دواین هەواڵ

ڕوانگەی ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ١٠ ساڵی داهاتوودا

‌زوبێر ڕەسووڵ

06/06/2021

دۆخی ئێستای جیهان و ڕاستییە بەرجەستەکانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وامان لێ دەکەن گرنگیی زۆرتر بدەین بە ئامادەکاری بۆ دەیەی داهاتوو لە ناوچەکەدا. بۆ ئەم مەبەستە پێدەچێت لە جیاتی پێشبینیکردنی ڕاستەوخۆ، پشتبەستن بە سیناریۆکان بمانگەیەنێت بە دەرەنجامی باشتر.

بەتایبەت قەیرانی پەتای کۆڕۆنا ئەوەی سەلماند کە مرۆڤایەتی ناتوانێت پێشبینیی زۆر دوور بکات؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو تێگەیشتن لە پەنهانییەکانی ئێستایش هەندێک جار هاوشێوەی بەربەستێکن لە بەردەم ئەگەرە سەره‌کییەکانی تایبەت بەو فاکتەرانەی کە ئاییندەیان لەسەر دروست دەبێت؛ ئەمانەیش خەریکن دەکەونە ژێر پرسیارەوە.

لە سەرەتای قەیرانی سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا، دامەزراوە ئابوورییەکانی جیهان پێشبینیی بووژانەوەی ئابووریی جیهانیان دەکرد، بەتایبەت بە پشتبەستن بە وزەی خەملێنراو و پێشبینیکراو؛ کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا لایەنە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕانی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرزی و نزمیدان و ناجێگیرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا چەند توێژەرێک لە پەیمانگه‌ی ئیسڕائیل بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، ده‌ستیان كردووه‌ بە پەرەپێدانی چەند سیناریۆیەک بۆ "ئاییندەی پێشبینیکراو" لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا لە ساڵی ٢٠٣٠ لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە.

ئەم سیناریۆیانەی پێشنیار کراون، ڕێخۆشکەرن بۆ ناسینی ئاییندە، نەک پێشبینی و پێوەر؛ بەو مانەیەی ئامانجی سیناریۆکان ئەوەیە کە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە لەبارەی ئەوەی کە دەکرێت ڕوو بدات، لە بڕی ئەوەی کە ڕوو دەدات، یان ئەوەی کە دەبێت ڕوو بدات. ئەم سیناریۆریانەی کە ئەگەری ڕوودانیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناووه‌ڕاست، لە ڕوانگەی ئەم توێژەرانە دەکرێت لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا کۆیان بکەینەوە:

‌ا/ پاشەکشێکردنی تاکجەمسەری: لێکەوتەی ئەو وەرچەرخانە جیهانییە لە تاکجەمسەرییه‌وه‌ بەرەو دووجەمسەری (ئەمریکا و چین) یان فرەجەمسەری (ئەمریکا، چین و ڕووسیا)، دەکرێت چەند دەرهاوێشتەیەکی لێ بکەوێتەوە، وەکوو: چڕبوونەوەی پێشبرکێ و ململانێی زلهێزەکان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا؛ هەوڵەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئامادەییی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست لە بەرژەوەندیی "جەمسەری ڕووکردن بەرەو ئاسیا"؛ ئامادەییی بەرفراوانی چین لە جیهان (بەتایبەت لە ڕێگه‌ی پڕۆژەکانی بازرگانی و ژێرخان).

ب/ پێشبرکێی هەرێمی: هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست بەردەوام دەبن لە دەستوەردان و کێبڕکێ لە وڵاتانی سیێەمدا؛ لە نێوانیاندا سووریا و لوبنان و یەمەن و لیبیا و وڵاتانی ئەفریقا. لە نێوان ئەو بلۆکەی کە هەوڵی ئەو کێبڕكێیە دەدەن، هاوپەیمانیی ڕادیکاڵی شیعەکانن بە سەرکردایەتیی ئێران، هاوپەیمانیی ئاڕاستە ئیسلامی لە نێوان تورکیا و قەتەر و؛ هەروەها لەگەڵ ئەو جەمسەرەی ئێستا کە لە نێوان سعوودیا و ئیماراتدا هەیە. مەرج نییە ئەم جەمسەرانە هەردەم لە کێبڕكێدا بن؛ لەوانەیە هەندێک جار هاوپەیمانی و هاوکارییشیان لە نێواندا ڕوو بدات.

ج/ گۆڕانی ئایدیۆلۆژی (التقلب الایدولوجی): لەوانەیە زیادبوونی سەرکوتکردنی سیاسی لە ناوچەکه‌دا ببێتە هۆی بەرتەسکبوونەوەی بواری گۆڕانی سیاسی (بێ توندوتیژی)؛ ئەمەیش وا دەکات کە خەڵک پەنا بباتە بەر ئایدیۆلۆژیای ڕادیکاڵتر و توندوتیژتر. هەرچەند ئاراستەی ئیخوانی ئیسلامی بەرەوە بچووکبوونەوە دەڕوات، بەتایبەت دوای لادانی محەمەد مورسی لە میسر لە ساڵی ٢٠١٣، بەڵام لەوانەیە فۆڕمێکی تری ئیسلامی ڕادیکاڵی دەرکەوێت، یان ئاراستەیەکی ئایدیۆلۆژیی تەواو جیاواز لەوەی کە ئێستا هەیە.

د/ بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیا و ئامێری مەترسیدار: لەوانەیە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکكەوتنەکانی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی؛ هەرچەندە بڵاوبوونەوەی ناڕێکخراوی چەکی ئاراستەکراو، بەوردی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی مەترسیی ستراتیژیی نائەتۆمی لە ناوچەکەدا.

ه/ زیادبوونی گوشارە دیمۆگرافییەکان: پێشبینی دەکرێت دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست بە ڕێژەی ٢٠٪ بەرز بێتەوە تا دەگاتە ٥٨١ ملیۆن کەس  تا ساڵی ٢٠٣٠.  بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف لەژێر ناونیشانی " نەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ٢٠٣٠" هەڵاوسانی گەنجان بە هۆکاری زۆربوونی زاوزێ لەم وڵاتانەدا گوشاری زۆرتر لەسەر وڵاتانی ناوچەکە دروست دەکات، ئەگەر ڕێژەی وەبەرهێنان زیاد نەکات (کە پێشناچێت زیاد بکات). ئەمەیش لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی ١١٪ بێکاریی گەنجان و بوونی ٥ ملیۆن منداڵی تر لە دەرەوەی قوتابخانە.

و/  ئاسۆ کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان:  هیچ ئاماژەیەکی دیریکراو نییە وامان لێ بکات گەشبین بین بە کەمبوونی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست کە دەرەنجام بووە هۆی ناڕەزایییە سیاسییەکانی ٢٠١٠ و، دواترتیش بەهاری عەرەبی؛ کەچی تا ئێستایش کورتهێنانێکی مەترسیدار هەیە لەسەرمایەی مرۆیی؛ تا ئێستایش متمانەی خەڵک بە دامەزراوە حکوومییەکان لە پاشەکشەدایە.

نوخبەیەکی دیاریکراو نییە کە پاڵپشتی لە چاکسازیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناوەخۆدا بکات. بۆیە پێشبینی دەکرێت چەندین وڵات بەرەو تێکشکان و شکست بڕۆن لە جیهاندا، کە زۆربەیان دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست. ئەمەیش سەر دەکێشێت بۆ ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری و زیادبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا. ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاڵینگاریی زۆر دەبنەوە لە تێپەڕاندنی قەیرانی کۆڤید ١٩ کە زیانێکی زۆری لە پیشەسازییە سەرەکییەکان داوە. لە دوای هەرەسهێنانی نرخی نەوت لە نیسانی ٢٠٢٠، ته‌نانه‌ت وڵاتە نەوتییەکانیش ناچارن پشت بە بازاڕی هەڵبەز و دابەزی نەوت ببەستن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەم وڵاتانە دەتوانن هەوسەنگی لە بوودجەی ساڵانەیان بکه‌ن یان نا؟
ز/ کێشە ژینگەیییەکان: لەوانەیە گۆڕانی کەشوهەوا ببێتە هۆی کەمیی ئاو لە ناوچەیەک کە خۆی لە بنەڕەتدا هەژارە لە ئاو، کەمیی خۆراک، زیادبوونی کێشەی پەنابەران، کە لەوانەیە وا بکات هەندێک ناوچەی کەنداوی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٥٠ هەر بۆ ژیان نەشێن.

ح/ گۆڕانی خێرای تەکنەلۆژیا: پێشکەوتنی هۆکارەکانی وەک زیرەکیی دەستکرد، دواجار ڕێگه‌ بۆ سیسته‌مە ستەمکار و دەسەڵاتگەراکان خۆش دەکات کە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ژیانی تایبەتی خەڵک، سوودی زۆری لێ ببینن. ئەوەی پێی دەگوترێت "ستەمکاریی دیجیتاڵی"، دەبێتە هۆی زیادبوونی سیسته‌می ئامێری و بەکارهێنانی لە گۆڕەپانەکانی جەنگ لە ئاییندەدا. 

ئەو دوو گۆڕاوەی کە توێژەرەکان بۆ کێشانی وێنەی چەند ساڵی ئاییندە بەکاریان هێناوە، لە دوو گۆڕاو پێک دێت:

١/ ئامادەییی وڵاتە یەکگرتووەكانی ئەمریکا بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی بەهێزتر و کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- لە نێوانیاندا وەبەرهێنان لە ماددە و توانا مرۆیییەکان و سەرمایه‌گوزاریی سیاسی بۆ پشتگیریکردن لە هاوپەیمانەکانی و، هەروەها ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانەی دەبنە مایەی ناسەقامگیری. ئەم گۆڕاوە وابەستەی توندی چەند فاکتەرێکە: ا) ئایینده‌ی کێبركێى زلهێزەکان لە نێوان هێزە هەرێمییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ب) ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، ج) بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.

٢/ سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئاستێکی زۆر پشت دەبەستێت بە د) گوشاری دیمۆگرافی و) ئاسۆی ئابووری ز) کێشە ژینگەیییەکان، ح) گۆڕانی خێرای تەکنەلۆژی. هەروەها دابەزینی نرخی نەوت گوشاری زۆر لەسەر وڵاتانی ناوچەکە دروست دەکات کە دواجار ئەگەری هەیە سەر بکێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و ڕژێمە سیاسییەکانی ناوچەکە؛ ئەمە سەرەڕای لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا کە گوشاری زۆرتر دەخاتە سەر دەوڵەتەکان و دواجار سەر دەکێسیت بۆ ناسەقامگیریی زیاتری وڵاتانی ناوچەکە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە. ئەمەیش دەبێتە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی هاوپەیمانێتییە هەرێمییەکانی وڵاتانی ناوچەکە.

دەرەنجام و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

لە دە ساڵی داهاتوودا کێشە سیاسی و ئابووری و ژینگەیییەکانی زیاتر دەبن نەک کەمتر، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست کە بەشێکی زۆری وڵاتان بەرگەی ئەو گۆڕانە خێرایەی تەکنەلۆژیا و ئاڵینگارییە سیاسی و ئابوورییەکان ناگرن و، خۆشیان ئامادە نەکردووە بۆ دۆخێکی لەو شێوەیه‌. هەڵاوسانی ڕێژەی گەنجانی بێکار، یەكێک دەبێت لە فاکتەرە هەرە مەترسیدارەکان لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتانە؛ هەروەها لەسەر نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدار.

ئەگەری زۆرە هەڵاوسانی ڕێژەی گەنجی بێکار شەپۆلێکی تری هاوشێوەی بەهارێکی عەڕەبی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێ بکەویتەوە. ‌هەڵبەتە ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش دروستە؛ هەمان مەترسی لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و ژینگەیی هەیە؛ بە شێوەیەک بۆ هەرێمی کوردستان  دۆخەکە سەختتریش دەبێت، چونکە ئێمە چوارچێوەی سەروەریی نێو دەوڵەتیشمان نییە تا لە هەژموونی وڵاتانی هەرێمی، بەتایبەت تورکیا و ئێران و عێراقیش بمانپارێزێت.

بۆیە هەرێمی کوردستان تا زووە، دەبێت بکەوێتە خۆ و کار لەسەر بەهێزکردن و بنیاتناوەی هەرێمی کوردستان لە ناوەخۆدا بکات، بەتایبەت لە ڕووی بەهێزکردنی دامەزراوە سیاسی و ئابووری و یاسایییەکانمان. ئەمەیش پێویستی بە هەماهەنگی و تەنازولکردن بۆ بەشێك لە هێزە کوردییەکان هەیە، بەتایبەت ڕێکكەوتنی کۆنکرێتی لەگەڵ "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" بۆ ئەوەی هێزە هەرێمییەکان و عێراقیش زەفەر بە خاڵە لاوازەکانمان نەبەن.

پرسی هەرە گرنگ لێرەدا، ئەنجامدانی چاکسازییە لەسەر ئاستی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەبێ بەغدا لەسەر پێی خۆی بوەستێت. دۆخی سیاسیی بەغدا پێمان دەڵێت کە، نابێت چاوەرێی هیچ ئومێدێک بکەین لە عێراق، چونکە دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکانی دەوڵەتی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەردەم هەژموونی میلیشیا و هێزه‌ شیعییەکان لە پاشەکشەدان، کە ئەمانە لە ئاییندەدا زەنگی مەترسین بۆ سەر هەموو پێکهاتەکانی عێراق. بۆیە تا زووە هەرێمی کوردستان دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ خۆپاراستن لەو ئاگرە گەورەیەی کە لە عێراقدا ڕۆژ بە ڕۆژ بڵیسەکانی دەردەکەون.  

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP