دواین هەواڵ

نزیک بونەوە لە لۆزان

‌ سەردەشت محەمەد

31/05/2021

 ئەگەرچی هێشتا نزیکەی دوو ساڵ ماوە بۆ گەیشتن بە یادی سەدساڵەی پەیمانی لۆزان، ئەو پەیمانەی کە لە ٢٤ ی تەموزی ١٩٢٣ دا بەسترا و بو بە پەیمانێکی شوم بۆ نەتەوەیەکی دابەشکراوی وەک کورد و تاوەکو ئێستاش کورد باجی دەرئەنجامەکانی ئەو پەیمانە مۆرکراوەی نێوان دەوڵەتی عوسمانی کە دۆڕاوی جەنگی جیهانی یەکەم و هەروەها براوەی ئەوجەنگەیە کە پێک دەهات،

لەهەریەک لە وڵاتانی، بەریتانیا و فەرەنساو ئیتالیا، کە بەچەند بڕیارێک کۆتایی هێنا بەوخەونەی گەلی کورد کە پێدەچوو لە پەیمانی سیڤەردا کە پەیمانێک سێ ساڵ بەرلە پەیمانی لۆزان، بەسترا بێتەدی واتە پەیمانی سیڤەر، کە لە ١٠ ئابی ساڵی ١٩٢٠ لە نێوان عوسمانیەکان و دەوڵەتە هاوپەیمانەکاندا مۆرکرا، سێ بەندی تیابوو کەباسی لەمافەکانی گەلی کورد دەکرد، کەئەوانیش بەندی ( ٦٢ ٦٣ ٦٤ ) ٭ لەبەندی ٦٢ دا ئاماژە بەوەکرابو کە لیژنەیەک لەسێ ئەندام کە لەلایەن حکومەتەکانی بەریتانیا و فەرەنساو ئیتالیا دەست نیشان دەکرێن،

بەمەبەستی ئامادەکردنی فەرمانڕەوایی خۆیی ئۆتۆنۆمی، لەماوەی شەش مانگدا بۆ ئەو ناوچە کوردیانەی دەکەونە نێوان، ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات و باشوری سنوری ئەرمینیاو باکوری سوریاو عێراق ٭ لەبەندی ٦٣ دەڵێت :حکومەتی عوسمانی دەبێت بەڵێن بدات بڕیارەکانی ئەو لیژنەیەی کە لەبەندی (٦٢) هاتووە جێ بەجێبکات. ٭ بەندی ٦٤ ئاماژە بەوە دەکات، کە کوردانی ئەوناوچانەی کە لە بەندی ٦٢ دا سنوریان دیاری کراوە، ماوەی سێ مانگ لەمێژوی ئاگادارکردنەوە و ماوەی ساڵێک لەمێژوی مۆرکردنی پەیمانەکە، ئەگەر زۆرینەیان بیانەوێ سەربەخۆبن، بەمەرجێک کۆمەڵەی نەتەوەکان بگات بەو باوەڕە کەشیاوی سەربەخۆین ، ئەوا سەربەخۆییان پێدەدرێت،

بەڵام هەوڵەکانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ پێداچونەوەی وڵاتەهاوپەیمانەکان بۆئەوەی پاشگەزببنەوە لەو بڕیارانە بەجۆرێک بو تادواجار پەیمانی لۆزانی بەدوای خۆیدا هێنا پەیمانێک کە تێیدا کورد لەسەرجەم مافەکانی بێبەشکراو تەنها لە هەردو بەندی ٣٨ و ٣٩ دا نەبێت، کە باس لەوە دەکات تورکیا ئازادی دەدات بەدانیشتوانی تورکیا بەبێ جیاوازی کردن لەنێوان زمان و ڕەگەز و تەمەن و ئاین و بیروباوەڕدا، کەبەداخەوە تورکیا بەرامبەر بە کورد ئەو مادانەشی پشتگوێ خست،

بەتەنها هەوڵی عوسمانییەکان بەس نەبون بۆئەوەی کە کورد لەوماف و دەستکەوتانەی کە لەسیڤەردا بەدەستی دەهێنا بێبەش بکرێت، بەڵکو بێدەربەستی هێزەهاوپەیمانیەکان و گرنگی نەدان بەنەتەوەیەکی ماف خوراوی وەک کورد و هەروەها بێئاگایی کورد لەم گەمە سیاسییەی نێوان عوسمانیەکان و هاوپەیمانەکان هۆکاری سەرەکی ئەم پاشگەزبونەوە و پەراوێزخستنەی کوردبون،

ئێستاو دوایی تێپەڕینی ٩٨ ساڵ بەسەر ئەم پەیماننامەیەدا جارێکی دیکە قسەکانی، جێنین پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستور کەلەچەند ڕۆژی ڕبردودا لەهەولێر سازکرا و تێیدا ناوبراو لەبەردەم بەرپرسانی باڵای هەرێم و کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا بە ڕاشکاوانەو بێ دودڵی وتی: وامەزانن قەوارەیی هەرێمی کوردستان هەمیشە بەمسۆگەری دەمێنێتەوە، ئەمە زەنگێک بوو بۆ بەئاگاهێنانەوەی نەک بەتەنها سیاسەکانی هەرێم،

بەڵکو بۆتەواوی کۆمەڵگای کوردی کە ئێمە هەمیشە دەبێت چاوەڕوانی بەستنی پەیمانێکی دیکەی هاوشێوەی پەیمانی لۆزان بین و دەبێت خۆمان ئامادەکردبێت بۆ پەراوێزخستنێکی دیکە لەلایەن وڵاتە زلهێز و خاوەن بڕیارەکانی دونیاوە کە ڕەنگە جارێکی دیکە بێدەربەستی سیاسیەکانی هەرێم و بێئاگاییان لەوەی چی لەناوچەکەدا ڕودەدات و بێخەم لەداڕشتنەوەی پلانێکی تۆکمە بۆ ئێستاو ئایندەمان دوچاری وەها پەیمانێکی تربکرێن کە ڕەنگە بۆ ئەمجارەیان باجی ئەم پەراوێزخستنە زۆر مەترسیدارتر و خراپتربێت،

بۆیە لێرەدا جگە لەسیاسیەکان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورەو مێژوی دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆشنبیران و نوسەران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا کە دەبێت بەدرێژای ئەم چەندین مانگەی کەماوە بۆ گەیشتن بەیادی سەدساڵەی پەیمانی لۆزان دەبێت خوێندنەوەی زیاتر بۆ ئەم پرسەبکرێت و گوشاری جدی لەسەر سیاسیەکانی هەرێم دروست بکرێت بۆ یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و ڕزگارکردنی کۆمەڵگایی کوردی لەم هەمو قەیرانە دروست کراوانەی کە خەڵکی کوردستانی تێکەوتووە،

ئەوەش تەنها بۆ بەرژەوەندی دەستەو تاقم و گروپێکی دیاری کراو کەدواجار کۆی کۆمەڵگا باجی ئەم ململانێ نێوخۆیانەدەدات نابێت ڕۆشنبیران و نوسەران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەکوردستاندا هەروا دەستەوەستانبن تائەوکاتەی کە ڕوداوەکان تێدەپەڕن و دواجار هەرلایەک لایەکی دیکە تۆمەتباردەکات و ئەوکات تۆمەتبەخشینەوەش جگە لەدوبارە دابەشبونەوە و دروستکردنی بەرەی دژبەیەک هیچی دیکەی لێ دروست نابێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP