دواین هەواڵ

ئایا حەشدی شەعبی میلیشیایە!؟

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

30/05/2021

حەشدی شەعبی ئیتر ترسی لەوە نییە پەڕوباڵی بکەن و لە بەرژەوەندیەکانیان بدرێت، جومگە هەستیارەکانی دەوڵەت و شەقام لە دەستی خۆیاندایە بەدامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانەوە.ئەم گوشارو نمایشە سەربازیانە بۆ دەستخستنی ئۆفەری زیاترە لە داهاتوودا.

 حەشد هێزێک نییە پێی بوترێت میلیشیات بەڵکو فۆڕمێکە لە مومارەسەی دەوڵەتی جەبریی و عەسکەریی، بە دیاریکراویی دەیانەوێت بزانن ئۆفەری سەرەک وەزیرانی داهاتوو بۆ حەشدی شەعبی و ئەقتاب و ئەقرەباکانیان چییەو چۆنەو هەمبانەکە چی تێدایە بۆیان؟ ئەگەرچی لە ٢٠١٦ ەوە یاسایان بۆ دەرکراوەو خاوەنی بودجەی خەیاڵی و موچەی بەرزو پاڵاوگەو بیرە نەوت و دەروازەی گومرگین.

ئەگەر مستەفا کازمی بمێنێتەوە لە دوای هەڵبژاردنەکان ئەوا شێوەیەکە لە سەپاندنی ئیقامەی جەبریی و ئەکتەرێکی گوێڕایەڵ دەبێت، ئەوکات بێگومان حەشد براوەیەو ئەجێنداکەی تەواو جێگیر دەکات و تاپۆی دەوڵەتە مەزهەبیەکەش دەخاتە گیرفانی و کۆپییەکی تری وەک ئێران دروست دەکەن، جگە لەوەی مەرجەعیەتی سیستانی لاوازو بێ چالاکی دەکەن بەرامبەر مەرجەعیەتی قوم و ئەو کەمە ئازادی و فرەڕەنگیەش ناهێڵن.

هەرێمی کوردستان دەبێ لە ئێستاوە مشوری ئەو ئاڵنگاریانە بخوات و بە هیچ بەڵێن و زمانێکی دیبلۆماسی لووس تەفرە نەخوات، چونکە شتێک نییە لە خەیاڵدان و ئەجێندای حەشدو لیواو کەتائیبەکانی فەتح و نوجەباو حیزبوڵاو ڕەبعەڵاو عەسائیبی ئەهلی حەق و دەیان گروپ و فیرقەکان، کە باوەڕیان بە فیدڕاڵیەت و دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو فرە ڕەنگی هەبێت، هەڵبژاردنیش بەڕێکردنی کات و سیناریۆیە بۆ پڕۆژەی جەهەنمی گەورەو نهێنی ئەگەر سیناریۆو موفاجەئاتی نێودەوڵەتی ڕێگریی نەکات و نەیەتە پێش.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP