ھەرێمێک کە لە گێژاوی کێشمەکێشمێکی ( بێ نەتیجەی ) ناوخۆییدا ، دێت و دەچێت و ھەڵواسراوە ! جا ئیدارەدانی ھەرێمێکی ئاوا ( کە نە شیشی تیدا بسووتێ نە کەباب ) ، وەستای خۆی ئەوێ !

دوو ساڵە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمە ،، سەرۆکێک کە ئەگەر ھەوڵەکانی بۆ سازان بەرھەمێکیشیان نەبووبێ ( کە ھەیبووە ) ، ئەوا خۆ ھیچ نەبێ ڕێگر بووە لە ترازان ! ئاخر لە دۆخێکی وەک ئەوەی کە ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە ، ( نە ) ترازانیش نەک بەرھەمە ، دەستکەوتیشە !

دوو ساڵە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمێکی فیدراڵی ناو عێراقێکی ( بەحساب ) فیدراڵیە ،، عێراقێک کە جارێ ئەوەی پێی بووترێ سیستمی دەوڵەتداری ، خۆی ھەر لە ئەساسدا ئەوەندەی نەبووە تا جێی باس بێ ، ئێ ئەوەیشی کە ھەیبووە ، دەمێکە لەدەستیداوە ! جا ھێشتنەوەی ( مووی مەعاویە ) لەگەڵ دەوڵەتێکی ئاوادا ، بیھێنە بەرچاوی خۆت ، چ زرنگیەکی ئەوێ !

دوو ساڵە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمە ،، ئەو ھەرێمەی کە لەناو چەقی ململانێیەکی بێ ئامانی ئیقلیمی و تەنانەت جیھانیش دا ، نەکەووتوە و ماوە ! ئێ لە ناوچەیەکدا کە ئەوەی ناوی ( ئەخلاق ) بێ لە ھاوکێشە سیاسییەکانیدا نەماوە ، مانەوە بە پێوە و ھەنگاونان بەرەو پێشەوە و لەوانەیش گرنگتر ، نە بەئەملادا بکەوێ نە ئەولا ، ھەر بە قسە خۆشە ، بەبێ حیکمەت ناکرێ !

دوو ساڵە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمە و سەرۆکایەتی دامەزراوەیەکی نیشتیمانی ئەکا ،، دامەزراوەیەک ، ئەوەی ململانێ بێ تێیدا نیە و ئەوەیشی دەنگەدەنگ بێ لێوەی نایە و جگە لەوەی جێیەکە بە حەق نیشتیمانییە و جیاوازییەکانی تێدا کۆبووەتەوە ، جێی کۆبوونەوەی ھەمووانیشە ، چەتری کۆکەرەوەی گشت لایەنەکانیشە ، خاڵی بەیەکگەیاندنی ناکۆکیەکانیشە ، ئاخر کاری ئاوا لەم ھەرێمەدا کە مەگەر خۆمان بزانین تێیدا چ باسە ، بە بیر و ناخی کراوە ، بە سنگێکی فراوان ، بە پشوودرێژی نەبێ ،،، ئەبەد سەرناگرێ !

نێچیرڤان بارزانی نەک لەبەر وەزیفە گشتییەکەی ، بەڵکو بە قەناعەتی شەخسی خۆی ، باوەڕی بە یەکڕیزیە ، ئێ نەک ھەر بۆ دروشمیش ، بگرە بە عەمەل ، لەگەڵ پێکەوەیی ە ،،

ئەو ئەڵێ مادام کوردستان ھی ھەمووانە ، کەواتە ئەبێ ھەمووانیش لە بەڕێوەبردن و پێشخستن و پاراستنیدا بەشداربن و کەس بەلاوە نەنرێ !
ئەو لای وایە پێکەوەیی قەدەرمانە و پێکەوە نەبین نابین ، لایشی وایە ئەگەر کۆنەبینەوە و ڕێکنەکەوین ، ئەکەوین ،، دەی مەگەر وانیە ؟!
جارێک وتی : ئەوەی بەدەستمان ھێناوە بەرھەمی ئاشتی و یەکڕیزییە و لە شەڕ و ناکۆکی ، جگە لە ماڵوێرانی ھیچی ترمان نەچنییەوە ،، باشە ئەمە لێکدانەوەیەکی دەقیق نیە ؟!

وەک سەرۆکێک ، سەراحەتەکەی گەیشتە ڕادەیەک کە بە سەراحەت بە عێراقییەکان بڵێ : ھەردوولامان ھەڵەمان کردووە و وەرن با بە گفتوگۆی جددی ، بە لێکگەیشتی کۆنکریتی ، بە ڕێککەوتن لەسەر چارەسەری ڕیشەیی ، ھەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە و بەرەو ( سفرکێشە ) ھەنگاو بنێین ،، بۆی ھەیە ھەبێ لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نەبێ ، بەڵام ئەی بەدیل چیە ؟!

ئەو بە جورئەتەوە نەک ھەر لە ھەولێر ، بەڵکو لە ھەموو پایتەختەکان بە بەغداشەوە ئەڵێ : تا لە نێوان ھەولێر و بەغدا دا کێشە ھەبێ ، چاوەڕێ مەبن عێراق سەقامگیر بێ ،، ڕاست ئەکا ، مێژووش وا ئەڵێ !

ئەو ڕۆژەش لە کۆنفرانسی ( یەکڕیزی و دەستوور ) ڕوو لە ھەمووان وتی :

با بەھەموومانەوە دەستوورێک دابنێن تا شتێک ھەبێ کۆمانبکاتەوە ، چونکە ئەگەر ھەر ئاوا پەرتەوازە بین ، ئەوەیشی ھەمانە لە دەستی دەدەین ،، من ھیچ ناڵێم ، با قەزاوەتی ئەمەیان بۆ ئێوە بمێنێ !

ئەو ، سیاسییەکی ئارام و سەرکردەیەکی بە سەبر و سەرۆکی ھەرێمێکی ماندووە ، ڕاستە ماندوو ئەکرێ ، بەڵام لەپێناو ئەوەی بۆی ھاتووە و بۆ گەیشتنیش بەوەی دەستی داوەتێ ، بەردەوام ئەبێ ،،،
ماندوو نابێ .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP